سیاسەتە گشتیەکان لە تونس بۆ ژنان بە شێوەیەکی پارچەپارچە و لاواز ماونەتەوە
سیاسەتە گشتیەکان لە تونس سەبارەت بە ژنان بە شێوەیەکی پارچەپارچە و لاواز لە جێبەجێکردنی ڕێبازێکی هەستیاری ڕەگەزیدا ماونەتەوە، ئەمەش لە بەردەوامی نایەکسانی دامەزراندن و نوێنەرایەتی سیاسی و چەندین کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ڕەنگ دەداتەوە.
ئیخلاس حەمرونی
تونس – ژنان لە تونس ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبنەوە کە بەپێی چاودێران و توێژەران سنوورداربوونی سیاسەتە گشتیەکان لە چارەسەرکردنی پرسەکانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا ئاشکرا دەبن، لە نێوان ڕێژەی بەرزی بێکاری و دامەزراندنی ناجێگیر و لاوازی نوێنەرایەتی سیاسی، داواکارییەکان بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێبازێکی گشتگیرتر کە پێداویستییەکانی ژنان و بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە هەمەچەشنەکانیان لەبەرچاو بگرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، توێژەری ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسی ئابووری، سەمیە مەعمەری شیکارییەکی ڕەخنەگرانە لە سیاسەتە گشتییەکانی تونس پێشکەش دەکات و وتی: نەبوونی ڕێبازێکی هەستیاری ڕەگەزی، بەشێکی بەرچاو لە نایەکسانی بەردەوامی نێوان ژنان و پیاوان ڕوون دەکاتەوە، هەروەها بێتوانایی حکومەت لە وەرگێڕانی بنەماکانی یەکسانی بۆ سیاسەتی بناغەی و کاریگەر.
دووپاتی دەکاتەوە، لە تونسدا نزیکەی یەکدەنگ ڕێککەوتن هەیە لەسەر بوونی کەموکوڕییەکی قووڵ لە سیاسەتە گشتیەکاندا بەگشتی، جا چ لە ئاستی پلاندانان، جێبەجێکردن، یان تەنانەت هەڵسەنگاندنیشدا، هەروەها ئەم کەموکوڕییە نەک تەنها لە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییە گەورەکاندا ڕەنگدەداتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ نیگەرانییە تایبەتەکان، لە پێش هەموویانەوە پرسەکانی ژنان، بەو پێیەی ئەو گروپانەی بەدەست هەڵاواردن یان بارودۆخی کۆمەڵایەتی تایبەتەوە دەناڵێنن، پێویستیان بە سیاسەتێک هەیە کە وەڵامی تایبەتمەندییەکانیان بداتەوە.
جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گرتنەبەری ڕێبازی ڕەگەزی لە سیاسەتە گشتییەکاندا پێویستی بە ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە هەیە، چونکە پرسەکە "بە پلەی یەکەم پرسێکە لەسەر بنەمای مافەکان"، پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و نایەکسانی دەرفەتەکان و توندوتیژی دژی ژنان هەیە، بەڵام بە بیروڕای ئەو کە ئەم ئیرادەیە لە ئێستادا کەمی هەیە، ئەمەش بە بۆچوونی ئەو، نەبوونی سیاسەتی گشتی ڕوون و پلان بۆ داڕێژراو ڕوون دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی کاریگەر باس لە کێشەکانی ژنان بکات.
ڕوونی دەکاتەوە، کە تونس بە پێچەوانەوە شاهیدی پاشەکشەیە لە هەندێک لەو دەستکەوتانەیە کە ژنان لە دوای شۆڕشەوە بەدەستیان هێناوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی سیاسی، کە بنەمای یەکسانی وازی لێ هێنراوە، هەروەها نوێنەرایەتی ژنان لە کامپەکانی هەڵبژێردراودا دابەزیوە، ئەمەش جگە لەوەی بە ”توندوتیژی سیاسی” پێماسەی دەکات کە دژی ژنان پیادە دەکرێت، جا چ بەهۆی بۆچوونەکانیان بێت یان چالاکییە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانیان.
نەبوونی سیاسەتی گەشەپێدانی یەکگرتوو
سەمیە مەعمەری پێی وایە ئەمڕۆ سەختە باس لە سیاسەتە گشتیەکان بکرێت کە ڕێبازی ڕەگەزی بەشێوەیەکی بە ئەنقەست و سیستماتیک دەگرنەبەر، چونکە ئەم ڕێبازە لەسەر بنەمای ڕێوشوێنی گۆشەگیر یان بڕیاری تایبەت دانەنراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای میتۆدۆلۆژیای یەکگرتووە کە لە چاودێریکردنی ڕاستی ژنان و پێداویستییەکانیان لە چین و ژینگە جیاوازەکاندا دەست پێدەکات، دواتر پلاندانان و جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندن بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی بەردەوام سیاسەتەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، وتی: تونس سیاسەتێکی گەشەپێدانی یەکگرتووی نییە کە وەڵامی نیگەرانییەکانی ژنان بداتەوە لە ناوچە و پۆلە جیاوازەکاندا، ئەم ڕێبازە بە پلەی یەکەم لەسەر تێگەیشتن لە پێداویستییە جیاوازەکانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان و وەڵامدانەوەیان لە ڕێگەی سیاسەتی هەمەلایەنە و بەیەکەوە بەستراوەتەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، کە کایەی ئابووری ئەو شوێنەیە کە هەڵاواردن لە دژی ژنان تێیدا زۆرترین بەربڵاوە، بەو پێیەی زۆربەی نیشاندەرەکانی تێکچوون پەیوەستن بە دۆخی ئابوورییەوە، هەروەها بێکاری لە تونس پێکهاتەیەکییە، بەڵام ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ڕێژەی بێکاری لەنێو ژناندا نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە نێوان پیاوان.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت لەنێو دەرچووانی زانکۆشدا جیاوازییەکە فراوانتر دەبێت، کە ڕێژەی بێکاریی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە بێکاریی پیاوان، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕادەی نایەکسانی ئابووری و ئەو سەختییەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە گەیشتن بە بازاڕی کار سەرەڕای ئاستی بەرزی خوێندنیان.
وتیشی: ئەم نیشاندەرانە ئەوەش ئاشکرا دەکەن، کە "کاری ناجێگیر لە تونس بە زۆری ژنان بووە"، ژنان لە کەمترین سەقامگیر و کەمترین موچەدا چڕبوونەتەوە، کەلێنی نێوان ژنان و پیاوان زیاتر فراوانتر دەبێت کاتێک باس لەو کارانە دەکرێت کە پێویستیان بە ئاستی بەرزی لێهاتوویی و بڕوانامە هەیە.
ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنانی تونس ڕووبەڕووی سەختی زیاتر دەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا، کە کەمی کرێ و تێچووی زۆری ژیان، بەشێک لە ژنان ناچار دەکات لەنێوان کار و چاودێری منداڵدا هەڵبژێرن، هەروەها گرانی تێچووی دایەنگە و باخچەی ساوایان بە بەراورد بە موچە پاڵ بە زۆرێکەوە دەنێت کە لەبری ئەوەی بچنە ناو هێزی کارەوە لە ماڵەوە بمێننەوە.
کێشەکە تەنها لە تێچووی زۆردا سنووردار نییە، هەروەها درێژدەبێتەوە بۆ کەمیی دایەنگە و باخچەی ساوایان، بەتایبەتی لە ناوچە پیشەسازییە گەورەکاندا، ئەم خزمەتگوزاریانە بە شێوەیەکی نموونەی دەبێ لە نزیک شوێنی کار بەردەست بن، دامەزراوە تایبەتەکانیش بەشداری بکەن لە پێشکەشکردنیان، وەک چۆن لە چەندین نموونەی نێودەوڵەتیدا پراکتیزە دەکرێت.
ڕوانگەیەکی ڕەگەزی
سەمیە مەعماری ڕوونی دەکاتەوە، کە پەسەندکردنی ڕێبازی ڕەگەزی لە سیاسەتە گشتییەکان، لەوانەش سیاسەتە داراییەکان، تا ئێستاش بە ناتەواوی ماوەتەوە، وتی: یاساکانی دارایی، بە تایبەتی ئەوانەی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان نەهێناوەتە ئاراوە بەرەو تێکەڵکردنی پرسەکانی ژنان لە سیاسەتە گشتییەکاندا، ڕێبازێکی ڕوون و سیستماتیکی لەسەر بنەمای ڕێڕەوی ڕەگەزی لەناو پلاندانانی داراییدا وەرنەگیراوە.
وتیشی: ئەوەی جێی سەرنجە بەردەوامی مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشەکانی ژنان لەڕێگەی ڕێوشوێنی بەشەکی یان کەرتییەوە، بەبێ ئەوەی بیانخاتە ناو دیدێکی گشتگیر و یەکگرتووەوە، هەرچەندە بڕیاربوو سیاسەتە داراییەکان ئامرازێکی سەرەکی بن بۆ چەسپاندنی یەکسانی ڕەگەزی لەناو سیاسەتە گشتییەکاندا.
ئاماژە بەوە دەکات، کە نەبوونی هیچ ڕێوشوێنێک بۆ پشتگیریکردنی ژنان لە یاسای دارایی ساڵی ٢٠٢٦دا پشتڕاستی دەکاتەوە کە پرسەکانیان لە پێشینە نین، هەروەها ڕوانگەی ڕەگەزی لە پلاندانان و چاودێریکردن و جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندندا ئامادەنەبووە، ئەم نەبوونیە ڕێگری دەکات لە ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانی نێوان ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا، لە نێوان کەرتە جیاوازەکاندا، پێداویستییەکانیان کە پەیوەندییان بە تەندروستی و پەروەردە و پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
ئەنجومەنی باڵای یەکسانی
بۆ ئەوەی لە سیاسەتە گشتییەکانی داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە ژنان بدرێت، سەمیە مەعماری داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای یەکسانی دەکات کە سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی هەبێت، ئەرکی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی سیاسەتە گشتیەکان دەبێت لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزییەوە، هەروەها بوونی دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پرسی ژنان جێگەیەکی ناوەندی لەناو حکومەتدا هەبێت، لەبری ئەوەی بە پەرش و بڵاوی لە کەرتە جیاوازەکاندا بمێنێتەوە.
لە کۆتای قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە بەدەستهێنانی یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێویستی بە کردنەوەی دیالۆگ لەسەر یەکسانی میراتیش هەیە، چونکە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بەرەو بەدەستهێنانی یەکسانی ئابووری بۆ ژنانی تونس.