شەیما فەرەیدون: زۆربوونی دۆسیەکانی ژنان لە دادگاکادا مەترسیە بۆ سەر کۆمەڵگە

دۆسیەکانی ژنان لە دادگاکادا زۆر دەبن و یاساکانیش وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێت، پارێزەرێک دەڵێت: ئەم دۆخە مەترسیە بۆ سەر کۆمەڵگە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لەلایەن کۆمەڵگە و چواردەورەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، ڕۆژانەش لە دادگاکاندا کێشە و دۆسیەکانی ژنان زیاد دەکەن، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری کێشەکان نابرێنە ناو دادگاکانەوە و لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرێت.

 

"کێشەی خراپ بەکارهینانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەرامبەر ژنان بە پلەی یەکەم دێت"

شەیما فەرەیدون، پارێزەر ئاماژەی بە زیادبوونی دۆسیەکانی ژنان کرد لە دادگاکاندا، کە ئەگەر پلەبەندیەکیش بۆ ئەو تاوانانە بکرێت بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دژی ژنان بە پلەی یەکەم دێت، توندوتیژی خێزانی چی دەروونی بێت یان جەستەیی بە پلەی دووەم دێت، کوشتنی ژنانیش بە پلەی سێیەم دێت، وتیشی: هۆکاری زۆربوونی ئەم کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری تاکەکان بەرامبەر بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و ژنانیش هۆشیارییەکی تەواویان نییە لەو ئاستەنگیانەی بەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە دێتە ڕێیان.

 

"کۆمەڵگە وای کردووە ژنان بترسن لە داواکردنی مافەکانیان"

شەیما فەرەیدون ڕوونی کردەوە، زۆر جار ژنان بێ دەنگ دەبن بەرامبەر ئەو توندوتیژی و هەڕەشانەی لێیان دەکرێت و دەترسن، یان شەرم دەکەن لە وتنی هەندێک شت لە بەرچاو خێزانەکانیان، یان لە بەردەم دادگادا، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر شت بۆ ژنان بە عەیبە دانراوە و سەرکوتکراون و مافیان کەمتر پێ دراوە لە چاو ڕەگەزی بەرامبەردا، بۆیە ئەمە وای کردووە ژنان نەتوانن کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن و ڕووبەڕووی ببنەوە، هەرچەندە دۆسیەکان زۆرن لە دادگاکاندا، بەڵام ئەمە بەشێکی کەمە و دوو هێندە کێشە لە کۆمەڵگەدا هەیە، بەس نابردرێنە دادگاکان، زۆر جار خێزانەکان خۆیان بێدەنگ دەبن لە ئاست ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، چونکە پێیان وایە دواتر کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ژنان.

 

"یاسا بە پێی پێویست مافی ژنانی نەپاراستووە"

شەیما فەرەیدون لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە، زۆربوونی دۆسیەکانی ژنان لە دادگاکاندا کرد، کە مەترسی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات و وا لە تاکەکان دەکات بترسن لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، هەروەها دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی خێزانەکان، زەرەرمەندی یەکەم لەم بابەتەدا ژن و منداڵن، بەداخەوە خێزانەکانیش لە کاتی هەبوونی کێشەکاندا پشتگیری ژنان ناکەن، لە ڕاستیشدا ئەگەر خێزان پاڵپشتی ژنان بکەن پێش ئەنجامدانی ژیانی هاوژینی، ئەو ژنە کەمترین کێشەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ڕەگەزی بەرامبەریش بوێری ئەوەی نییە هەڵەیەک بکات، بەڵام کاتێک خێزانەکان پاڵپشتی ژنان ناکەن، ڕێگە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر دەکرێتەوە کە بە ئاسانی توندوتیژی بەرامبەر ئەو ژنە بکات، چونکە دەزانێت ئەم ژنە بە ناچاری قبوڵی دەکات.

 

دەشڵێت: لە هەموو وڵاتێک یاسا هەیە بۆ ئەوەی مافی هەردوو ڕەگەز وەکو یەک بپارێزێت و کاتێک لایەنێکیان هەڵەیەک یان تاوانێک ئەنجام دەدات، بە یەکسانی ڕێکارە یاسایەکانیان بەرامبەر بگیرێتە بەر، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا یاسا بە شێوەیەکی بەرچاو سەروەر نییە و مافەکانی ژنانی نەپاراستوە، چونکە هەمیشە دەستوێوەردان لە یاسادا هەبووە، بۆیە زۆربەی حاڵەتەکان لە دەرەوەی دادگاکان چارەسەر کراوە و کوشتنی ژنانی لێکەوتوەتەوە.

 

لە کۆتایدا وتی: بۆ چارەسەرەی ئەم کارەساتەی کە زۆربوونی کەیسەکانی ژنانە لە داگاکاندا، پێویستە سانسۆرێک بۆ ئامێرە ئەلکترۆنیەکان دابنرێت و هۆشیاری بدرێت لە چۆنیەتی بەکارهێنانی، سزادانی کەسانی تاوانبار و بێدەنگ نەبوونی ژنان بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان، خێزانەکان هۆشیار بکرێنەوە و پاڵپشتی ژنان بکەن لە کاتی هەبوونی کێشەکاندا، بەم شێوەیە دەتوانین کێشەکانی ژنان کەم بکەینەوە.