ئایا یاسا بەسە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژیی منداڵبوون؟
زەینەب ئەبو تالیب، پاڕێزەر دەڵێت: توندوتیژی لە کاتی منداڵبووندا کەلێنێکی یاسایی و دژواری لە سەلماندندا دەردخات، ئەوەش پێویستی بە مسۆگەریی یاسایی هەیە کە ڕەزامەندیی هۆشیارانە دەستەبەر بکات، کەرامەتی ژنان بپارێزێت.
ئەسما فەتحی
میسر ـ ئەو سزایەی بەسەر ئامینە سوەیدان، پزیشکدا سەپێندرا بە شەش مانگ زیندانیکردن، لەسەر پۆستێک کە بەسەرهاتەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژیی منداڵبوونی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی میسر خستبووە ڕوو، جارێکی تر دانوستاندنێکی بەرفراوانی هێنایەوە ئاراوە دەربارەی سنوورەکانی مافی درکاندنی ئەو پێشێلكارییانەی ژنان لە کاتی منداڵبووندا تووشی دەبن، ئاستی توانای سیستەمی یاسایی بۆ پاراستنی زیانبەرکەوتووان لەو دۆسیانەی کە تێیاندا سەلماندن یان بەڵگەدارکردنی بەسەرهاتەکان دژوارە.
چونکە دۆسیەکە لە سنووری بڕیاری دادگادا نەوەستا، بەڵکو درێژبووەوە بۆ دروستکردنی پرسیارگەلێک سەبارەت بە ڕاستیی ژوورەکانی منداڵبوون، مافەکانی ژنان لە ناویدا، ڕێکارەکانی لێپرسینەوەی یاسایی لە کاتی ڕوودانی هر بەزاندنێکدا، ئەم کاردانەوەیە لە کاتێکدا دێت کە زاراوەی "توندوتیژیی منداڵبوون" ئامادەیییەکی گەشەسەندوو بەخۆیەوە دەبینێت لە دانوستاندنە دادپەروەری و پزیشکییەکاندا، بۆ چەندین ساڵ، زۆرێک لە پراکتیزەکان وەک بەشێک لە ڕێکارە پزیشکییە ئاساییەکان بوون یان وەک هەڵەی پیشەیی پۆلێن دەکران، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو پێشێلکارییانە بکرێت کە لەوانەیە بەدوای خۆیاندا بهێنن کە کاریگەرییان لەسەر کەرامەتی ژنان و مافی چاودێری تەندروستی پارێزراویان هەیە کە ڕێز لە ئیرادە و تایبەتمەندییان بگرێت.
زەینەب ئەبو تالب، پارێزەر خوێندنەوەیەکی یاسایی و مرۆیی بۆ ڕەهەندەکانی دۆسیەکە پێشکەش دەکات، ڕوونیکردەوە، کە چارەسەرکردنی توندوتیژی منداڵبوون تەنها پێویستی بە لێپرسینەوە لە تاوانباران نییە، بەڵکو داوای پێداچوونەوە بە چوارچێوەی یاسایی بەڕێوەبردنی پراکتیکی پزیشکی دەکات، بەهێزکردنی ئەو مسۆگەریانەی کە مافی ژنان بۆ زانین، ڕەزامەندی، ڕاپۆرتکردن و بەدەستهێنانی پاراستنی یاسایی تەواو مسۆگەر دەکەن.
دۆسیەی ئامینە سوەیدان پرسی بەڵگەدارکردنی جارێکی تر هێنایەوە ئاراوە
ئەو دۆسیەیەی لە دەوری ئامینە سوەیدان پزیشک دروست بوو، جارێکی تر تیشکی خستەوە سەر کێشەی بەڵگەدارکردن، دوای ئەوەی ڕای گشتی زیاتر بە سزاکەوە سەرقاڵ بوو وەک لە سەرقاڵبوونی بە دانوستاندن دەربارەی سروشتی ئەو پێشێلكارییانەی کە لە بنەڕەتدا بوونە هۆی بڵاوکردنەوەی ئەو شایەتحاڵییە.
زەینەب ئەبو تالیب ئەی بەوەشکرد، کە بڕیارەکە لە ڕووی نەبوونی بەڵگەکانەوە هات کە بەسەرهاتە بڵاوکراوەکان دەسەلمێنن، قەیرانە سەرەکییەکە لە دژواریی دابینکردنی هۆکارەکانی سەلماندندایە لە ناو ژوورەکانی منداڵبووندا، نەک بە پێویستی لە ڕوونەدانی پێشێلكارییەکاندا، کە یاسا لە شێوەی ئێستایدا یەکەمایەتی دەدات بەوەی کە دەکرێت لە بەردەم دادگادا بسەلمێندرێت، هەروەها داوا دەکات هەموارکردنی یاسایی ئەنجام بدرێت کە چەمکی بەرپرسیارێتیی پزیشکی فراوانتر بکات تاوەکو پێشێلكارییە دەروونیش بگرێتەوە، هەر ڕەفتارێک کە دەست بۆ کەرامەتی ژن ببات یان لە مافی خۆی لە بڕیاردان لەسەر جەستەی کەم بکاتەوە، بە شێوەیەک کە لێپرسینەوە تەنها لەسەر هەڵەی نەشتەرگەری یان ئاڵۆزییە پزیشکییەکان کورتبڕ نەبێتەوە.
جەخت لەسەر پێویستی پێداچوونەوەی شێوازەکانی ڕەزامەندی دەکاتەوە، کە ژنان لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ نەخۆشخانە واژویان دەکەن، بە جۆرێک ڕەزامەندی بەستراوە بێت بە هەر دەستوەردانێکی پزیشکییەوە بە جیا، بە پابەندکردنی پزیشک بە ڕوونکردنەوەی ڕێکارە پێشنیازکراوەکە، هۆکارەکانی، مەترسییەکانی، جێگرەوە گونجاوەکان، تاوەکو بڕیاری نەخۆشەکە لەسەر بنەمای زانیاریی تەواو بێت، نەک ڕەزامەندییەکی گشتی کە دواتر بۆ پاساودانی ڕێکارگەلێک بەکاربهێنرێت کە لێیان ئاگادار نەبووە.
زەینەب ئەبو تالیب وتی: ڕێگەدان بە ئامادەبوونی هاوەڵێک لە پلە یەک دەکرێت مسۆگەرییەکی زیاتر بێت بۆ پاراستنی ژنەکە، بەتایبەت لەو کاتانەی کە ڕێکارە پزیشکییەکان ڕێگەی پێدەدەن، چونکە بوونی کەسێک کە نەخۆشەکە متمانەی پێی هەبێت، توندیی دڵەڕاوکێ و ترسی هاوڕێی منداڵبوون کەمدەکاتەوە.
چەمکێک کە لە هەڵەی پزیشکی تێپەڕدەبێت
ساڵانی دوایی گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی لە بەکارهێنانی زاراوەی "توندوتیژیی منداڵبوون"، بەڵام دانپێدانانی یاسایی پێیدا هێشتا سنووردارە، لە کاتێکدا هێشتا زۆرێک لە ڕەفتارەکان وەک بەشێک لە کاری پزیشکی ڕووندەکرێنەوە یان دەکەونە خانەی هەڵەی پیشەیییە نەریتییەکانەوە، بێ ئەوەی ڕەچاوی لە ڕەهەندە دەروونی و مرۆییەکانیان بپۆشرێت، هەروەها ئەم شێوازەی توندوتیژی دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو ساڵانێکی درێژە بوونی هەبووە، بەڵام لە دانوستاندنی گشتی دوور بووە و پێناسەی یاسایی یان کۆمەڵایەتیی شایستەی خۆی بەدەستنەهێناوە، لەگەڵ زیادبوونی شایەتحاڵیی ژناندا، بووەتە پێویستییەکی دڵنیای کە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕەفتارانەدا بكرێت.
چونکە گەشەسەندنی ڕاستەقینە تەنها لە هێنانەئاراوەی زاراوەیەکی نوێدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بەوە دەستپێدەکات کە دان بنرێت بەوەدا، کە کەرامەتی ژن، مافی لە بڕیاردان، ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکەی، هەموویان مافی ڕەسەنن کە ڕێگەپێدراو نییە ژێردەست بكرێن لەژێر هیچ پاساوێکدا، ئەگەر پێویستیی پزیشکیی ڕاستەقینە ئەوە بسەپێنێت بەپێی ڕێنمایی ڕوون.
ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەندێک لە ژنان سەرسام دەبن بە گۆڕینی پلانی منداڵبوون لە سروشتییەوە بۆ منداڵبوونی قەیسەری بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی پێویست یان ڕەزامەندیی ڕاستەقینە بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا هەندێک دامەزراوە پشت بە شێوازی ڕەزامەندیی گشتی دەبەستن کە ژنەکە لە کاتی چوونە ژوورەوەی نەخۆشخانە واژووی کردووە، بۆ پاساودانی ڕێکارگەلێک کە ئاگادارییان نەبووە، هەروەها ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی هەندێک لە ژنان باوەڕ بەوەی چووبنە قۆناغی پێشکەوتووی منداڵبوونەوە، داواکردنی گەڕانەوەیان بۆ کاتێکی تر، ڕەنگە ژیانیان و ژیانی منداڵەکانیان بخاتە مەترسییەوە، هەندێک لە ژنان ڕووبەڕووی دەستەواژەیەک دەبنەوە کە لە ئازارەکانیان کەم دەکاتەوە، وەک بە هەند وەرگرتنی هاواری ئازار وەک جۆرێک لە نازکردن، بەراوردکردنیان بە ژنانی تر، کە ئەمەش ڕەفتارگەلێکن کاریگەریی دەروونیی زۆر قووڵ بەجێدەهێڵن، سەرڕای ئەوەی ڕەنگە لای هەندێک کەس تەنها وشەی ئاسایی دیار بن.
بۆچی ژنان دوودڵن لە گەیاندنی سکاڵا؟
زەینەب ئەبو تالیب ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنان دوای منداڵبوون لە بارودۆخێکی زۆر مانوودان، ڕەنگە لە هەمان ساتدا هۆشیار نەبێت بەوەی هەندێک لەوەی تووشی بووە بە پێشێلكاریی مافەکانی ئەژمار دەکرێت، بەتایبەت ئەگەر ئەمە یەکەم ئەزموونی بێت، هەروەها هەندێک ڕەفتار پێشکەش بە نەخۆشەکە دەکرێن وەک ئەوەی ڕێکاری پزیشکیی ئاسایی بن، کە ئەوەش وای لێدەکات وەک بەشێک لە پڕۆسەی منداڵبوون مامەڵەی لەگەڵدا بکات، سەرڕای ئەوەی لە سنووری پیشەییی تەندروست تێپەڕێت.
چونکە ترس لە پەڵەی کۆمەڵایەتی، کەرستەی کێشەی خێزان و کۆمەڵگە، سەرەڕای دژواریی سەلماندنی بەسەرهاتەکان، زۆرێک لە ژنان بەرەو بێدەنگی دەبات، تەنانەت لەگەڵ باوەڕی زیانبەرکەوتووەکە بەوەی کە ڕووبەڕووی پێشێلكاری بووەتەوە، پرسیار دەربارەی سوودی سکاڵاکردن و ئەگەری بەدەستهێنانی مافی بە بەهێزی دەمێنێتەوە، لە سایەی هەستکردن بەوەی بەهای دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان.
یاسادانانی ئێستا بە پلەی سەرەکی پشت بە یاسای سزادان و یاسای بەرپرسیارێتیی پزیشکی دەبەستێت، بێ ئەوەی دەقی ڕوون هەبێت کە مامەڵە لەگەڵ توندوتیژیی منداڵبوون بکات وەک پێشێلكارییەکی سەربەخۆ، جگەلەوەش زیانپێگەیاندنی بڕگە یاساییەکان کە ئەم ۆردە ڕێکدەخەن دەتوانێت بەشێک لە کەلێنی یاسایی هەبوو پڕبکاتەوە، بوونی دەقی ڕوون ژنان هان دەدات بۆ سکاڵاکردن، هەروەها هۆشیاریی دامەزراوە پزیشکییەکان بەهێزتر دەکات بۆ پابەندبوون بە مافی نەخۆشەکانەوە، پێوەری وردتر دادەنێت بۆ لێپرسینەوە لە کاتی ڕوودانی هر سنوور بەزاندنێک، چ جەستەیی بێت یان دەروونی یان پەیوەندیدار بێت بە پێشێلكردنی مافی ڕەزامەندیی هۆشیارانە.
ئایا بڕیارەکە ڕێگە لە درکاندن دەگرێت یان بەرەو بەڵگەدارکردن فشاری دەخرێتەسەر؟
بڕیارە دەرچووەکەی دۆسیەکە جارێکی تر پرسیارگەلێکی هێنایەوە ئاراوە دەربارەی کاریگەرییەکەی لەسەر ئەو ژنانەی ڕەنگە لە داهاتوودا بیر لە بڵاوکردنەوەی ئەزموونەکانیان بکەنەوە، ئایا دەبێتە هۆی پاشەکشەی قسەکردن دەربارەی پێشێلكارییەکان یان پاڵپێوەنەر دەبێت بۆ گەڕان بەدوای هۆکاری ئارامتر بۆ سەلماندنیان، بڕوای وایە کە بڕیارەکە شوێنەوارێک لە ترس لە سەرەتادا بەجێبهێڵێت، هەندێک لە ژنان ڕادەکێشێت بۆ دوودڵی پێش بڵاوکردنەوەی ئەزموونەکانیان یان سکاڵاکردن لێیان، بەڵام پێیوایە ئەم کاریگەرییە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابێت، بل ڕەنگە بگوڕێت بۆ هاندەرێک بۆ زیاترکردنی هۆشیاری بە گرنگیی بەڵگەدارکردنی بەسەرهاتەکان و پاراستنی بەڵگەکان تا ئەوەندەی لە چوارچێوەی یاسادا بگونجێت.
دۆسیەی توندوتیژیی منداڵبوون ئاڵۆزییەک ئاشکرا دەکات کە لە سنووری ناکۆکیی یاسایی نێوان دوو لایەن تێپەڕدەبێت، بۆ ئەوەی پرسیاری بەرفراوانتر بهێنێتە ئاراوە کە پەیوەندیدار بە مافی ژن لە چاودێریی تەندروستیی لەسەر بنەمای ڕێز، کەرامەت، و ڕەزامەندیی ئاگادارانە، چونکە دەبێت هەر ئەزموونێکی منداڵبوون ئەزموونێکی ئارام بێت، ترس لە پێشێلكاری یان دەستەوسانی لە سەلماندنیدا بەسەریدا زاڵ نەبێت، بێدەنگی تێیدا نەبێتە تاقە هەڵبژاردن لە بەرامبەر ژناندا.