پارێزەرێک: یاساکانی تایبەت بە مافی ژنان لاوازن و قاڵبی پیاوانیان پێوە دیارە

یاسا ڕێگایەکە بۆ گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان، بەڵام کەموکورتی یاساکان و نەبوونی هۆشیاری ژنان دەربارەی دەقەکان، نەبووەتە هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

شنیار بایز

سلێمانی- لە دەقی یاساکانی هەرێمی کوردستاندا، یاسای پەیوەست بە ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی هەیە، بەڵام لاوازی یاساکان وایکردووە، ژنان لە کاتی توندوتیژیدا نەتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، لەلایەکی دیکەوە، ناهۆشیاری ژنان دەربارەی دەقە یاساییەکانی دەتوانێت مافیان بپارێزێت، بووەتە هۆی پێشێلکاری و زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەریان.

لاوازی یاساکان و کار پێ نەکردنیان، بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سەرقاڵکردنی ژنان بە کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ و دابینکردنی بژێوی ژیانەوە، وایکردووە ژنان هۆشیاریان بەرامبەر یاساکانی پەیوەست بە خۆیان نەبێت و نەزانن ئەرک و مافیان چییە، هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی و زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا.

 

"ژنان هۆشیاریان دەربارەی یاساکانی خۆیان نییە"

ئەشواق نەجیب، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا، ژنان تەنها لە بوونی کێشەدا، کە ڕوودەکەنە پارێزەران، بیریان دەکەوێتەوە یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە و داکۆکی لە مافیان دەکات، ئەمەش ناهۆشیارییە لە ژناندا، دەربارەی یاساکانیش دەڵێت: یاساکانی پەیوەست بە قاڵبی پیاوی پێوە دیارە، بەڵام لە هەندێک خاڵیشدا مافی ژنانی تیادا پارێزراوە، بۆیە پێویستە ژنان هۆشیاریان لەسەری هەبێت، ژنان لە منداڵییەوە زانیارییان دەربارەی هیچ کام لە یاساکانیان نییە، لەوکاتەی دەگەنە پڕۆسەی هاوسەرگیریش تا بەردەم دادوەریش ئاگاداری ماف و یاساکانی تایبەت بە خۆیان نین، تەنانەت دادوەرەکانیش ئەو هۆشیارانەیان پێنادەن، کە یاساکانی خۆیان چین و دەبێت چۆن لەبارەیەوە شارەزا بن، چونکە دادوەری تایبەت بەو پڕۆسەیە نییە، هەروەها هەندێک دادوەر وەڵامی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی وەرنەگرتووە، بەڵام واژۆی بەڵێننامەکانی کردووە.

 

"هۆشیاری یاسایی پەیوەندیدار نییە بە ڕۆشنبیری کەسەکانەوە"

ئەشواق نەجیب باسی لەوەکرد، نەک تەنها ژنان، پێویستە پیاوانیش ئاگاداری یاساکانی تایبەت بە ژنان بن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە هیچ کام لە بنەماکانی پڕۆسەی هاوسەرگیری کێشەیان بۆ دروست نەبێت، ئەو پارێزەرە دەڵێت: بەهۆی شارەزا نەبوون لە یاساکان ژنان زۆرکات لە کاتی پێدانی مارەیی یاخود میراتدا مافیان دەخورێت، هەندێک کەس لە ئاستێکی بەرزدان و پلەدارن، بەڵام هۆشیاریان نییە دەربارەی یاساکانیان، تەنانەت ئەو کەسانەی پێکەوە پڕۆژە و کاریان هەیە، ئەوانیش هۆشیاریان دەربارەی یاساکان نییە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی بە جۆرێک ڕاهاتووە کە باسی مافی ژن دەکرێت ڕاستەوخۆ مێشکیان بۆ پڕۆسەی جیابوونەوە دەچێت، هەرکات ژنێکیش بیەوێت هۆشیار ببێتەوە، پێیان وایە بە نیازی کۆتایی هێنانە بە پڕۆسەی هاوسەرگیری.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەشواق نەجیب ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک پرسی وەک خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان، هیچ کام لە تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیارییان نییە لەبارەی ئەو یاسایانەی تایبەتن پێی، یاخود یاسای توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی سێکسی و هاتووچۆ چەندین یاسای دیکەی پەیوەست بە ژیان هەیە، کە دەبێت ژنان هۆشیارییان لەبارەیەوە هەبێت.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگرە لە بەردەم هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگە"

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، یەکێک لەو مافانەی ژنان هۆشیار نین لەبارەیەوە ئەوەیە دەتوانێت هاوژینەکەی لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا جیاببێتەوە بێ ئەوەی بۆچوونی ژنەکەی وەربگیرێت، زۆر ژن هەن ئاگاداری ئەم یاسایە نین، هیچ ژنێکیش ناتوانێت لە هاوژینەکەی جیا نەبێتەوە، چونکە یاساکان بەو شێوازە نین و ئەمیش لە سەرەتای پڕۆسەکەدا ئاگاداری نەبووە، ئەم هۆکارانەیە وا لە ژنان دەکات لە کاتی بوونی کێشەی خێزانی و جیابوونەوە داوای مافەکانیان بکەن، وتیشی: ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگرە لەبەردەم بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی لە ڕاگەیاندنەکانەوە، زۆرکات خێزان و پیاوەکان ناهێڵن ژنەکان بەشداری هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان بکەن، یاخود گوێ لەو بەرنامانە بگرن کە تایبەتە بە ماف و یاساکانی تایبەت بە خۆیان بۆ ئەوەی هۆشیار نەبنەوە.

 

"چارەسەرییەکان پێویستە کرداریانە بێت"

ئەشواقی پارێزەر لەلایەکی دیکەوە باسی لەوەکرد لاوازی یاساکانیش هۆکاری سەرەکین چونکە لە یاساکاندا مافی تەواوەتی بە پیاوان دراوە، هەموو یاساکان ڕێگەیەکی تێدا هێشتووەتەوە کە پیاو بتوانێت مافی ژنەکەی پێشێل بکات، یاخود خاوەن کار بتوانێت مافی کرێکارەکەی بەردەستی پێشێل بکات، هەروەها هەندێک ماف دراوە بە پیاوان وەک هێنانی ژنی دیکە بێ ڕەزامەندی هاوژینەکەی، ئەمانەش پێشێلکردنی مافی هاوژینەکەیەتی.

لە کۆتایدا ئەشواق نەجیب بە ئەرکی هەموو لایەنەکانی پەیوەندیداری دەزانێت هۆشیاری تەواوەتی بڵاوبکەنەوە لە خوێندنگەدا و لە خێزانەکاندا هۆشیاری بوونی هەبێت، ڕێکخراوەکان پڕۆژەی نوێیان پێبێت بۆ هۆشیارکردنەوە، دایک و باوک پێویستە منداڵەکەی هۆشیار بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کە چووە ناو کۆمەڵگە هۆشیار بێت و بزانێت ئەرک و مافی چییە، دەشڵێت: پێویستە یاساکان گۆڕانکاریان تێدا بکرێت و لە ڕووی جێبەجێکردنەوە زیاتر شوێنی خۆی بگرێت، هەروەها ڕاگەیاندنەکان زیاتر گرنگی بە بڵاوکردنەوەی ئەو هۆشیارییە بدەن.