٤٦٪ی ژنانی هاوژیندارلە ئەفغانستان تووشی توندوتیژی جەستەیی دەبن.
نوێنەرایەتی بەریتانیا لە ئەفغانستان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە ٤٦٪ی ژنانی ئەفغانی هاوسەرگیریان کردووە تووشی توندوتیژی بوون، جەختیشی لەسەر پێویستی دەستێوەردانی جددی لەسەر ئاستی کولتووری و یاسایی و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەفغانستان شایەتی دابەزینی بەرچاوی پێگەی ژنانی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی وەرگرتەوە و سنووردارکردنی توندی بەسەر ژناندا سەپاند و لە بوارە جیاوازەکاندا پەراوێزی خستن، ئەمڕۆ ژنان ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە دەبنەوە کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانیان دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی تووشی توندوتیژی و جیاکاری سیستماتیکی دەبن.
دوێنێ ١٣ی ئایار، نوێنەرایەتی بەریتانیا لە ئەفغانستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ژنانی هاوژیندار لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی و سۆزداری دەبنەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ٤٦٪ی ژنانی هاوژیندار لە ئەفغانستان تووشی توندوتیژی جەستەیی دەبن، لەسەدا 34ی ژنانی هاوسەرگیری ئەفغانی تووشی دەستدرێژی سۆزداری دەبن، ٦٪ی دیکەش ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە گرنگە دەکاتەوە کە پیاوان دەیگێڕن لە کۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە مانگی ئابی ٢٠٢١، وڵاتەکە چووەتە قۆناغێکی پاشەکشەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە ژنان و ماف و ئازادییەکانیان لە دیارترین قوربانییەکانیدان. حکومەتی نوێ نەک هەر بەڵێنەکانی سەرەتایی خۆی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ پێشێل کرد، بەڵکو ئەو سیاسەتەنای جێبەجێ کرد کە ڕاستەوخۆ و سیستماتیکی ژنانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئابووری دوورخستەوە.
هەندێک لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی سنووردارکردنی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە بریتین لە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە دوای پۆلی شەشەم، سنووردارکردنی توندی دامەزراندنی ژنان لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان، سەپاندنی حیجابی ناچاری و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ پارک و یانەکان و تەنانەت هەندێک ناوەندی پزیشکی.
ئەم ڕێوشوێنانە نەک تەنها پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، بەڵکو بووەتە هۆی دوورخستنەوەی نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان لە پرۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە.
ئابوریناسان هۆشدارییان داوە کە دوورخستنەوەی ژنان لە بوارە سەرەکییەکان دەرئەنجامی ئابووری و پەروەردەیی و دەروونی درێژخایەنی بۆ کۆمەڵگە هەیە، ئەمەش سوڕی هەژاری و توندوتیژی قووڵتر دەکاتەوە. هەروەها بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێکاریگەری میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئەفغانستان دۆخەکەی خراپتر کردووە.