بێدەنگکردنی مامۆستایان... چۆن نەوەیەکی ئازاد دروست بکەین کە توانای دەربڕینی بۆچوونەکانی هەبێت؟
بڵاوبوونەوەی گشتاندنەکان کە مامۆستایانی سووریا سنووردار دەکەن لە ڕەخنەگرتن لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە ڕێگەی هەژمارە کەسییەکانیانەوە، گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، هیبە ئەبو ڕاس، چالاکوان سەبارەت بە کاریگەری نەرێنی ئەم سنووردارکردنە ل
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا ـ قوتابخانە بە پانتاییەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بونیادنانی هۆشیاری و پێکهێنانی کەسایەتی نەوەکان، ڕۆڵی مامۆستا تێیدا تەنها لە گواستنەوەی زانیاری و ڕوونکردنەوەی وانەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ گەشەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و فێرکردنی خوێندکاران لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی بۆچوونەکانیان و گفتوگۆکردن لەسەر بیرۆکەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، بەڵام چۆن مامۆستا دەتوانێت ئەم بەهایانە لای خوێندکارەکانی بچەسپێنێت ئەگەر دەنگی خۆی کۆت و بەند کرابێت؟
ئەم پرسیارە دووبارە هاتەوە پێشەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گشتاندنەکان کە دەدرێنە پاڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سووریا، کە تێیدا هاتووە قەدەغەکردنی مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە بڵاوکردنەوەی بۆچوون یان تێبینی پەیوەست بە پرۆگرامەکانی خوێندن و کاروباری پەروەردەیی لە ڕێگەی هەژمارە کەسییەکانیانەوە، لەگەڵ هەڕەشەکردن بە لێپرسینەوەی کارگێڕی بۆ سەرپێچیکاران وەک دیارە، بڵاوبوونەوەی ئەم ڕێنماییانە لە دوای ئەو گفتوگۆیە هات کە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە دروست بوو و پرۆگرامەکانی خوێندنی گرتەوە، ئەمەش دەرگای پرسیارەکانی کردەوە سەبارەت بە سنووری ئازادی مامۆستا لە دەربڕینی بۆچوونی و ڕەخنەگرتن لە ناوەڕۆکی پەروەردەیی، ئایا ئامانج لێی ڕێکخستنی بڵاوکردنەوەیە یان سنووردارکردنی ڕەخنە پیشەییەکانە.
لەم چوارچێوەیەدا، هیبە ئەبو ڕاس، مامۆستای پێشووی زمانی فەرەنسی و چالاکوانی بواری مافەکان، پرسیار دەوروژێنێت سەبارەت بە ڕۆڵی مامۆستا لە بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار و بەتوانا لە بیرکردنەوە و دەربڕین بە ئازادی، جەختی لەوە کردەوە، کە سنووردارکردنی مامۆستا تەنها ڕەنگدانەوەی لەسەر خۆی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ خوێندکار کە لێوەی فێردەبێت چۆن بیر بکەنەوە و گفتوگۆ لەسەر زانیارییەکان بکەن، لە هەڵوێستەکەیدا پشت بە ماددەی ١٣ی جاڕنامەی دەستووری سووریا دەبەستێت، کە ئازادی ڕادەربڕین و دەربڕین و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری دەستەبەر دەکات، پێی وایە بێدەنگی هەڵەکان ڕاست ناکاتەوە، بەڵکو ڕێگە دەدات کۆببنەوە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازرێنەوە.
مامۆستا تەنها گوازەرەوەی زانیاری نییە
هیبە ئەبو ڕاس پێی وایە ڕۆڵی مامۆستا نابێت تەنها لە لەبەرکردنی کوێرانەی ئەو زانیارییانەدا قەتیس بێت کە لە پەرتوکی خوێندندا هاتوون، بەڵکو دەبێت هاوبەش بێت لە بونیادنانی هۆشیاریی خوێندکار و یارمەتیدانی بۆ تێگەیشتن لەوەی وەریدەگرێت و گفتوگۆکردن و شیکردنەوەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە مامۆستا پێویستی بە پانتاییەک لە ئازادی هەیە کە ڕێگەی پێبدات بۆچوونی خۆی لەسەر ناوەڕۆکی پەروەردەیی دەرببڕێت، ئاماژە بەو زانیارییانە بدات کە بە نادروستیان دەزانێت، ئەو تێبینییانە بخاتەڕوو کە دەبنە هۆی پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن، چونکە مامۆستا بە پێی ئەوە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خوێندکاران و ئەزموونی ناو پۆل هەیە، خاوەنی زانیارییەکی کردارییە سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕەنگە لە کاتی ئامادەکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن لە نووسینگە کارگێڕییەکانەوە دەرنەکەون.
ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئازادی مامۆستا لە دەربڕینی تێبینییەکانیدا بە واتای پشێوی یان پشتگوێخستنی چوارچێوە پەروەردەییەکان نایەت، بەڵکو بە واتای گونجاندنی بوار دێت بۆ گفتوگۆی پیشەیی و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی خوێندکار بکات و کوالێتی خوێندن باشتر بکات.
سنووردارکردنی مامۆستا ڕەنگدانەوەی لەسەر خوێندکار دەبێت
هیبە ئەبو ڕاس هۆشداری دەدات لەوەی کە سنووردارکردنی مامۆستا لە دەربڕینی بۆچوونیدا ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر خوێندکاران هەبێت، چونکە قورسە فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئازادی گفتوگۆ بکرێن ئەگەر ببینن مامۆستاکەیان دەستەوسانە لە خستنەڕووی تێبینییەکانی یان گفتوگۆکردن لەسەر ئەو زانیارییانەی پێشکەشیان دەکات.
هەروەها پێی وایە پشتبەستن بە شێوازی لەبەرکردنی کوێرانە و داواکردنی لەبەرگرتنەوەی زانیارییەکان وەک خۆی بەبێ گفتوگۆ یان شیکردنەوە، توانای خوێندکار بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ لاواز دەکات، پرۆسەی وانەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ پرۆسەی لەبەرکردن و دەرخکردن، لەبری ئەوەی ببێتە پانتاییەک بۆ بەدەستهێنانی زانست و پێکهێنانی بۆچوون.
ئەی مافی مامۆستا لە ڕەخنەگرتن لە پرۆگرامەکانی خوێندن؟
بڵاوبوونەوەی ئەو ڕێنماییانەی کە بڵاوکردنەوەی بۆچوون و تێبینییە پەروەردەییەکان لە سەکۆ فەرمییەکاندا قەتیس دەکەن، پرسیار دەوروژێنێت سەبارەت بە سنووری جیاکەرەوە لە نێوان ڕێکخستنی کاری کارگێڕی و سنووردارکردنی ئازادی مامۆستا لە دەربڕینی بۆچوونیدا.
ئەگەر مامۆستا تێبینی هەڵەیەکی کرد لە زانیارییەکدا کە لە پەرتوکی خوێندندا هاتووە، پێی وابوو وانەیەک پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، ئەو ئامرازە چییە کە لەبەردەستیدایە بۆ گەیاندنی تێبینییەکەی؟ ئایا دەکرێت دەربڕینی بۆچوونێکی پیشەیی یان ڕەخنەگرتن لە ناوەڕۆکێکی پەروەردەیی ببێتە هۆکارێک بۆ لێپرسینەوە؟
هیبە ئەبو ڕاس جەختی لەوە کردەوە، کە ڕەخنەگرتن لە پرۆگرامەکانی خوێندن نابێت وەک هەڵوێستێکی دوژمنکارانە یان دەرچوون لە ئەرکی پیشەیی سەیر بکرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتی پیشەیی مامۆستا، تا ئەو کاتەی لەسەر بنەمای تێبینی بابەتییانە و پەرۆشی بۆ بەرژەوەندی خوێندکاران بێت.
دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە کوێدا کۆتایی دێت و بەرپرسیارێتی مامۆستا لە کوێوە دەست پێدەکات؟
هیبە ئەبو ڕاس سەرنج دەخاتە سەر پێویستی جیاکردنەوەی نێوان ڕۆڵی کارگێڕی و سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، ڕۆڵی پەروەردەیی و زانستی کە مامۆستا لە ناو پۆلدا ئەنجامی دەدات، پێی وایە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتییەکان خۆی دەبینێتەوە لە ڕێکخستنی پرۆسەی خوێندن و بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی، لە کاتێکدا دەکەوێتە سەر شانی مامۆستا بەرپرسیارێتی گەیاندنی زانست و یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی.
ڕوونیکردەوە، کە سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن تەنها بە سەپاندنی ڕێنماییەکان بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە متمانەکردن بە مامۆستایان و گوێگرتن لە ئەزموون و تێبینییەکانیان هەیە، هەروەها بەشداریکردنیان لە گفتوگۆکردنی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە ڕاستی پیشەیی ئەوان و ئەو خوێندکارانەوە هەیە کە ڕۆژانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
بانگەواز بۆ گفتوگۆ لەبری بێدەنگکردن
هیبە ئەبو ڕاس داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات کەناڵی پەیوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ مامۆستایاندا بکاتەوە، گوێ لە ڕەخنە و پێشنیارەکانیان بگرێت سەبارەت بە پرۆگرامەکانی خوێندن و بڕیارە پەروەردەییەکان، لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ تێبینییەکان وەک سەرپێچی یان هەڕەشە.
هەروەها پێیوایە پەرەپێدانی خوێندن لە داننان بەوەوە دەست پێدەکات کە مامۆستا تەنها جێبەجێکاری ڕێنماییەکان نییە، بەڵکو توخمێکی سەرەکییە لە هەڵسەنگاندنی پرۆسەی خوێندن و باشترکردنیدا، بونیادنانی نەوەیەک کە توانای بیرکردنەوە و دەربڕینی هەبێت پێویستی بە ژینگەیەکی خوێندن هەیە کە ڕێگە بە پرسیارکردن و گفتوگۆ و جیاوازی بدات.