ساڵیادی کوشتنی شیرین ئەبو عەقلە؛ ڕۆژنامەنووسان داوا دەکەن بۆ پاراستن ڕێوشوێن بگیرێتەبەر

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی، شیرین ئەبو عەقلە، لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جەنین لە فەلەستین، کوژرا و ڕۆژنامەنووسان داوا دەکەن پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووس بکرێت.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی، لە یەکەم ساڵیادی کوژرانی ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبو عەقلە، خوازیاری چالاککردنی میکانیزمەکانی پاراستن و کۆتاییهێنان بەو تاوانانەن کە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن.

 

ساڵی ٢٠٢٢ کوژرانی دوو ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی تۆمار کراوە، جگە لە ٣١٠ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کە بریتین لە برینداربوونی گولـلە، دەبە گازی فرمێسکڕێژ، لێدان، دەستگیرکردنی ڕاستەوخۆ و دادگاییکردن بەبێ ئەوەی تۆمەتێکی ڕوونیان لەسەر بێت.

 

لە یەکەمین ساڵیادی کوشتنی ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبو عەقلە، وەلاء ئەلنەجاڕ، ڕۆژنامەنووس دووپاتی کردەوە کە کوشتنی شیرین ئەبو عەقلە یەکەم تاوان نییە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێت، ساڵی ٢٠١٩ چەندین تاوانی دیکە ئەنجامدراوە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایانەی کە بڕیارە ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لە توندوتیژییە سیستماتیکییەکان بپارێزن، هۆکاری بەردەوامی تاوانەکانن.

 

"ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج"

وەلاء ئەلنەجاڕ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێف لە ساڵی ١٩٤٩ جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وەک هاوڵاتی مەدەنی و دڵنیابوون لە پاراستنیان لە کاتی شەڕی چەکداردا کردووەتەوە، هەروەها لە مادەکانی ٩٧ و ٥٢ی یەکەمین پرۆتۆکۆڵی زیادەی ساڵی ١٩٧٧دا هاتووە، جەخت لە پێویستی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ڕووماڵکردندا لە ململانێ سەربازییەکاندا کراوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بێدەنگیی خنکێنەری نێودەوڵەتی سەبارەت بەم پێشێلکاریانە و نەبوونی ڕێوشوێنی پێویست، ناتوانرێت ژنە ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی بپارێزرێن، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی دۆخی هاندان دژی ئەوان و تۆمەتبارکردنیان و بەدواداچوون بۆ ئەو دامەزراوەی میدیاییەی کاری تێدا دەکەن، هەروەها بەهۆی تێکچوونی ناوەڕۆکەوە ١٨ دامەزراوە داخران، ئەمە جگە لەوەی لە هێرشەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا ١٠ ڕێکخراوی میدیایی لە کەرتی غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە کرانە ئامانج.

 

وەلاء ئەلنەجاڕ دووپاتی کردەوە، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە مەیدانییەکاندا چەندین جار وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێنراون، سەرەڕای ئەوەی کە یەکپۆشییان لەبەردا بووە کە سروشتی کارەکانیان دەردەخات.

 

"دەبێت پەرە بە توانای ژنانی ڕۆژنامەنووس بدرێت"

مەرەح عەتا، ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی، پێی وایە بەردەوان لەکاتی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززەدا ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج، بەتایبەتی کاتێک ئەو هێمایانەی وەک نیشانەی ڕۆژنامەگەری بەکاری دەهێنن، ئەمەش دامەزراوەکانی میدیا ناچار دەکات بیناکانیان بە تەواوی چۆڵ بکەن لە ماوەی هێرشکردن و لە شوێنەکانی دیکە کارەکانیان بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل ڕێگری دەکات لە چوونە ژوورەوەی قەڵغانی پارێزەر بۆ ناو کەرتی غەززە، ئەمەش وایکردووە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووماڵکردنی هەواڵدا قەڵغانێک لەبەر بکەن کە لە قوماش دروستکراوە، ئەمەش ژیانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە بەهۆی تەقەی پەرشوبڵاوەوە.

 

مەرەح عەتا جەختی لەوە کردەوە، ژنانی ڕۆژنامەنووس پێویستیان بە خولی تایبەتمەند هەیە کە شایستەیان بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی مەیدانی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان، هەروەها ئازادییەکی زیاتریان پێبدات بۆ ڕووماڵکردنی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگا و ژنانەوە هەیە و دوور لە سەپاندنی سیاسەتی و  بێدەنگکردن و دەستگیرکردن لەلایەن دەسەڵاتەوە.