میراتی ژنان لە نێوان نەریت و مافدا؛ نایەکسانییەک کە دەبێتە هۆی توندوتیژی
بێبەشکردنی ژنان لە مافی میرات تەنها لەدەستدانی مافێکی دارایی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە نایەکسانی و زۆرلێکردنی کۆمەڵایەتی کە کاریگەری لەسەر سەربەخۆیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژنان دادەنێت، لە هەندێک خێزاندا ژنان بەهۆی نەریت، فشار لە مافی میراتی خۆیان خۆشدەبن.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی-مافی میرات یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان، بەڵام لە هەندێک کۆمەڵگەدا هێشتا نەریت و باوەڕی کۆمەڵایەتی دەبنە ڕێگر لە بەدەستهێنانی ئەم مافە. زۆرجار ژنان لەبەر پاراستنی پەیوەندیی خێزانی، فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان، یان نەبوونی هۆشیاری یاسایی، لە مافی میراتی خۆیان بێبەش دەکرێن،بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە تەنها ئەرکی ژنان نییە، بەڵکو پێویستی بە هەماهەنگی خێزان، دامەزراوە یاساییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و میدیا هەیە؛ بۆ ئەوەی مافی ژنان لە میراتدا لە ئاستی دروشم و قسەوە بگوازرێتەوە بۆ واقیعی ژیان و هیچ ژنێک بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە لە مافی خۆی بێبەش نەکرێت، پەیام خەلیل پارێزەر و چالاکوان بۆ ئاژانسی نوژنها دەدوێت.
" یاسا دەبێت چەترێکی گشتی بێت بۆ هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو"
پەیام خەلیل وتی: کاتێک باس لە بابەتی میرات لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەکەین، دەبینین کە ئێمە لە نێوان دوو بەربەستداین؛ یەکەمیان یاسا و ماددە یاساییەکانی دادگایە، دووەمیان نەریت و کولتووری باوی کۆمەڵگەیەم لە هەمان کاتدا، هەر ئایین و مەزهەبێک ڕوانگە و بۆچوونی تایبەتی خۆی لەبارەی میراتەوە هەیە،کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و فرەئایینە؛ هەندێک سەر بە مەزهەبی حەنەفین، هەندێک سەر بە مەزهەبی جەعفەرین و هاوڵاتی کریستیانیشمان هەیە. بۆیە ناتوانین لە کۆمەڵگەیەکی فرەئایین و فرەمەزهەبدا تەنها لە ڕوانگەی مەزهەبێکی دیاریکراوەوە سەیری بابەتی میرات بکەین، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە یاسا دەبێت چەترێکی گشتی بێت بۆ هەموو هاوڵاتیان، بەبێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو، ئایین و مەزهەب و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. نابێت نەریت و قسەوقسەڵۆکی کۆمەڵگە ببنە هۆی ئەوەی ژنان لە مافە یاساییەکانی خۆیان بێبەش بکرێن،پێویستە هەموومان لە ژێر چەترێکی یاسایی یەکساندا کۆبینەوە؛ چونکە مافی میرات مافێکی یاساییە و پاراستنی ئەو مافە دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە شەریعەتی ئیسلامدا، بە گشتی کوڕ دوو بەشی میرات وەردەگرێت و کچ یەک بەش بەڵام لە بابەتی میراتدا حاڵەتگەلێک هەن کە جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا ناکرێت و هەردووکیان بە یەکسانی میرات وەردەگرن، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک کۆچی دوایی بکات و لە دوای خۆی کچ و کوڕ و هاوژین، هەروەها دایک و باوکی بەجێبهێڵێت، لەم حاڵەتەدا دایک و باوکی مردووەکە بە یەکسانی مافی میراتیان هەیەو هەر یەکەیان بەشی شەشەمی میرات وەردەگرێت. واتە لەم حاڵەتەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ لە وەرگرتنی ئەم بەشەدا نییە،حاڵەتێکی دیکەش بابەتی زەوی کشتوکاڵییە. لەو جۆرە زەویانەدا کە مافی بەکارهێنان و دەستبەسەرداگرتنیان پەیوەندی بە دەوڵەتەوە هەیە، شێوازی میرات و گواستنەوەی مافەکە جیاوازە. بەپێی ڕێساکانی یاسای مەدەنی، لە دابەشکردنی مافی زەوی کشتوکاڵیدا کوڕ و کچ بە یەکسانی ماف وەردەگرن؛ واتە هەر یەکەیان ٥٠ لە سەدی ئەو مافەیان دەبەوێت،کەواتە ئەم نموونانە نیشان دەدەن کە بابەتی میرات تەنها بە یەک حوکم و یەک شێواز چارەسەر ناکرێت، بەڵکو جۆری موڵک و بارودۆخی یاسایی و حاڵەتی میراتگران ڕۆڵی گرنگیان لە دیاریکردنی بەشەکاندا هەیە.
"هەندێک نەریت بەسەر مافی یاسایی ژناندا زاڵە"
پارێزەر پەیام خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە لە هەندێک حاڵەتدا ژنان دەکەونە نێوان داب و نەریتی خێڵەکی و کلتووری کۆمەڵگا لە لایەک و یاسا لە لایەکی ترەوە، کە ئەمانە دوو بابەتی تەواو جیاوازن. بۆ نموونە، ژنێک هەیە نە برا و نە دایک و باکی لە ژیاندا ماون، تەنها دوو یان سێ مامەکەی ماونەتەوە. لێرەدا ژنەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری و بەزەیی ماڵی مامەکانی، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، لە هەندێک حاڵەتدا مامەکان بە پشتبەستن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی فشار لەسەر ژنەکەدەخەن و ڕێگری لە وەرگرتنی میراتەکەی دەکەن، بەو بیانووەی نابێت هەموو میراتی باوکی وەربگرێت و دوای هاوسەرگیری بگوازێتەوە بۆ ماڵی کەسێکی تر. ئەمەش یەکێکە لەو نەریتە کۆمەڵایەتییانەی کە لە هەندێک خێزاندا بەسەر مافی یاسایی ژناندا زاڵ دەبێت،حاڵەتێکی تریش ئەوەیە کە کچەکە تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمترە و هێشتا نەگەیشتووەتە تەمەنی یاسایی. لە هەندێک باردا فشاری دەروونی لەسەر دەخرێت و هەڕەشەی لێ دەکرێت کە ئەگەر لە دادگا ڕازی نەبێت و لە مافی میراتەکەی خۆی تەنازول نەکات، خێزانەکە خۆی لێ بێبەری دەکات، لە ماڵ دەری دەکات و ڕێگەی پێ نادات لەگەڵیاندا بژی،لەو حاڵەتەدا کچەکە بەهۆی ترس و نەبوونی شوێنێکی تر بۆ پەناگرتن، ناچار دەبێت لە مافی یاسایی خۆی تەنازول بکات، لە کاتێکدا لەوانەیە هەر ئاگاداری مافەکانی خۆیشی نەبێت.
"دەبێت هۆشیاری یاسایی بۆ ژنان بڵاوبکرێتەوە"
ئەوەشیخەتڕوو، حاڵەتێکی تریش ئەوەیە کە ژنەکە دوای گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵ، ئاگاداری مافەکانی دەبێتەوە و داوای میراتی خۆی دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا ماڵی مامەکانی لێی بێبەری دەبن و بە شێوەیەکی جۆراوجۆر پشتگوێی دەخەن؛ نە بژێوی ژیانی بۆ دابین دەکەن و نە خەرجی خوێندن و پێداویستییەکانی تری. بەڵکو بەو بیانووەی کە میراتەکەی وەرگرتووە، پێی دەڵێن: "ئێستا با میراتەکەت بژێوی ژیانت دابین بکات"، لەبارەی چارەسەری ئەم حاڵەتانەوە لە ڕووی یاساییەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە یاسای باری کەسی عێراقی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، کە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەندێک ماددەی هەمووار کراوەتەوە، لەوانەش بابەتی فرەژنی، بەڵام بابەتی میرات وەک خۆی ماوەتەوە،ب ەپێی ئەو ڕوونکردنەوە یاساییەی خۆی پێشکەشی کرد، لە هەندێک حاڵەتی دیاریکراودا، ژنەکە دەتوانێت هەموو میراتی باوکی وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر براشی نەبێت. ئەمەش مافێکی یاساییە و نابێت بەهۆی داب و نەریت یان فشارە کۆمەڵایەتییەکان لێی زەوت بکرێت،کە بەداخەوە زانیاری و هۆشیاری یاسایی بە شێوەیەکی پێویست لە کۆمەڵگەدا بڵاو نەکراوەتەوە، تەنانەت هەندێک لە پارێزەرانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم مافە یاساییەیان بۆ ژنان ڕوون نەکردووەتەوە؛ لەبەر ئەوە پێویستە هۆشیاری یاسایی زیاتر بڵاو بکرێتەوە، تاکو ژنان بزانن مافیان چییە و چۆن دەتوانن لە چوارچێوەی یاسادا مافەکانی خۆیان بپارێزن.
"بە فشاری کۆمەڵایەتی ژنان لەمافی میرات بێبەش دەکرێن ئەمە سزای هەیە"
پەیام خەلیل وتیشی: لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەشێکی بەرچاو لە ژنان بەهۆی فشارە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە مافی میراتی خۆیان بێبەش دەکرێن، زۆرجار براکان بە بیانووی ئەوەی کە "عەیبە خوشکەکەت میرات وەربگرێت"، یان "ئەو میراتە بۆ هاوژینەکەی دەبات و بۆ کەسێکی بێگانە دەبێت"، فشار لە خوشکەکانیان دەکەن تا لە مافی میراتی خۆیان خۆبەخشانە تەنازول بکەن،ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە وای لە ژن دەکات هەست بکات وەرگرتنی مافی خۆی دەرچوونە لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی و هەڵەیەکە، لە کاتێکدا میرات مافێکی یاساییەو ژن مافی هەیە بە پێی یاسا بەشی خۆی وەربگرێت، لە ڕووی یاساییەوە، لێخۆشبوون لە مافی میرات دەبێت بە ڕەزامەندی و ویستی ئازادانەی ژن بێت، نەک لە ئەنجامی فشار و ناچارکردندا، ئەگەر ژنێک لەبەردەم دادگا ڕایبگەیەنێت کە بەهۆی فشارە دەروونییەکان یان هەر جۆرە ناچارکردنێکی ترەوە لە مافی خۆی خۆشبووە، یاسا ڕێکاری تایبەتی بۆ پاراستنی مافەکەی دیاری کردووە، بە پێی یاسا ناچارکردنی ژنان بۆ دەستبەرداربوون لە مافی میرات، تاوانە و بۆ ئەو کەسانەی ئەم فشارە دەخەنە سەر ژنان، سزای یاسایی لەوانە بەندکردن یان سزای ماددیی دیاری کراوە،کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە یاسا مافی میراتی ژنانی پارێزگاری نەکردووە، بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی هۆشیاری یاسایی و زاڵبوونی هەندێک دابونەریتی کۆمەڵایەتییە کە ڕێگر دەبن لەوەی ژنان داوای مافی خۆیان لە ڕێگەی دادگا بکەن، بۆیە پێویستە ژنان بزانن کە وەرگرتنی مافی میرات شەرم نییە، بەڵکو مافێکی یاساییە کە دەبێت بپارێزرێت.
"شاردنەوەی موڵک لە ژنان هۆکارێکە کە ناتوانن بە ئاسانی داوای مافی خۆیان بکەن"
پارێزەر پەیام خەلیل وتیشی: هێشتا پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا دەوروبەری ژنان نایانەوێت ژنان بە مافە یاساییەکانی خۆیان بگەن،کە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی، تەنها هۆشیارکردنەوەی ژنان بەس نییە، بەڵکو پێویستە پیاوانیش لە ڕێگەی مینبەر و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشیار بکرێنەوە و بزانن کە پاراستنی مافەکانی ژنان، بە تایبەتی لە بابەتی میراتدا، ئەرکێکی یاسایی و کۆمەڵایەتییە،کە لە وڵاتێکی مەدەنی و خاوەن یاسادا دەژین و ژن و پیاو هەردووکیان مافی یاساییان هەیە، نابێت بە بیانووی مەزهەبی، عەشیرەتی یان ڕێککەوتنی ناوخێزانی، مافی خوشک و دایک و کچ لە میراتدا پشتگوێ بخرێت و موڵک و ماڵ بەبێ ڕەزامەندی و بەشداریی ئەوان دابەش بکرێت،کرد کە ژنان دەبێت هۆشیاریی یاسایییان هەبێت و بزانن کاتێک مافێکیان پێشێل دەکرێت، دەتوانن بە ڕێگای یاسایی داوای مافەکانی خۆیان لە دادگا تۆمار بکەن. بەڵام لە بەرامبەردا کێشەیەکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەندێک ژن بەهۆی نەبوونی بەڵگە و سەنەدی یاسایی، ناتوانن بوونی هەندێک زەوی و موڵکی باوکیان بسەلمێنن، بە تایبەتی ئەو موڵکانەی کە تاپۆیان نییە،کە شاردنەوەی زانیاریی موڵک و زەوی و زار لە خوشک و کچ و دایک، یەکێکە لەو تەگەرە یاسایی و کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێگر دەبن لە بەدەستهێنانی مافی میراتی ژنان و وایان لێ دەکات نەتوانن بە ئاسانی داوای مافی خۆیان بکەن، کە شاردنەوەی زانیاریی موڵک و زەوی و زار لە خوشک و کچ و دایک، یەکێکە لەو تەگەرە یاسایی و کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێگر دەبن لە بەدەستهێنانی مافی میراتی ژنان و وایان لێ دەکات نەتوانن بە ئاسانی داوای مافی خۆیان بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لەم بارەیەدا دوو دۆخی جیاوازمان هەیە؛ یەکەمیان ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵدان، و دووەمیان ئەو کچانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زیاترە،بەپێی یاسا، هەردوو حاڵەتەکە ڕێکاری تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندی کچەکە. لەبارەی کچانی خوار ١٨ ساڵەوە، یاسا سەرپەرشتیارێکیان بۆ دیاری دەکات، کە لەوانەیە مامەکانیان بن، بە مەرجێک ئەم سەرپەرشتیارییە لە بەرژەوەندی کچەکەدا بێت، سەرپەرشتیار مافی ئەوەی نییە بەبێ ڕەزامەندی دادوەر هیچ موڵکێکی کچەکە بفرۆشێت یان پارەی هەڵگرتوو لە بانک دەربکات، تەنها لەو حاڵەتانەدا دەتوانێت ئەم کارانە بکات کە دادوەر دڵنیابێت ئەو بڕە پارەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کچەکە، بژێوی ژیان، خەرجی خوێندن یان کڕینی موڵکێکی باشتر بۆی بەکاردەهێنرێت،ئ ەگەر دادوەر بۆی دەربکەوێت کە سەرپەرشتیاری دیاریکراو لە دژی بەرژەوەندی کچەکە کار دەکات، ئەوا دەتوانێت سەرپەرشتیارێکی دەرەکی بۆی دیاری بکات، کە لەوانەیە فەرمانبەرێکی حکومی بێت، بۆ ئەوەی چاودێریی پارە و موڵکەکانی کچەکە بکات و مافەکانی بپارێزێت،کردەوە، کە کاتێک کچەکە دەگاتە تەمەنی ١٨ ساڵ، موڵک و سامانەکانی دەخرێنە بەردەستی خۆی و دەتوانێت بە سەربەخۆیی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.