مۆڵەتی دایکایەتی؛ یاسایەکی پەراوێزخراوی سیستمەکان

پارێزەرێک دەڵێت: باوکانیش دەبێت بەرپرسیارێتی بەشە ئەرکی خۆیان هەڵبگرن و وەک دایکان مۆڵەت وەربگرن یاخود هاوبەشی بکەن لە چاودێری کردنی منداڵدا تا دایک بتوانێت ئەرکی دایکایەتی و ئابووری هاوسەنگ بکات و لە هیچیان بێبەش نەبێت.

سلێمانی

 

مۆڵەتی دایکایەتی یەکێکە لەو گرفتە چارەسەرنەبووانەی تاوەکو ئێستاش لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان باسی لێوە دەکرێت و تا ڕادەیەک ئاراستەکەشی بەرەودوا دەڕوات، لە هەرێمی کوردستاندا یاسای مۆڵەتی دایکایەتی ٦ مانگ مۆڵەتە بە مووچەی تەواو و ٦ مانگی تر مۆڵەتە بە نیو مووچە، بەهۆی ئەوەی سیستمی سەرمایەداری چاوبرسیانە هەمیشە بەرەو سەرمایەی زیاتر ڕادەکات و هەوڵ دەدات تاکەکانی کۆمەڵگە بە ئاراستەی سوودی خۆی بجوڵێنێت، بۆ ئەمەش فشار هێنان بۆ سەر دایکان کە مۆڵەت وەرنەگرن یاخود کەم کردنەوەی دەرفەتی کار کردن بۆ ژنانی دووگیان، لەو هەنگاوانەن کە سیستمەکە گرتوویەتیە بەر بۆ مەرامی تایبەتی خۆی.

 

"یاساکان هەن بەڵام جێبەجێ ناکرێن"

نیگار عومەر، پارێزەر، سەبارەت بە یاسای مۆڵەتی دایکایەتی وتی: مۆڵەتی دایکایەتی وەک هەر مۆڵەتێکی تر خراوەتە چوارچێوەی یاسایەکەوە، بەڵام لە جێبەجێ کردندا پەیڕەو ناکرێت. واتا لە ڕێگای فشاری دەروونی و کۆمەڵێک مەرجەوە ژنان بێبەش دەبن یاخود پاشەکشە دەکەن لە مۆڵەتی دایکایەتی لە کەرتە گشتی و کەرتە تایبەتەکانیشدا، ئەمەش وایان لێ دەکات کە تەنها ٧٢ ڕۆژ پێش لەدایکبوونی منداڵەکە مۆڵەت وەربگرن. هەرچەندە یاساکە وەکو دەق بوونی هەیە، بەڵام کە دێتە سەر جێبەجێکردن بەڕێوەبەر و خاوەن کارەکان چەندەها ڕێگا بەکاردەهێنن بۆ نەدانی مۆڵەتەکە، وەک تازەنەکردنەوەی گرێبەست و گواستنەوەیان دوای مۆڵەتەکە و پەسەند نەکردنیان بۆ کارەکە، لە کاتێکدا ژنان لە دووگیانیدا هەوڵی کار دۆزینەوە دەدەن.

 

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، "ئەمانە و زیاتر ژنان هان دەدەن کە فشارێکی جەستەیی و دەروونی زیاتر بخەنە سەر خۆیان و لە دوای هەبوونی منداڵ زوو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، یاخود لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە منداڵەکانیان بە دایەنگە یاخود دایەنی تایبەت بسپێرن، کە ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی باوانێتی لەلای ئەم منداڵە دروست دەکات و کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پەروەردەکەی دەبێت".

 

"پیاوانیش وەک ژنان بەشە ئەرکیان هەیە لە باوانیتیدا"

نیگار عومەر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە خودی ئەم یاسای مۆڵەتی دایکایەتیەش پێشێلکردنی مافی ژنە و بەستنەوەی ئەرکی منداڵ بە پشتی دایکەوە بەتەنها، بەردەوامیدانە بە نایەکسانی، هەروەها لە بارەی زیادکردنی یاسایەک کە باوکانیش بخاتە ناو چوارچێوەی وەرگرتنی مۆڵەتی باوکایەتی وتی: باوکانیش دەبێت بەرپرسیارێتی بەشە ئەرکی خۆیان هەڵبگرن، وەک دایکان مۆڵەت وەربگرن، یاخود هاوبەشی بکەن لە چاودێریکردنی منداڵدا تا دایک بتوانێت ئەرکی دایکایەتی و ئابووری هاوسەنگ بکات و لە هیچیان بێ بەش نەبێت، پێویستە ئەو توانایەش بۆ کۆمەڵگە دروست بکرێت کە ئەو باوکانە پەسەند بکات، ئەرکی باوکایەتی خۆیان لە چاودێریکردن و پەروەردە کردن و خزمەتکردنی منداڵەکانیاندا بەجێدەگەیەنن، واتا کەشوهەوایەکی وا بنیاد بنرێت کە باوکەکەش هاوبەش بێت لە بەخێوکردنی منداڵدا.

 

لە کۆتایشدا وتی: زۆر گرنگە پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندن و کۆی هەموو ئەو لایەنانەی کاریگەریان هەیە لەسەر کۆمەڵگە، بەرچاوڕوونی دروست بکەن، چونکە پێش دروستکردنی یاساکە دەبێت ئامادەباشی خەڵک کاری لەسەر بکرێت، کە باوکیش بکرێتە سەرچاوەیەک نەک هەر دایکەکە پنتی سەرەکی بێت بۆ بەخێوکردنی منداڵ.