"بێدەنگ بوون هۆکاری زیادبوونی دیاردەی توندوتیژییە لە کۆمەڵگەدا"

ژنانی پارێزەر و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە مەغریب بەرگری لەو ژنانە دەکەن کە دەستدرێژی جەستەیی و سێکسییان لێکراوە و شەڕ دەکەن بۆ نەهێشتنی جیاکاری بەرامبەریان، هەروەها کار لەسەر پەروەردەکردنی ژنان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی ترس و بێدەنگی بشکێنن.

حەنان حارت

 

مەغریب- توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە دژی ژنان و کچان لە مەغریب بەردەوامە، ئەمەش ئەوەیە کە پارێزەران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دژی دەجەنگن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی زۆربەی ئەو یاسایانەی کە مامەڵە لەگەڵ ژنانی لێدراو دەکەن، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەقڵیەتی پیاوانەی کە توندوتیژکارن و بێدەنگیش دۆخی کۆمەڵگە خراپتر دەکات.

 

کەریمە سەلامە، پارێزەری مەغریبی و کار لەسەر دۆسیەکانی ئەو ژنانە دەکات کە بوونەتە قوربانی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی، دەڵێت: من هەر لە سەرەتای منداڵییەوە ئاواتەخوازی کارکردنم لە پیشەی یاساییدا، لە ڕوانگەی خۆمەوە زۆرترین پیشەیە کە مافی پێویستم پێدەبەخشێت بۆ بەرگریکردن لە ژنانی لێدراو و مافەکانیان، لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبازی خوێندنەکەم ئەم ئاراستەیەی گرتەبەر، من پسپۆڕ بووم لە بەشی یاسا و توانیم بچمە ناو پیشەی یاسایی لە ئاستی کۆمیسیۆنی کازابلانکا، ژمارەیەک کەس لە نێویاندا ژنانی دەوروبەر، دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، ئەمەش لە مەغریب بە تابوو دادەنرێت و کەس ناوێرێت لە بارەیەوە بدوێت، بۆیە ئەمە سەرنجی ڕاکێشام بۆ پێویستی زانینی زیاتر دەربارەی ئەو یاسایانەی کە توانای ئەوەیان پێدەدات بەرگری لە قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی بکاتەوە، بەداخەوە تاوانباران لەو کاتەدا توانیان لە سزا ڕزگاریان بێت، چونکە قوربانییەکان نەیانتوانیوە بچنە دادگاکان، ئەمە جگە لەوەی کە ئاگاداری مافەکان و ئەو ئەرکانە نەبوون کە یاسا دەتوانێت بۆیان دابین بکات، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک.

 

سەبارەت بە توانا و لێهاتوویی ژنان بۆ بەرگریکردن لە دۆسیەکانیان، دووپاتی کردەوە کە "ڕادەی باوەڕی ژنان بە دۆزی خۆیان، هەرچییەک بێت پاڵنەری یەکەم و بەهێزە، بەڵام پارێزەر بە زانیاریی خۆی لە ڕێکارە یاساییەکان، دەستەبەرکردنی مافی ژنانی لێدراو، بەگشتی و بە پشتبەستن بە ئەزموونی من و وەک کۆمەڵەیەک بۆ پاراستنی مافی قوربانییەکان کە پارێزەران لەخۆدەگرێت، جیا دەکرێتەوە، هەروەها ژنان لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بە توندی بەرگری لە مافەکانیان و مافی ژنانی دیکە دەکەن، بەڵام پارێزەرەکە لەگەڵ توانا تەکنیکیەکانی خۆی دەمێنێتەوە کە تایبەتمەندی خۆی وەک ژنێک کە بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە بەرگری لە کەسانی دیکە دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کۆمەڵێک حاڵەتی توندوتیژی کرد کە کۆمەڵەکە تێیدا بەرگری لە قوربانییەکانی کردبوو، وەک دۆسیەی کچە ٩ ساڵەکەی ساڵی ڕابردوو دەستدرێژی کراوەتە سەر، هەروەها کەیسەکانی "سێکس بۆ خاڵ" کە بڵاوبوونەتەوە لە ژمارەیەک زانکۆی مەغریب لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵەکە کار دەکات بۆ بەرگریکردن لەو ژنانە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە و ئاشکرای بکات، بەهۆی ڕەچاوکردنی کولتووری و نۆرمەکانی کۆمەڵگە.

 

کەریمە سەلامە دووپاتیکردەوە، "ئەو ژنەی دەستدرێژی سێکسی کراوە بە تایبەتی هێشتا گۆشەگیرییەکی زۆری لەسەرە، بەو پێیەی کۆمەڵگە بە کەمتەرخەم سەیری دەکات و پێی باشترە بیخاتە ناو دۆزەکەوە، لەبری ئەوەی وەک قوربانی تاوانێک سەیری بکات کە هۆکار یان دەرئەنجامەکانی کۆتازییە، لە هەمان کاتدا کۆمەڵگە خۆی پاساو دەداتە تاوانباران و ئەمەش پاڵیان پێدەنێت کە بەبێ ترس بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە تاوانانە."

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە کرێکارانی ژن زۆرن لە بوارە جیاجیاکان، لەوانە پەرستاری، کە لە شوێنی کاردا تووشی دەستدرێژی سێکسی بوونە و لە ترسی لە دەستدانی کارەکانیان، نەیانتوانیوە ئەوە ئاشکرا بکەن کە تووشی چی بوون، بەڵام ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەو سەرکەوتنەی کە پارێزەرانی ژن بەدەستیان هێناوە لە بەرگریکردن لە ژنانی لێدراو و بەدەستهێنانی مافەکانیان، توانیان کەیسەکانیان وەربگرن و ئەنجامێکی ئەرێنی و بەرجەستە بەدەستبهێنن.

 

کەریمە سەلامە جەختی لەوە کردەوە کە "بەربەست لە جێبەجێکردنی زۆربەی ئەو یاسایانەی کە دادپەروەرن بەرامبەر بە ژنانی لێدراو، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەی کە بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنیان، دەتوانین بڵێین ئەو پاساوانەی کە بەرامبەر بە تاوانباران خراونەتەڕوو، لەسەر حیسابی منداڵێکە، کە دەستبەردانی ژیانی بووە تا منداڵێکی دیکەی بێ باوک و ناسنامە بەخێو بکات، کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسییەوە لەدایکبووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامەکەم ئاراستەی ژنانی مەغریب بەتایبەتی و جیهان بەگشتییە، کە دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتەسەر، لەبری ئەوەی بێدەنگ بن، داوای مافەکانتان بکەن، بێگومان بەدەستیان دەهێنیت ئەگەر هێزی یاسا بە ئیرادە بەکاربهێنیت و دەبێت ئیرادەی پێویستت هەبێت بۆ ئەوەی بچیتە لای لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە تایبەتمەندەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی.