هەزاران دەستلەکارکێشانەوە هەڕەشە لە قوتابخانەکانی کەناراوەکانی سووریا دەکەن

مامۆستایانی ژنی کەناراوەکانی سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی چارەنووسساز دەبنەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیریی پیشەیی و بژێوییان دەکات، دوای بڕیارە سەرەڕۆییەکانی گواستنەوەو مەرجە نوێیەکانی ڕێککەوتن، کە ئەوانی خستووەتە نێوان چەکووشی مەترسییە ئەمنییەکان و بارگرانییەوە.

ماسا سولتان

 

لازقیە- لە نێوان چەندین ساڵ کارکردن لە کەرتی پەروەردەدا، بڕیارەکانی گواستنەوە و ڕاسپاردن کە بژاردەگەلێکیان بەسەردا دەسەپێنن لە سەرووی توانای بژێوی و خێزانییانەوەن، مامۆستایانی ژن لە کەناراوەکانی سووریا خۆیان لە بەردەم هاوکێشەیەکی سەختدا دەبیننەوە، بەردەوامبوون لە پیشەیەکدا کە وەک پەیامێک هەڵیانگرتووە یان دەستبەرداربوون لێی لەژێر باری قورسی بارودۆخە ئەمنی و ئابووری و کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکاندا؟

 

فێرکردن بۆ مامۆستایانی ژن لە کەناراوەکانی سووریا بە تایبەتی و لە جیهاندا بە گشتی، ڕێڕەوێکی پیشەییە کە پەیوەست بووە بە پێگەیاندنی نەوەکان و بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا، سەرەڕای ئەوەی کارێکە بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی مانگانە و سەقامگیریی دارایی خێزان، چونکە مامۆستایانی ژن چەندین ساڵیان لە قوتابخانەکاندا بەسەر بردووە، بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییانەی کە لەم دواییانەدا وڵات بەخۆیەوە بینیونی.

 

بەڵام قۆناغێکی نوێ لە ئاستەنگە پیشەییەکان داهاتووی ژمارەیەک لەم مامۆستا ژنانە دەخاتە بەردەم پرسیاری زیاتر، دوای ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە هەڵوەشاندنەوەی دیاریکردنی شوێنی کارکردن و نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکان بە مەرجی ئارەزوومەندانە، دووبارە دابەشکردنەوەی کادیرانی پەروەردەیی، بەپێی گەواهی مامۆستایانی ژن، لە سەختیی هاتوچۆ و ترسی ئەمنی و بارگرانیی دارایی کە هەندێکیانی پاڵناوە بۆ بیرکردنەوەی وازهێنان لە پیشەکە.

 

لە پەرەسەندنێکیشدا، کە قەبارەی قەیرانەکە نیشان دەدات، نزیکەی هەزاران مامۆستای ژنی لازقیە و تەرتووس و حمس و گوندی حەما دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کردووە لە دوای ڕەتکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە بڕیارەکانی گواستنەوەیان بۆ ناوچە دوورەکان لە شارە جیاوازەکاندا، کە درێژ دەبنەوە بۆ گوندە دوورەدەستەکان، لە سایەی بوونی هەڕەشە و بێڕێزی دژ بە مامۆستایانی ژن کە ڕەنگدانەوەی خێڵەکیان هەیە لە ناوچەکانی ڕاسپاردندا، لە پاڵ سەختیی هاتوچۆ و بارودۆخی خێزانی و بژێوی بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی مامۆستا ژنە هاوژیندارەکان.

 

ئەم پەرەسەندنانە جارێکی تر پرسیار دەوروژێنن سەبارەت بە ڕادەی لەبەرچاوگرتنی بڕیارە کارگێڕییەکان بۆ بارودۆخی ژنانی کادیر، ڕادەی مسۆگەرکردنی مافیان لە ژینگەیەکی کاری ئارامدا کە کەرامەت و سەقامگیریی پیشەییان بپارێزێت.

 

ژنانی کادیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و پیاوسالارییەکاندا

ناکرێت سەیری ڕاستی مامۆستایانی ژن بکرێت بە دابڕاوی لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییانەی کە دەوری ژنانی کادیری داوە لە سووریا، نە لەو وتارانەی کە هەوڵ دەدەن ڕۆڵیان لە ڕۆڵە نەریتییەکاندا قەتیس بکەن، گومان بخەنە سەر مافییان لە بەشداریکردنی پیشەیی و ئابووریدا.

 

چونکە ئەو ژنەی لە بواری فێرکردندا کار دەکات ئەرکێکی ژیانی ئەنجام دەدات، بەشداری دەکات لە پێکهێنانی هۆشیاریی نەوەکان و بونیادنانی داهاتوودا، سەرەڕای ئەوەی ڕەگەزێکی کارایە لە بەخێوکردنی خێزانەکەیدا و بەوەش بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی، بناغە بۆ سەربەخۆیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی دادەنێت.

 

مەترسیی ئەم ئاستەنگانە زیاتر دەبێت کاتێک هەڕەشە یان بێڕێزیەکانی خاوەن هەڵسەکەوتی جیاکاری تێکەڵ دەبن لەگەڵ لاوازیی پاراستن و بەدەنگەوەهاتنی سکاڵاکان، دابینکردنی ژینگەیەکی ئەمنیی بەپیت بۆ زانست و بنەماکانی بونیادنانی مرۆڤ، کە ئەمەش ژن دەخاتە بەردەم بارگرانیی زیاترەوە کە لە سروشتی کار و بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی تێدەپەڕێت.

 

چونکە پرسەکە پەیوەستە بە ناکۆکی لەسەر شوێنی کارکردن و میکانیزمەکانی دابەشکردنی کادیرەکان، لەوەش تێدەپەڕێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاری ئەو دامەزراوانەی کە مسۆگەری ئەوە دەکەن بڕیارە کارگێڕییەکان یان مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان نەبنە ڕێگر کە ژنان لە مافی خۆیان لە کاری ئارام و یەکساندا بێبەش بکەن.

 

پەروەردەیەک ڕووبەڕووی ئاستەنگی کاەمەندەکان دەبێتەوە... ژنیش لە نێوان پێداویستی و ئارامیدا

لە کاتێکدا سیستەمی پەروەردەی سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگگەلێک دەبێتەوە کە پەیوەستن بە ژێرخان و دابەشکردنی کادیران و سەقامگیریی پرۆسەی وانەوتنەوە و ئەمنییەوە، دژایەتیەک دەردەکەوێت لە نێوان پێویستیی پاراستنی ئەزموونە پەروەردەییەکان و ئەو بارودۆخانەی کە ڕەنگە هەندێک لە مامۆستایانی ژن ناچار بکەن واز لە کارەکانیان بهێنن.

 

وەزیری پەروەردە و فێرکردن، لە میانەی خستنەڕووی ڕاستی پەروەردە لەبەردەم ئەنجومەنی گەلدا لە ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئاماژەی بە بوونی نزیکەی ٣٣٩ هەزار کادیر لە وەزارەتدا کردبوو، لەگەڵ بوونی کێشە لە دابەشکردنیاندا لە نێوان پارێزگاکان، پارێزگای لازقیە نزیکەی نۆ هەزار و ٥٠٠ مامۆستای دامەزراوی زیادەی تێدایە، وەزارەت بەنیازە ئاڕاستەی ئەو قوتابخانانەیان بکات کە لە گوندەکانی باکووری پارێزگای لازقیە دەکرێنەوە.

 

هەروەها وەزیر باسی لە گواستنەوەی زیاتر لە ١٥ هەزار ڕێکەوتنی فێرکردن کردبوو لە شوباتی ٢٠٢٥ بۆ ناوچە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی کاتی، پێش درێژکردنەوەی ڕێکەتنەکان بەپێی پێداویستیی ڕاستەقینە.

 

لە ٢٨ی تەمموزی ڕابردووشدا، وەزارەت مەرجەکانی نوێکردنەوەی ڕێکەوتنە فێرکارییەکانی ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا بەستنەوەی نوێکردنەوەکە بوو بە شوێنی ڕێکەوتنی بنەڕەتی و پێداویستیی ڕاستەقینە و شوێنی بەتاڵی بەردەست و پسپۆڕیی زانستییەوە.

 

ئەم داتایانە ئەوە دەردەخەن کە دۆسیەی مامۆستایانی ژن ناتوانرێت لە کێشەی دابەشکردنییان و سیاسەتە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتن و ناوەندەکانی کارکردن جیا بکرێتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت، ئایا لێکەوتەکانی بڕیارەکانی گواستنەوە لەسەر سەقامگیریی بژێوی و ئەمنیی مامۆستایانی ژن دەخوێندرێتەوە بۆ دەکرێت، ئایا بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتییەکانی چاودێریکردنی خێزان لەبەرچاو دەگیرێن؟

 

چونکە ئەو مامۆستا ژنەی خۆی لە بەردەم مەودایەکی دووردا دەبینێتەوە بۆ گەیشتن بە قوتابخانەکەی، تێچووی هاتوچۆیەک کە لە سەرووی توانای داراییەوەیەتی، ترس و نیگەرانییەکانی پەیوەست بە پارێزراوی کەسیی خۆی، دەکەوێتە بەردەم بژاردەی سەختەوە کە ڕەنگە بە دەستبەرداربوون لە سەرچاوەی داهات و ئەزموونە پیشەییەکەی کۆتایی بێت.

 

ئەم گۆڕانکارییانە ڕۆڵی مامۆستایانی ژن تێدەپەڕێنن و دەگەنە خوێندکارانی کچ و کوڕ و قوتابخانەکان و کۆمەڵگەی ناوخۆیی، چونکە دەرچوونی مامۆستا ژنە خاوەن ئەزموونەکان لە پرۆسەی فێرکردن ڕەنگە کێشەکانی سەقامگیریی پەروەردەیی قووڵتر بکاتەوە و کاریگەریی لەسەر بەردەوامی و کوالێتیی خوێندن هەبێت، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە پێویستیان بە کادیری سەقامگیر و لێهاتوو هەیە.

 

مامۆستایانی ژن لە نێوان دەستگرتن بە پیشەکەوە و لەدەستدانی مەرجەکانی بەردەوامبووندا

لە پشت بڕیارە کارگێڕییەکان و ژمارەکانی پەیوەست بە کادیرە پەروەردەییەکانەوە، ژنانێک وەستاون کە هەریەکەیان چیرۆکێکی پیشەیی و خێزانیی جیاوازی هەیە، بەڵام لە یەک پرسیاردا یەکدەگرنەوە: چۆن دەتوانین لە کارکردن بەردەوام بین لە سایەی بارودۆخێکدا کە کەمترین ئاستی سەقامگیری و ئارامی دابین ناکات؟

 

ئەزموونی ژنانی کارکەر وتی سەربەخۆیی ئابووری بابەتێکە پەیوەستە بە داهات و توانای بڕیاردان و بەشداریکردنی کارا لە کۆمەڵگەدا، هەر لێرەشەوە، ناچارکردنی ژن بە وازهێنان لە کارەکەی بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی پارێزراوی و دادپەروەریی پیشەییەوە، ئاستەنگێک دەخاتە ڕوو کە کەرتی پەروەردە تێدەپەڕێنێت بەرەو داهاتووی بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی گشتیدا.

 

لە نێوان پەیامی فێرکردن و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی مامۆستایانی ژنی کەناراوەکانی سووریا دەبنەوە، پرسیارەکە لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بە کراوەیی دەمێنێتەوە: چۆن دەتوانرێت سیستەمێکی پەروەردەیی بونیاد بنرێت کە پێویستی بە ئەزموونی ژنانە، لە کاتێکدا هەندێکیان ڕووبەڕووی بارودۆخێک دەبنەوە کە ڕەنگە ناچاریان بکات پۆلەکانی خوێندن جێبهێڵن؟

 

چونکە ئەو مامۆستا ژنەی چەندین ساڵی لە پێگەیاندنی نەوەکاندا بەسەر بردووە، شایەنی ئەوەیە ئەزموون و کەرامەت و مافی کارکردنی بپارێزرێت، نەک خۆی ناچار ببینێتەوە لە نێوان پارێزراوی کەسیی خۆی و سەرچاوەی بژێوییدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.