١٦%ی دانیشتووان ئەم زستانە لە غەززە ڕووبەڕووی برسێتی کارەساتبار دەبنەوە

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، دابەزینی بەرچاوی داهاتی هاوکارییەکانی ئەم دواییە، توانای خێزانەکان بۆ پەیداکردنی خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە کارەساتێکی مرۆیی بێوێنەی لێکەوتەوە کە دانیشتووان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە برسێتی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان، هەروەها ئاوارەبوون.

 

لە هەڵسەنگاندنێکدا کە دوێنێ ١٧ی تشرینی یەکەم لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە دوای کەمبوونەوەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان کە دەچنە ناو کەرتی غەززە، نزیکەی ٣٤٥ هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە لەم زستانەدا ڕووبەڕووی برسێتی "کارەساتبار" دەبنەوە ئەمەش هۆشداری دەدات لە مەترسی برسێتی بە درێژایی ئەو بابەتە.

 

هەڵسەنگاندنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بەو ١٣٣ هەزار کەسە هاتووە کە ئێستا وەک تووشبوو بە "نائاسایشی خۆراکی کارەساتبار" پۆلێنکراون، و پۆلێنبەندی کاتی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک "IPC" ئاماژەی بەوە کردووە زیادبوونی یارمەتییە مرۆییەکان لە ماوەی هاویندا تا ڕادەیەک ئازارەکانی دانیشتوانی کەرتی غەززە کەمکردەوە، بەڵام مانگی ئەیلوول بڕێکی کەمتر لە هاوکارییەکان تۆمارکرا.

 

لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەدا پێدەچێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی کارەساتبار دەبنەوە (قۆناغی پێنجەم لە پۆلێنکردنی کاتی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک) لە نێوان تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ تا نیسانی ٢٠٢٥ بگاتە ٣٤٥ هەزار کەس، کە یەکسانە بە  ١٦%ی دانیشتووان.

 

پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا نزیکەی ٦٠ هەزار حاڵەتی بەدخۆراکی لەناو منداڵانی تەمەن نێوان شەش بۆ چوار ساڵدا تۆمار بکرێت.

 

 پێشتر کۆمیساریای گشتیی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین "UNRWA" هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی برسێتی لە کەرتی فەڵەستین، کە بەشێکی زۆری لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە وێران بووە.