"هاوسەرگیریی لە دەرەوەی دادگا دەبیتە گرفتی سەرەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەکە"
دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان چیتر تەنها نەریتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بووەتە بازنەیەکی تەواوی توندوتیژی کە ژنانی گەنج باجەكەی دەدەن، لەناو دابەزینی یاساکان، لاوازی جێبەجێکردن، زاڵبوونی دابوونەریتی خێڵەکی، زیادبوونی هەژاری، وێنەیەکی ناخۆش لە ڕاستییەک دەردەکەوێت.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی- لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان یاسا و سزای تایبەتی بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری مندالان و هاوسەرگیری بە زۆرەملێ داناوە، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق مشتومڕێکی فراوانی لەسەر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری و پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان درووست کردووە، چونکە بەپێی یاساکە خێزان دەتوانێت هاوسەرگیری بۆ منداڵەکەی ڕێکبخات، ئەمەش مەترسی بۆسەر مندالان دروست دەکات و ڕەنگە بابەتی مەترسیداری دیکەشی لەدوابێت.
بەڵام بەپێی یاسای ژمارە (١٥)ـی ساڵی ٢٠٠٨ـی هەرێمی کوردستان، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری ١٨ ساڵە، لە هەندێک دۆخی تایبەتدا، هاوسەرگیری لە تەمەنی ١٦ ساڵیش ڕێگەپێدراوە، بە مەرجێک دادوەر دڵنیابێت لە پێگەیشتنی جەستەیی و عەقڵی کەسەکە و ڕەزامەندیی هەردوو لایەن بە ڕوونی هەبێت، لە بەرامبەردا، بەپێی هەمووارکراوی یاسای باری کەسیی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢٥ پەسەند کرا، لە هەندێک بارودۆخدا پێگەشتنی جەستەیی بۆ هاوسەرگیری لەبەرچاو دەگیرێت، کە نۆ ساڵ بۆ کچ و ١٥ ساڵ بۆ کوڕ باس دەکرێت.
" بەپێی یاسا بەهیچ جۆرێک نابێت منداڵانی هاوسەرگیری بکەن"
سەنا کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی لەبارەی هاوسەرگیری منداڵان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی:کە دەڵێن هاوسەرگیری زوو مەبەستمان چیە هەر ژنێک ١٨ ساڵی تەواو نەکردبێت هاوسەرگیری کردبێت پێدەڵێن بەشودانی زوو، بەپێی یاسا بەهیچ جۆرێک نابێت منداڵانی هاوسەرگیری بکەن تەنیا لەکاتێکدا دەبێت کە کە منداڵە کچەکە ١٦سالی تەواوکردبێت، شیاوی جەستەیی و ئەقلی هەبوو هۆکارێکی بەهێزی هەبوو بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکات بۆیە ڕێگە پێدانی دادوەر وەربگرێت و هاوسەرگیری بکات، هەندێک هۆکار هەیە بۆ زوو هاوسەرگیری کردنی منداڵانی کچ، هۆکاری ئابووری وکۆمەڵایەتی هەندێک لە منداڵانی کچ خۆیان ئارەزووی ئەوە دەکەن زوو هاوسەرگیری بکەن هەندێک فشاری کۆمەڵایەتی لەسەر و هەندێکیش بەهۆی باردۆخی ئابووریەوە دەیەوێت هاوسەرگیری بکات.
کاریگەریە نەرینیەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوو بۆسەر منداڵان
ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک کات ئەو منداڵە کچە ئەقلی کامڵ نەبووە زۆر تووشی کێشە دەبێت لەبڕیارداندا بایی ئەوەندە نەگەیشتووە بەشیاویەک بتوانێت بایی ئەوەی مندال بەخێوبکات، هەندیک کات هەیە پڕۆسەکە زوو ڕویداوە زوو هاوسەرگیری کردووە، توانیوویەتی مالێکی باش پێکەوە بنێت، ناتوانین بڵێن هەموو پڕۆسەیەکی هاوسەرگیری کەبەزووی دەکرێت تەمەنی ١٦ساڵ بیت ڕەزامەندی دادوەری وەرگرتبێت، هاوسەرگیری بکات ئەمە هاوسەرگیریەکە لەدوایدا شکست دێنێت، کەدێتە بەردەمی دادوەر لەدادگا لەگەریەکە لەدادگاکانی ''سلێمانی وهەولێر و دهۆک وهەڵەبجە''دادوەر دڵنیادەبێتەوە لەشیاوی ئەم ژنە لەڕووی ئەقڵی و باردۆخی جەستەیی و دەروونی، لەهەرێمی کوردستان یاساکان هەموار کراوەتەوە منداڵی کچ ناتوانێت پێش تەمەنی ١٦ساڵ هاوسەرگیری بکات،لەدوای تەمەنی ١٦ساڵیش دەبێت بیتە بەردەم دادوەر ڕەزامەندی دادوەر وەربگریت، کێشەکان لێرەدا سەرهەڵدەدات کە ژنان دەچن لەدەرەوەی دادگا پڕۆسەیی هاوسەرگیری لەلای مەلا ئەنجام دەدەن، لەئێستادا حاڵەتەکان بەڕێژەیەک کەم بۆتەوە، ئەمە هۆکارە کەکێشە وگرفتمان بۆ دروست دەکات، دادوەر نایان بینێت لەدەرەوە هاوسەرگیری دەکەن دواتر دەبێت بەکێشە بۆ خۆیان و دەروسبەر وکۆمەلگەکەش، مەترسیدارترین ئەو دیاردانەی کە لە دەرەوەی مارەبڕینی یاسایی ڕوودەدەن، ئەو دیاردانەن کە بە یاسایی قەدەغەکراوە، بەڵام لە مارەبڕینی دەرەوەی یاسا پەردەپۆش دەکرێن، ئەوانیش، هاوسەرگیریی پێشوەختە و بەزۆرەملێ، فرەژنی، گەورە بە بچووک، هاوسەرگیریی کاتی، هاوسەرگیری سەربێشکە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەنا کەمال وتی: کێشەکان هەندێک کات ئێمەی ژنان نەمانتوانیوە ناو ماڵی خۆمان بەتەواوی یەک بخەین، پێویستە ئاڕاستەیی ئیش کردن بگۆڕێت بەهیچ جۆرێک بەهێچ شێوازێک توندوتیژی بەرامبەر ژن نەکرێت چ لەلایەن پیاوان و یان لەلایەن ژنانی ترەوە، دەبێت ئێمە ناوماڵی خۆمان یەک بخەینەوە و خۆمان ڕەحم بەخۆمان بکەین ئینجا داوابکەین ڕێز لەبیرو بۆچونمان بگیرێت.