ڕۆژنامەنووسانی سودان بەدەست دوورخستنەوە و هەڵاواردن لە شوێنی کارەکانیان دەناڵێنن

لوبنا عەبدوڵا، سکرتێری جێندەر لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان، خستیەڕوو ڕۆژنامەنووسانی ژن بەدەست دوورخستنەوە دەناڵێنن، چونکە وەک هاوکارە پیاوەکانیان لە شوێنی کارەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.

مەیسا قازی
 

خەرتوم- ڕۆژنامەنووس لوبنا عەبدوڵا، سکرتێری جێندەر لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان، لەلایەن کیانی ڕۆژنامەنووسانی ژن کاندیدی پۆستەکەی کرا و بە پشتگیریکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن و بەرگریکردن لە مافەکانیان توانی سەرکەوتوو بێت، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سودان، ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکەوە بۆمان دەرکەوت ڕۆژنامەنووسانی ژن  وەک هاوکارە پیاوەکانیان لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات ڕاسپێردراو نین و پاڵنەریان نییە، تا ئێستاش ڕۆژنامەنووسانی ژن هەن کە مووچەیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ژنانی میدیا لە کەناڵە ڕادیۆییەکان و تەلەفزیۆنییەکان نزیکەی بیست ساڵە کاردەکەن.

 

دۆخە سەختەکان

لوبنا عەبدوڵا لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی ژن و ئەو دوورخستنەوە و هەڵاواردنەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کردووە، لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ هاوکارەکانی توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ زانینی بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سودان، ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە لە مێژووی چاپەمەنی سوداندا تەنها چوار ڕۆژنامەنووسی ژن پۆستی سەرنووسەری گشتییان هەبووە و تەنها ١٢ ژنی ڕۆژنامەنووس وەک سەرۆکی بەشەکان لەناو ڕۆژنامە جیاوازەکاندا کاریان کردووە، لەکاتێکدا ژمارەی بەشەکان لەو کاتەدا ١٤٦ بەش بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاڵنگاری سەرەکی بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لە مافەکان، کارکردن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەری، و دروستکردنی پێشەنگە، دەبێت دەنگمان بەرز و لە پێشەوە بین چونکە ئێمە شایەنی ئەوەین.

 

دوای ئەوە لوبنا عەبدوڵا بیری لەوە کردەوە کە دەستەیەک دابمەزرێنێت بۆ پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسانی ژن، یەکەم کۆبوونەوەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی ئەنجامدا و داوایان لێکردن بیرۆکەکە لەناو ئەو دامەزراوەیەی کە تێیدا کاردەکەن، بڵاوبکەنەوە، وتیشی: بڕیارماندا ئەندامێتیمان سنووردار بکەین و ڕۆژنامەنووسانی ژن هاوکاریان کرد، بەڵام ئێمە شارەزایی و ئەزموونمان نەبوو، پارەی پێویستمان نەبوو و بڕێکی کەممان دەدا بۆ بەڕێوەبردنی کارەکە، گرنگترین ئاڵنگاری کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن بووەتەوە، ترس لە کاری گشتی بووە، ئەمەش لە ئەنجامی کەمی ڕاهێنان و کەمی ئەزموونە.

 

ناکۆکی لە نێوان ڕۆژنامەنووسان هەیە

لوبنا عەبدوڵا باسی لە کاندیدبوونی لە سەندیکادا کرد، کە ئامادەیی نەبووە، بەڵام متمانە و پشتیوانی ڕۆژنامەنووسانی ژن پێی وایلێکردووە بڕیار بدات بە هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد، سەندیکاکە دوای کاری قورس هات، کە ناکۆکی لە نێوان ئۆرگانەکان و ڕۆژنامەنووساندا لە ڕوانگە و جیاوازی ئایدیۆلۆژیدا سەریهەڵدا، بە ئازار بوو چونکە ڕەخنەکان لە هاوکار و هاوڕێ نزیکەکانمەوە هاتبوو، بەڵام ئەوە متمانەی زیاتری بەخۆم بەخشی و بەهێزتری کردم، لەو کاتەدا بڕیارمدا کە خۆم بۆ سەندیکا کاندید نەکەم و لە قەوارەی ڕۆژنامەنووسانی ژندا بمێنمەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوکارەکانمدا داوای مافەکانم و مافەکانیان بکەم، بەڵام هاوکارەکانم ئەمەیان پەسەند نەکرد و لە دوا کاتەکاندا داخوازی کاندید بوونم پێشکەشکرد.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا لوبنا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا، "دڵخۆشم کە هەوڵەکانم لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بووەتە هۆی بوونی ئۆرگانێک کە مافی ڕۆژنامەنووسانی ژن بپارێزێت، هەروەها هاوکارییەکی زۆر لەلایەن فەرمانگەی جێبەجێکارەوە لەناو سەندیکاکەدا هەبووە، و سکرتاریەتی جێندەر ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە باشترکردنی بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی ژن و میدیاکاران، ئێمەش پێمان خۆشە زیاتر فراوانتری بکەین و دابنیشین لەگەڵ هەموو ژنێکی میدیایی و ڕۆژنامەنووس، کۆبوونەوەی گفتوگۆی کراوە دەبێت بۆ پردکردنی مەوداکان، بە هاوکاری هاوکارە ژنەکان و گوێگرتن لێیان، دەتوانین پلانێک دابڕێژین بۆ باشکردنی بارودۆخەکانمان و بەشداریکردن لە گۆڕانکاری دیموکراسیدا.