"تا ئێستا کۆمەڵگە بە سوڵحی عەشایەری کوشتنی ژنان چارەسەر دەکات"

هەرچەندە خێزانەکان سووربن لەسەر بەدەستهێنانی مافی ژن و کچەکانیان هێشتا کەمە، چونکە یاسا و دادگا کاری ڕاستەقینە ناکەن بۆ گرتنی تاوانباران، بۆیە لە زۆرینەی کەیسەکاندا تاوانباربە سزای خۆی ناگات.

شنیار بایز

سلێمانی- بەپێی ئامارەکانی نوژنها لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٦٤ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، ئەگەرچی یاسا ڕێگەیەکە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و پاراستنی ماف و سەروەرییەکانی تاک، بەڵام تا ئێستا دەقە یاساییەکانی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنانن، نەیانتوانیوە ژنان لە توندوتیژی بپارێزن، چونکە یاساکان سەروەرییان نییە و دادگاکان وەک پێویست کەیسەکانی ژنان بەڕێوە نابەن، هەروەها توندوتیژی و کوشتنی ژنان کە ژوورە داخراوەکاندا بە سولحی عەشایەتی چارەسەر دەکرێت و ئیرادەی ژنان پێشێل دەکرێت.

 

"تا ئێستا کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان بە کێشەی کۆمەڵایەتی دادەنرێت"

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر، ئاماژەی بەوەکرد لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ئامار و کۆمەڵێک دۆسیە لەسەر بابەتەکانی کێشە خێزانییەکان، کێشەی کۆمەڵایەتی و کوشتنی ژنان هەیە، ئامارەکان بەتایبەت لە ٢٥ی تشرینی دووەم، کە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان هەروەها ڕۆژی ٨ی ئادار، کە ڕۆژی جیهانی ژنانە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ئەم ئامارانە تەنها چەند ڕۆژێک لەناو میدیاکاندا قسەی لەسەر دەکرێت و چالاکییەکان هەڵمەتێکی چەند ڕۆژێکن، دواتر بەدواداچوون نامێنێت، هەندێک لە دۆسیەکان دەگەنە دادگاکان، بەشێکی کەمیشیان دەگەنە ئەنجام.

ئەو پارێزەرە هۆکاری بە ئەنجام نەگەیشتنی کەیسەکانی ژنانی گەڕاندەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە نەگەیشتنی کەیسەکان بە دادگا بەهۆی ئەوەی کەس سکاڵاکار نییە، بکوژ نادیارە یاخود کەیسەکە بە کێشەی کۆمەڵایەتی دادەنێن و لەڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرێت، ئەوانەشی دەچنە ناو دادگاکان وەک پرسێکی گرنگ کاری لەسەر ناکرێت، زۆرکات بەڵگە و شاهید نییە و کاتێکی زۆر دەمێنێتەوە لەناو دادگاکاندا.

 

"خستنەڕووی وردەکارییەکانی دۆسیەی کوشتنی ژنان بۆ دادگا گرنگە"

شۆخان ئەحمەد باسی لەوەکرد، وەک پارێزەران هەمیشە داکۆکی دەکەن لە کوشتنی هەر جۆرە مرۆڤێک، جا پاساوی هەبێت یاخود بەبێ پاساو بێت، بەڵکو ئامانجیانە یاسا سەروەر بێت و هەرکەسێک تاوانێک ئەنجام بدات لە ڕێگای یاساوا یەکلا بکرێتەوە، وتشی: بابەتی کوشتنی ژنان بابەتێکی هەستیارە، هەرێمی کوردستان بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانەوە ناوبانگێکی خراپی دەرکردووە، بۆیە پێویستە کاری لەسەر بکرێت و دۆسیەی کوشتنی ژنان دەبێت وەک دۆسیەیەکی هەستیار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، وردەکارییەکان بە تەواوی بخرێتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی دادگا بتوانێت بە زوترین کات بڕیاری لەسەر بدات بەڵام بەهۆی گرنگ نەبوونی ئەم پرسە هەمیشە پەک دەکەوێت".

ڕوونیکردەوە کاتێک سکاڵاکارێک کە سوربێت لەسەر سکاڵاکەی نەبێت لەسەر کەیسەکان بێگوومان دەبێت داواکاری گشتی هەستێت بەو ئەرکە ئەوەش کەیسەکان پەک دەخات و وای لێدەکات گرنگی نەمێنێت، بەڵگەکان بە شێوازێکی خاو دەچێتە پێشەوە، ئەمەش وادەکات تاوانباری ڕاستەقینە نادۆزرێتەوە و بە کاتێکی کەم سزای خۆی وەرناگرێت، بۆیە ڕێژەی سزادانی تاوانبارانی کوشتنی ژنان نابێتە بابەت لە نێو میدیاکاندا بۆیە لە کۆمەڵگەشدا هێندە بڵاونابێتەوە کە ئەو حاڵەتانە دووبارە نەبنەوە.

 

"کاتێک خێزانەکان مافی ژن و کچەکانیان دەوێت بێگوومان بەدەستی دەهێنن"

لە درێژەی قسەکانی شۆخان ئەحمەد باسی لەوەکرد، کاتێک خێزانی کوژراو یاخود توندوتیژی لێکراو هاوکاری پارێزەرەکان دەبن و یاریمەتی دەدەن لە کۆکردنەوەی شاهید و بەڵگەکاندا بێگوومان کەیسەکە زوتر بەرەو ئەنجامی خۆی دەگات، دەڵێت "کات هەبووە ماوەی سێ ساڵ بە دۆسیەیەکەوە سەرقاڵ بووین، ئەگەر هاوکاری خێزانی توندوتیژی لێکراو نەبوایە نەماندەتوانی بەردەوام بین و بگەین بە ئامانج، سووربوونی خێزانەکان بۆ گەیشتنی تاوانباران بە سزاکانیان هاوکاری ئێمەیە بۆ ئەوەی زیاتر هانبدرێین بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان".

 

"کەیسەکان هێندە زۆرن دادگاکان پێی ڕاناگەن"

ئەو پارێزەرە ڕوونیکردەوە، دادگا بە پێی بەڵگە کار دەکات، کاتێک بەڵگە و شاهید نییە بێگومان دەبێتە هۆکار بۆ داخستنی کەیسەکان، بەڵام وەک لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار ئەرکدارن بەوەی کاتێک بکوژ یاخود تاوانبار دەستگیرکراوە، بە زووترین کات کار لەسەر کەیسەکە بکەن و بیخەن بەلایەکدا، بەڵام هۆکارێکی دیکە هەیە کە بووەتە هۆی کەمتەرخەمی دادگاکان ئەوەش بوونی ڕێژەیەکی زۆری دۆسیەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنانە کە دادگا ناتوانێت پێی ڕابگات.

وەک ڕێگە چارەسەرییەک وتی: وەک پارێزەران داوامان کردووە دادگایەکی تایبەت هەبێت تەنها کاری بینینی ئەو دۆسیانە بێت کە ژنان تیایدا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە کەیسەکان یەکلایی بێتەوە"، هەروەها باسی لەوەکرد هەندێک کات تاوانبار بەهۆی تاوانەکەیەوە قورسترین سزای بەسەردا دەسەپێندرێت بەسەردا کە سزای لە سێدارەدانە، بەڵام بەهۆی جێبەجێ نەکردنیەوە لە هەرێمی کوردستان سزاکەی دەگۆڕدرێت بۆ زیندانی هەتا هاتایی، ساڵانی ڕابردوو لێبووردنی گشتی بکوژانی ژنانیشی دەگرتەوە بەڵام لە ئێستادا کار کراوە بۆ ئەوەی چیتر لێبووردنی گشتی بکوژانی ژنان نەگرێتەوە و جێبەجێش دەکرێت.

 

"هەوڵدان بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتن بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەبێت"

لە کۆتایدا شۆخان ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، هیچ بەرەوپێشچوونێک نابینیت لە کەمبوونەوەی کێشەکان و توندوتیژییەکانی سەر ژنان، بەڵکو وەک هەموو ساڵانی پێشووتر بووە یاخود زیاتر بووە، دۆخی ژنان لە ئاستێکی خراپدایە، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم هیچ پلان و ستراتیژییەکی ڕوونی نییە بۆ ئەوەی هەوڵ بدات کێشەکان کەمبکاتەوە، بەڵکو کێشەی ئابووری هەندێک کێشەی دیکەی ناو خێزانەکان بوونەتە هۆکار بۆ پشتگوێخستنی کێشەکانی ژنان.

ئەو پارێزەرە بە پێویستی دەزانێت هۆشیاری زیاتر لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکرێتەوە، پلانی تۆکمە دابنرێت بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، چونکە هەوڵدان بۆ کەمبوونەوەی تەنها بە چالاکی و دروشم و لێدوان نابێت بەڵکو پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون هەیە تا تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.