ئەمینا عومەر: بڕیارنامەی ١٣ گرنگە بەڵام بەس نییە
ئەمینا عومەر، پارێزەرو ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: لە دەستووری نوێی سووریادا، مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد مەرجە و پێویستە بە شێوەیەکی فەرمی بکەونە ژێر زەمینەی مسۆگەرییەوە.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ – لە قۆناغی بونیادنانی سووریای نوێدا، مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە لایەن یاسایی و دەستوورییەوە، یەکێکە لە بابەتە بنەڕەتییەکان کە پێویستی بە چارەسەرێکی دادپەروەرانەو بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی مافە نەتەوەیی، زمانی و کولتوورییەکانی گەلی کورد بپارێزرێن، پێویستە لە دەستووری بنەڕەتیدا بە شێوەیەکی ڕوون بناسرێن و بە یاساکان جێبەجێ بکرێن، تاوەکو مافەکانی گەلی کورد تەنها لە چوارچێوەی بەڵێنە سیاسییەکاندا نەبن، بەڵکو ببن بە بەشێک لە بنەمای یاسایی و دەستووریی دەوڵەتی سووریا.
ئەمینا عومەر، پارێزەرو ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرمانی دایەوە و گرنگی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردی لە چوارچێوەی دەستووریدا هەڵسەنگاند.
لە دەستووری نوێی سووریادا، بۆ ئەوەی مافە دەستووری و فەرمییەکانی گەلی کورد نەبنە بابەتی دانوستانە سیاسییەکان پێویستە چۆن مسۆگەر بکرێن؟
لە مێژووی درێژخایەنی سووریادا، ئەمە یەکەم جارە کە بە شێوەیەکی فەرمی گەلی کورد وەک پێکھاتەیەکی ڕەسەن لە سەر خاکی مێژوویی خۆی دەناسرێت، ئەم ناساندنە لە بڕیارنامەی ١٣هەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لە لایەن حکومەتی کاتییەوە ئەنجام درا.
ئێمە وەک گەلی کورد، بڕیارنامەی ١٣هەم بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەنرخێنین، لەبەر ئەوەی حکومەتە پێشووەکان مافەکانی گەلی کوردیان ڕەت دەکردەوە و سیاسەتی نکۆڵیکردنیان لە دژی ناسنامە، زمان و کولتووری کوردی بەڕێوە دەبرد، بەڵام سەرەڕای گرنگیی ئەم هەنگاوە، لە بڕیارنامەکەدا کەمکوڕیی جدی هەن و تەنها ناساندنی فەرمی ناتوانێت مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی بەردەوام مسۆگەر بکات.
ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە کە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بە شێوەیەکی ڕوون دیاری کرێن، .افی خوێندن بە زمانی دایک، پاراستن و گەشەپێدانی کولتووری کوردی، هەروەها بەشداریی سیاسیی ڕاستەقینە و هاوبەشیی گەلی کورد لە بونیادنانی داهاتووی سووریادا، پێویستە وەکو مافی بنەڕەتی مسۆگەر بکرێن.
ئەگەر هەنگاوی جدی و پراکتیکی نەنرێن و مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییدا مسۆگەر نەکرێن، ناساندنی فەرمی لە ئاستی گفتوگۆدا دەمێنێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە بواری زمان، کولتوور، ناسنامە و بەشداریی سیاسییدا بە شێوەیەکی ڕوون لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێن.
*بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، زمان و کولتووری گەلی کورد، پێویستە کام ماف و زەمینەی یاسایی لە دەستووردا دیاری کرێن؟
بابەتی مافەکانی گەلی کورد، لە بوارەکانی کولتووری، سیاسی و زمانیدا، بابەتێکی یەکگرتووە و هەموویان بەیەکەوە پەیوەستن، لەبەر ئەمە، پێویستە گەلی کورد لە هەموو دەزگا و دامەزراوەکانی سووریادا خاوەن پێگە و ڕۆڵێکی چالاک بێت، هەروەها پێویستە کورد بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بەشداریی دامەزراوە دادوەرییەکان و ئەنجومەنی گەلی سووریا بکەن.
ڕاستە بڕیارنامەی ١٣هەم دەرچووە، بەڵام ئەمە بە تەنها بەس نییە بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی بەردەوام مسۆگەر بکات، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە گفتوگۆ سیاسییەکان بەردەوام بن و هەنگاوی پراکتیکی بنرێن بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا مسۆگەر بکرێن.
ئێمە خاوەن ناسنامەی کوردیین، بەڵام لە هەمان کاتدا ناسنامەی سوورییشمان هەیە، لەبەر ئەمە، پاراستنی مافەکانی گەلی کورد پێویستە لە چوارچێوەی بونیادنانی سووریای دیموکراتیکدا ببینرێت، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزە سیاسییەکان و هەموو کۆمەڵگەیە، بە هاوکاریی ئەم لایەنە جیاوازانە و بە گفتوگۆی سیاسیی ڕاستەقینە، دەتوانین مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا بە شێوەیەکی ڕوون و بەردەوام مسۆگەر بکەین.
بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد نەک تەنها لە دەستووردا قبووڵ بکرێن، بەڵکو لە پراکتیزەشدا جێبەجێ بکرێن، پێویستە چ مەکانیزمێکی یاسایی و چ زەمینەیەکی جێبەجێکردن هەبێت؟
لە بواری پراکتیکیدا، ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکان، شارەزایانی بواری یاسایی و لایەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆ ببنەوە و بەڵگەنامەیەکی یاسایی ئامادە بکەن کە تێیدا داواکاری و ڕوانگەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ماددە دەستوورییەکاندا دیاری کرێن، پێویستە ئەم بەڵگەنامەیە مافەکانی گەلی کورد لە هەموو بوارەکاندا، لەوانەش مافە کولتووری، زمانی و سیاسییەکان، هەروەها سیستەمی ناناوەندت و مافی گەلی کورد بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیان، بە شێوەیەکی ڕوون دیاری بکات.
ئەنجومەنی گەل دەتوانێت لە ئەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی چالاک بگێڕێت و بۆ پەرەپێدانی ئەم داواکارییانە لە بواری پراکتیکیدا هەنگاوی پێویست بنێت، بەڵام ئەوەی بنەڕەتییە ئەوەیە کە ئەم مافانە تەنها لە بەڵگەنامە و داواکارییەکاندا نەمێنن، بەڵکو لە دەستووری سووریادا بە شێوەیەکی فەرمی مسۆگەر بکرێن، لەبەر ئەوەی تەنها بە زەمینەی دەستووریی ڕوون، مافەکانی گەلی کورد دەپارێزرێن و لە داهاتوودا پێشێل ناکرێن.