"ڕۆژی کرێکاران ڕۆژی تێکۆشانە بۆ کرێکارانی جیهان"

ئەو ژنانەی لە دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن، جەختیان لەوە کردەوە ڕۆژی جیهانی کرێکاران بۆ ئەوان ڕۆژێکی گرنگە، چونکە ئەمە پێزانینێکە بۆ هەوڵەکانیان و دەرفەتێکە بۆ داواکردنی مافەکانیان.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- ڕۆژی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، کە لە ساڵی ١٨٨٦ دامەزرا دوای ئەوەی ٨ سەندیکای کەنەدی و ئەمریکی لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ مانگرتنێکی گشتی بۆ ناچارکردنی سەرمایەداران بۆ جێبەجێکردنی یاسای کار بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر، بەم شێوەیە بوو بە جەژنێک بۆیان.

 

ژنان لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە گشتی لە جیهاندا گرنگییەکی گەورە بەو ڕۆژە دەدەن چونکە ئەوانیش کار دەکەن و هەوڵێکی گەورە دەدەن بۆ خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەیان و منداڵەکانیان بەخێو دەکەن و پێداویستییەکانی ماڵەکانیان دابین دەکەن.

 

"١ی ئایار، ڕۆژێکە بۆ ژنانی کرێکار"

هەدلە حەسەن، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ناوچەی فورات وتی: ١ی ئایار ڕۆژێکە بۆ پیرۆزبایی لە هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ وڵاتەکەیان و کۆمەڵگەکەیان کار دەکەن، ڕۆژی جیهانی کار بۆ ژنان زۆر گرنگە، چونکە ڕۆژێکە بۆ هەر ژنێک کە بۆ کۆمەڵگەکەی و ماڵەکەی و منداڵەکانی کار دەکات بۆ داهاتوویەکی باشتر، ڕۆژی کرێکارانی جیهانی سوپاسێکی سادەیە بۆ ئەو ژنانەی لە کاتژمێرە زووەکانی بەیانیەوە تا شەو لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کار دەکەن.

 

وتیشی: هەمیشە مافی کرێکاران لەبیرکراون و پەراوێزخراون، بۆیە پێویستە ڕۆژێکی تایبەت هەبێت جگە لەو ڕاستییەی کە ١ی ئایار ڕێزگرتنێکە بۆ هەوڵەکانیان، هەروەها ڕۆژی خەبات و ئازادی و دیموکراسی و یەکسانییە، ڕۆژی ١ی ئایار ڕۆژێکە بۆ بەرگریکردن و داواکاری کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا.

 

"دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان ئەوەیە کە توانیویانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کار بکەن"

سەمیرە ئەحمەد، بەڕێوەبەری ماڵی ژنان لە فورات وتی: ١ی ئایار ڕۆژێکی گرنگە بۆ ژنان، چونکە بەدرێژایی مێژوو ژنان بە کار و هەوڵەکانیان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵداری و کارە جۆراوجۆرەکانی دیکە ناسراون و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان ئەوەیە کە توانیویانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کار بکەن بۆ بونیادنانی کۆمەڵگە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زۆرترین قسەی لەسەر یەکسانی و دادپەروەری لەناو کۆمەڵگەدا کردووە لە نێوان ڕەگەزەکان و گروپە جیاوازەکاندا و بە بیری خۆی تێکۆشاوە بۆ لەناوبردنی ئەو ئایدۆلۆژیا دەسەڵاتدارییەی کە خەڵکی دابەش کردووە بەسەر چینەکاندا.

 

"ڕۆژی بەرخۆدان"

ئاڤاشین مستۆ، هاوسەرۆکی دەستەی وەرزش و لاوان لە فورات، ئاڤاشین میستۆ، وتی: ئەم ڕۆژە ڕۆژی بەرخۆدانە بۆ کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام بۆ ئێمە ڕۆژێکە بۆ ئەو ژنە زەحمەتکێشەی کە بە هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵ پێشەنگایەتی شۆڕشی کردووە و بەشداری لە بەڕێوەبردنی هەرێمەکانماندا کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ناساندنی کرێکاران بە ڕۆڵی خۆیان لە سەرانسەری جیهاندا لە ڕێگەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ، کە ڕۆڵی ڕاستەقینەی هەر کرێکارێک و بە بیری ئازاد سەلماندووە.