توندوتیژی دژی ژنان لە تونس... منداڵانی زیانبەرکەتووی لەبیرکراو
منداڵانی زیانبەرکەوتووی ژنکوژی دووچاری کارەساتێک دەبنەوە، کە لەدەستدانی دایکیان، تێوەگلانی باوک لە تاوانەکەدا، هەڵوەشاندنەوەی خێزان و چەواشەکاری کۆمەڵایەت، ئازارەکانیان بە خودی تاوانەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو سەرەتا بە ئاڵەنگاری دەروونی و یاسایی دەستپێدەکات.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس ـ کارەساتی تاوانەکانی کوشتنی ژنان تەنها بە زیانبەرکەوتووەکەوە ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی منداڵانی "زیانبەرکەوتووی لەبیرکراو" بەجێبهێڵێت کە ڕووبەڕووی شۆکێکی دووانە دەبنەوە بە لەدەستدانی دایک بە تاوانی کوشتن و باوک لە زیندان یان بە خۆکوشتن، ئەم ئەزموونە دژوارە، بەتایبەت لەگەڵ نەبوونی لەخۆگرتن و پشتگیری، دەبێتە هۆی تێکدانی جێگیربوونیان و شوێنەواری قووڵ لەسەر داهاتووی دەروونی و پەروەردەییان بەجێدەهێڵێت، هەروەها بازنەی شۆکەکە فراوان دەبێت بۆ ئەوەی خێزانی فراوان و ژینگەی کۆمەڵایەتیی کاریگەر بە تاوانەکە و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی لەخۆ بگرێت.
ناتوانرێت کارەساتەکە لە ساتی کوشتنی دایکەکەدا کورت بکرێتەوە
زوحا جورشی، سەرۆکی کۆمەڵەی "لاو و هەرزەکاران" دووپاتی کردەوە، کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی کە لە ئەنجامی کوشتنەکانی ناو خێزان دایکیان لەدەستداوە، پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو ساتەوەختەی تاوانەکە بە تەنها و گرنگیدان بە ڕەوتی توندوتیژییە کە ڕەنگە منداڵەکە پێش ڕوودانی تووشی بووبێت، دەگێڕێتەوە کە ئەو منداڵەی باوکی بکەری تاوانەکەیە ڕووبەڕووی شۆکێکی ئاڵۆز دەبێتەوە کە بریتییە لە لەدەستدانی دایک و تێکشکانی پەیوەندی خێزانی و پەیوەندی ئەو کەسەی کە وا مەزەندە دەکرێت بیپارێزێت بە تاوانی کوشتنی، ڕەنگە هەستی تێکەڵاوی ترس و تووڕەیی و هەستکردن بە تاوانکاری لێ دروست ببێت.
زوحا جورشی هۆشداری دەدات لەوەی کە نەبوونی دەوەردانە دەروونی و کۆمەڵایەتییە پێشوەختەکان کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر پەیوەندی منداڵەکە بە کەسانی تر و لەسەر توانای بۆ دروستکردنی متمانە هەبێت، هەروەها ڕەنگە لە دیدگای بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاواندا ڕەنگدانەوەی هەبێت، ڕەنگە ئەم دەرئەنجامانە شێوەی ڕفتاری توندوتیژانە یان ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە یان ئازاردانی خۆدی لێ بکەوێتەوە، لەوانەیە هەندێک لە منداڵان پەنا بۆ ماددە هۆشبەرەکان ببەن وەک ڕێگایەک بۆ ڕاکردن لە ئازارەکەیان.
بەڵام لە بەرامبەردا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی چارەنووسێکی نەگۆڕ نییە بۆ ئەو منداڵانەی کە ئەم ئەزموونانە ژیاون، چونکە دەوەردانی پێشوەختە و پشتگیرییە دەروونییە تایبەتمەندەکە و لەخۆگرتنی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەکرێت یارمەتیان بدات بۆ تێپەڕاندنی شۆکەکە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە.
هەروەها بەوە دادەنێت کە خۆپاراستن لە توندوتیژی پەروەردەکردن لەسەر یەکسانی و کولتووری دادپەروەری و پەروەردەی ئەرێنی جیا ناکرێتەوە بەوەی کە بەرپرسیارێتییەکی گشتییە کە لە ناو خێزانەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ قوتابخانە و دەزگا پەروەردەیی و کولتووری و ڕاگەیاندنەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، زوحا جورشی حاڵەتەکانی ئەو ژنانەی بەبیر دەهێنێتەوە کە دوای ئازار کوژراون، لەوانە ژنێک کە تەمەنی تەنها ٢٢ ساڵ بووە و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و سێ منداڵی بووە، وتی: ئەم کەیسە پرسیاری جددی دەوروژێنێت لەبارەی گەڕانەوەی هەندێک پراکتیزەی پەیوەست بە هاوسەرگیری منداڵان و تا چەند منداڵانی کچ لە ئازاردان و توندوتیژی دەپارێزرێن.
زوحا جورشی ڕەخنە لە پەرەسەندنی ئاساییبوونەوەی توندوتیژی دەگرێت، چ لە ڕێگەی قسەی ناشرین، توندوتیژی دیجیتاڵی، یان گاڵتەکردن و بچووککردنەوەی ژنان لە هەندێک ناوەڕۆکی میدیایی و هونەریدا، هۆشداری دەدات لەوەی کە پێشکەشکردنی بێڕێزی و توندوتیژی وەک مادەیەک بۆ پێکەنین و کات بەسەربردن بەشدارە لەم کارەدا.
جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی مەدەنی کار بۆ چەسپاندنی کولتووری ڕێزلێنانی مرۆیی خۆی لەلای هەرزەکاران، یارمەتیدانیان بۆ دەربڕینی هەستەکانیان و تووڕەییەکەیان بە ڕێگەی ئەرێنی و ناساندنیان بە مافەکانیان، بە گرنگیی ڕێزگرتن لە جەستە و تایبەتمەندی و سنوورە کەسییەکان و پەیوەندییە بەستراوەکان بە ڕەزامەندی و ڕێزلێنانی هاوبەش دەکات.
خێزانی فراوان بۆ لەخۆگرتن
پرسی سەرپەرشتی و چاودێریی یاسایی بە یەکێک لە دیارترین ئەو ئاستەنگانە دادەنرێت کە دوا بە دوای ئەم تاوانانە دێن، چونکە منداڵەکان بە بێ چاودێریی ڕاستەوخۆ جێدەهێڵدرێ، زۆرجار منداڵەکان دەبنە زیانبەرکەوتووی جیاوازی و تۆمەتی ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان هەردوو خێزانی دایک و باوکدا لەسەر مافی چاودێریکردنیان، ئەمەش دۆخەکەیان دەگۆڕێت بۆ ناوەکی ململانێیەکی خێزانی کە ئازارەکانیان دووهێندە دەکاتەوە و سەقامگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتییان دەخاتە مەترسییەوە.
جەمیلە بالتیب، بەڕێوەبەری کارگێڕی گشتی بەوەکالەت لە وەزارەتی ژنان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە باشترە منداڵەکە لە چوارچێوەیەکی خێزانیدا بمێنێتەوە کە خێزانی فراوان لەخۆی بگرێت بەو پێیەی منداڵ پێویستی بە ژینگەیەکی خێزانی هەیە کە پاراستن و هەست بە بەندبوون و لەخۆگرتنی سۆزداری بۆ دابین بکات.
ڕوونیکردەوە، کە دۆخی دەروونیی ئەو منداڵانەی کە دایکەکانیان لە تاوانەکانی کوشتندا لەدەست داوە، زۆر هەستیارە،ئەمەش گواستنەوەیان بۆ دەزگاکانی چاودێری دەکاتە ئەزموونێک کە ڕەنگە ئازارەکانیان زیاد بکات ئەگەر مەرجە گونجاوەکانیان بۆ دابین نەکرێت، بەو پێیەی لەخۆگرتنی خێزانی فراوان بژاردەیەکی گرنگ پێکدەهێنێت کاتێک توانای دابینکردنی چاودێریی پێویستیان هەبێت.
منداڵان تەنها شایەتحاڵی تاوانەکە نیین بەڵکو زیانبەرکەوتووی ڕاستەوخۆن
لەتیفە تاجوری، پسپۆڕ لە کۆمەڵناسی و دەروونناسیدا، دەبینێت کە ئەو منداڵانەی تاوانی کوشتنی دایکەکانیان ئەزمون دەکەن یان لە ئەنجامی توندوتیژی لەدەستیان دەدەن، سەر بەو چینانەن کە زۆرترین بەرکەوتەیان بە شۆکی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە، جەخت لەسەر پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دەکاتەوە وەک زیانبەرکەوتووی ڕاستەوخۆی توندوتیژی و نەک تەنها وەک شایەتحاڵی تاوانەکە.
ڕوونیکردەوە، کە بینی کوشتنی دایک یان لەدەستدانی بە شێوازێکی توندوتیژانە دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی شوێنەواری قووڵ لەسەر گەشەسەندنی سۆزداری و کۆمەڵایەتیی منداڵ، جگە لە کاریگەرییەکەی لەسەر تواناکانی زانست و زانیاری و ئەکادیمی بۆ چەندین ساڵی درێژ ئەگەر چاودێریی تایبەتمەند و گونجاو وەرنەگرێت.
جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت دەوەردانەکە خێرا بێت لە ڕێگەی دابینکردنی فریاگوزارییە سەرەتاییە دەروونییەکان ڕاستەوخۆ پاش ڕووداوەکە و خستنەبەرپەروەردەی منداڵەکان، بۆ هەڵسەنگاندنی دەروونیی تایبەتمەند، ئاشکراکردنی تێکچوونەکانی پاش شۆک و نیگەرانی و خەمۆکی، لەگەڵ دابینکردنی دانیشتنەکانی چارەسەری دەروونیی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ کە لەگەڵ تەمەن و سروشتی ئەو ئەزموونەی کە ژیاویانە بگونجێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پاراستنی سەقامگیری ژیانی ڕۆژانەی منداڵەکە توخمێکی سەرەکییە لە پرۆسەی چاکبوونەوەدا، کە ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەروەردەییەکان و مامۆستایان و ڕاوێژکارانی پەروەردەیی هەیە بۆ چاودێریکردنی باری دەروونی و دەستکەوتی ئەکادیمی و چاودێریکردنی هەر گۆڕانکارییەکی ڕەفتاری کە لەوانەیە ڕووبدات.
هەروەها بانگەواز بۆ بەشداریپێکردنی منداڵان لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و وەرزشی و هونەرییەکاندا لە ناو و دەرەوەی قوتابخانە دەکات بەو پێیەی کە بۆشاییەک پێکدەهێنن کە یارمەتیان دەدات لە دەربڕینی هەستەکانیان و دووبارە دروستکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و بەدەستهێنانی شارەزاییەکانی خۆگونجاندن.
لە لایەنی یاساییەوە، لەتیفە تاجوری گرنگیی ڕۆڵی نوێنەری پاراستنی منداڵ لە تونس دەردەخات، بەتایبەتی پاراستنی منداڵان لە چەوساندنەوەی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ناسنامەکانیان یان وردەکارییەکان کە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی ببنەوە و دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکان بە بێ دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتیان یان مافیان لە پراکتیزەکردنی ژیانیان بە شێوازێکی سروشتی.
هەروەها هۆشداری لە مەترسیی بارکردنی منداڵ بە بەرپرسیارێتیی ئەوەی کە ڕوویداوە یان بەشدارپێکردنی لە ململانێکانی نێوان هەردوو خێزانی دایک و باوک دەدات، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خێزانی فراوان و پێشکەشکارانی چاودێریی جێگر داوایان لێ دەکرێت کە ڕێگاکانی پەیوەندیدان پەیڕەو بکەن کە لەسەر لەخۆگرتن و تێگەیشتن و دوورکەوتنەوە لە سزاکردن و پەستانی دەروونی بونیاد بنرێن.
بەرپرسیارێتییەکی گشتی
لەتیفە تاجوری جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پاراستنی منداڵانی زیانبەرکەوتووی ژنکوژی بەرپرسیارێتییەکی گشتییە کە دەوەردانێکی دامەزراوەیی تەواوکراو دەخوازێت کە چاودێریی یاسایی و دەروونی و تەندروستی و پەروەردەییان بۆ دابین بکات، بارگرانییەکە بە تەنها لەسەر خێزانی فراوان جێ نەهێڵێت.
هەروەها ئەم بەرپرسیارێتییە بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەسەپێنێت کە پابەندبوون بە پیشەگەریی و دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵان و ناسنامەکانیان یان وردەکارییە سەرسوڕهێنەرەکان بۆ پاراستنیان لە لەکەدارکردن و قووڵکردنەوەی شۆکەکە، جگە لە بەشدارپێکردنی قوتابخانە و ژینگەی کۆمەڵایەتی لە لەخۆگرتنی بازنەی فراوانتری منداڵانی کاریگەر.
لە کۆتاییدا، لەتیفە تاجوری جەختی لەوە کردەوە کە ئەم منداڵانە زیانبەرکەوتووی ڕاستەوخۆی توندوتیژی ڕەگەزین، ئەمەش پێویستی بە یەکەمایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانیان هەیە لە هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە داهاتوویان بۆ دڵنیابوون لە چاکبوونەوەیان و گەڕاندنەوەی مافەکانیان بۆ منداڵییەکی پارێزراو و دوور لە کاریگەرییەکانی توندوتیژی.