ژنانی کارمەندی دەرکراو داوای مافەکانیان دەکەن و پرسیار لە ڕۆڵی کاروباری کۆمەڵایەتی لە سوەیدا دەکەن
ژنانی کارمەندی دەرکراو داوا دەکەن کاروباری کۆمەڵایەتی لە جیاتی بڕیارەکانی زیادکردنی بارگرانی ئابووری، ببێتە هۆی ئاسانکردنی ژیان و پشتیوانیکردنی توێژە پێویستەکان.
ڕۆشیل جونیور
سوەیدا ـ ئەو ژنانەی کە لە بەڕێوبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە شاری سوەیدای سووریا کاردەکەن، دوای دوورخستنەوەیان لە کارەکانیان، ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ژیان بوونەتەوە، وتیان: ئەو دەرکردنانە بەبێ ڕوونکردنەوەیەکی تەواو بووە، سەرەڕای ساڵانی درێژخایەنی خزمەتکردنیان کە لەو ماوەیەدا پشتیان بە موچەکانیان بەستووە بۆ بژێوی خێزانەکانیان.
دەرکردنەکان کاریگەرییان لەسەر ١٠٢ کارمەندی یەک بەڕێوەبەرایەتی لە سوەیدا هەبووە کە تەنها شەشیان پیاو بوون، واتە ژنان زۆرینەی ڕەهای ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە زیانیان بەرکەوتووە.
”ئەو بڕیارە دوای چەندین ساڵ خزمەتکردن بووە”
رەهەف موراد کە خاوەنی بڕوانامەی زمانی ئینگلیزییە، وتی: سەرەڕای ساڵانی خزمەتکردنمان بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ڕوون لە کارەکەی دوورخراینەوە، لە پەیمانگای گەشەپێدانی دەروونی لە شارۆچکەی قریا کاری کردووە و ٢٦ ساڵ لە دامودەزگاکانی سەر بە یەکێتی ژنان و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کاری کردووە، ئەو ژنانە سەریان سوڕما لە بڕیاری کۆتاییهێنان بە کارەکانیان، سەرەڕای ساڵانی خزمەتکردنیان، بەبێ هیچ هەڵسەنگاندنێکی ڕوونی ئەدای کارکردن یان هۆکارێکی باوەڕپێکراو بۆ دەرکردنەکەیان.
جەختی لەوە کردەوە، کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ژمارەی ژن و پیاوە دەرکراوەکاندا پرسیار لەبارەی ئەو پێوەرانەی کە لە پرۆسەی بڕیاردان بەکاردەهێنرێن، دەوروژێنێت، بەتایبەتی کە ژنان قورسایی دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها بەڵێنی گەڕاندنەوەی ئەو کرێکارە ژنانەیان پێدرابوو، بەڵام هێشتا ئەم بەڵێنانە بەدی نەهاتوون، بەڵکو دواتر بە ئاگادارییەکانی کۆتاییهێنان بە کارەکانیان سەریان سوڕما.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژمارەیەک لەو ژنانە تەمەنیان لە سەرووی چل ساڵەوەیە، هەندێکیشیان لە تەمەنی خانەنشینی نزیکبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە دۆزینەوەی هەلی کارێکی نوێ لەڕادەبەدەر قورس بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەلی کار سنووردار و بارودۆخی ئابووریی سەختی سوەیدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە موچەکانیان بەشێکی گرنگی داهاتی خێزانەکانیان پێکهێناوە و زۆرێکیان بەشدارییان لە پشتگیریکردنی خێزانەکانیان و دابینکردنی خەرجییەکانی ژیاندا کردووە، ژنان قورسایی ئەو بڕیارەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە بە ئارەزوومەندانە پێناسەی دەکات، داوای گەڕاندنەوەی ئەوان و مامەڵەی دادپەروەرانە دەکات دوای چەندین ساڵ خزمەتکردن.
رەهەف موراد داوای ڕوونکردنەوە دەکات سەبارەت بە هۆکاری دەرکردن و پێوەرەکانی بەکارهێنراو، وتی: گەڕاندنەوەی ئەو ژنانە بۆ سەر کارەکانیان مافێکی بنەڕەتییە نەک چاکە و خەڵاتێک.
"ئێمە ڕێککەوتنی کاتیمان ناوێت، دەمانەوێت مافەکانمان بگەڕێندرێنەوە”
وەفا بلان، کە پێش گواستنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە یەکێتی ژنان کاری کردووە، باس لەوە کرد، کە لە ساڵانی پێشووی دامەزراندنیدا ڕووبەڕووی کێشە و گرفتەکانی پەیوەست بە مافەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بووەتەوە، لەو ماوەیەدا بەشدارییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی نەدراوە، ئەمەش وایکردووە گواستنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ پیشەکەی.
ڕوونیکردەوە، کە ئەو ژنانە سەریان سوڕما لە کۆتاییهێنان بە دامەزراندنەکەیان دوای چەندین ساڵ لە خزمەتکردن، بەو پێیەی ئامادە نەبوون لەم قۆناغەی ژیانیاندا ڕووبەڕووی بێکاری ببنەوە، هەندێکیان تەمەنیان لە سەرووی چل ساڵەوەیە، هەندێکی دیکەیان تەمەنیان لە پەنجا و شەستەکاندایە، ئەمەش دەرفەتەکانیان بۆ دۆزینەوەی هەلی کارێکی نوێ سنووردار دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری سەختی سوەیدا.
وتیشی: دەبوو ساڵانی خزمەتکردنیان لەبەرچاو بگیرێت لەکاتی بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانیان، هەروەها قبوڵ ناکرێت کە لەناکاو خۆیان بێکار ببیننەوە دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ خزمەتکردن، بەبێ ئەوەی مسۆگەری ڕوون بۆ بژێوی ژیانی داهاتوویان و ئاسۆی پیشەیی خۆیان ببیننەوە.
وەفا بلان داوای ڕوونکردنەوەی بنەمای یاسایی و کارگێڕی بۆ بڕیاری دەرکردن دەکات، هەروەها زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی مافی ڕێککەوتن و بیمەی کرێکاران، بۆ دڵنیابوون لەوەی ساڵانی خزمەتیان لەدەست نەچێت.
”دەمانەوێت بزانین بۆچی لە کارەکەمان دوورخراوینەتەوە”
سامیە تۆفیق ڕەشید، خەڵکی شارۆچکەی عرمان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە تا ئێستا ئاگاداری هۆکارەکانی پشت هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنەکەیی و هاوکارەکانی نییە، ئەو پاساوەکانی ئەو بڕیارە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە خێزانەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پشت بە موچەکانیان دەبەستن.
ڕوونیکردەوە، کە دۆخی دارایی خێزانەکەی لەڕادەبەدەر سەختە، موچەکەی سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بووە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانە، ئەم دەرکردنە ئەو فشارانەی زیاتر کردووە کە ئەو و خێزانەکەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.
بێزاری خۆی لە نەبوونی ڕوونکردنەوەیەکی تەواو دەردەبڕێت، پرسیاری ئەوەی کردە، کە ئایا کۆتاییهێنانەکە پەیوەندی بە دۆخی سوەیداوە هەیە؟ داواکارییەکەی تەنها لە گەڕاندنەوەی موچەکەیدا سنووردار نییە، بەڵکو زانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت بڕیارەکە و دڵنیابوون لەوەی کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی ژن دەکرێت.
"چۆن دەکرێت دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ خزمەتکردن دامەزراندنمان کۆتایی پێبهێنرێت؟"
نوها عەریج باسی لەوە کرد، کە خۆی و هاوکارەکانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ڕوونکردنەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، هەرچەندە هەندێکیان زیاتر لە ١٣ ساڵ خزمەتیان کردووە.
پرسیاری ئەوە کرد، کە چۆن دەتوانرێت کارمەندانی ژن لە تەمەنی پەنجا و شەستەکاندا دوای چەندین ساڵ لە خزمەتکردن لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی تەواو سەبارەت بە مافەکانیان و ئاسۆی پیشەیی داهاتوویان پێشکەش بکرێت، لە کاتێکدا ئەم گروپە تەمەنییە بەزەحمەت هەلی کاری جێگرەوە دەدۆزنەوە.
نوها عەریج جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان داوای خەڵاتی تایبەت ناکەن، بەڵکو داوای چارەسەرکردنی بارودۆخەکانیان و ڕوونکردنەوەی مافەکانیان دەکەن، هەروەها جێهێشتنیان بەبێ وەڵام و چارەسەر، ئازارە زیندوو و دەروونییەکانیان زیاتر دەکات.
هەدیل شەمعە، خەڵکی شاری سەلخد، ڕوونیکردەوە، کە پێش ئەوەی لەگەڵ هاوکارەکانی لە کارەکەی دووربخرێتەوە، لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار کاری کردووە، دوای دەرچوونی لە پەیمانگای تەکنیکی بە پسپۆڕی لە بواری تەندروستی و ساردکەرەوەدا کارەکەی بەدەستهێناوە.
وتیشی: هاوژینەکەی بەهۆی باری تەندروستییەوە ناتوانێت کار بکات، ماوەی ١٥ ساڵە شۆردنی گورچیلەی بۆ دەکرێت و پێویستی بە نەشتەرگەری زیاترە، هەروەها موچەکەی زۆر گرنگ بووە بۆ ئەوەی یارمەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان و خەرجییەکانی ژیانی خێزانەکە بدات لەم بارودۆخەدا.
سەرەڕای بەرپرسیارێتی خێزانی و مرۆیی، هۆکاری دەرکردنی لە کارەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پێی وایە پێویستە دەسەڵاتدارانی کاروباری کۆمەڵایەتی لەکاتی بڕیاردان کە کاریگەری لەسەر ژیانی فەرمانبەران هەیە، بارودۆخی سەختی تەندروستی و ژیان لەبەرچاو بگرن و پێویستە بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێن کە چارەسەری پێداویستییەکانیان بکات لەبری زیادکردنی بارگرانییەکانیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، هەدیل شەمعە جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە ڕۆڵی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار هاوکاری هاوڵاتیان و کارئاسانی بۆ کاروبارەکانیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان بێت، نەک بڕیاردان کە بارودۆخی ژیانیان خراپتر بکات، هەروەها جەختی لە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە دۆخی ژنانی کارمەنە دەرکراوەکان و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان کردەوە.