"وەرزشی لەشجوانی بۆ ژنان هۆکاری پاراستنی تەندروستی و متمانە بەخۆبوونە"

جینا محەمەد، یاریزان و ڕاهێنەر دەڵێت: ژنان دەبێت گرنگی بە لەش و لاری خۆیان بدەن وكاتێك جلێك دەپۆشن بەدڵی خۆیان بێت، وەرزشی لەشجوانی بۆ ژنان یەکێکە لە بەرزترین فاکتەرەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و بەهێزکردنی مێشک و متمانە بەخۆبوون.

شیا کۆیی

 

کۆیە- وەرزش نەک تەنها کاریگەری فیزیایی و بایۆلۆجی هەیە، بەڵکو ڕێگایەکی گەشەپێدانە بۆ سەرکەوتن لە ژیانی ڕۆژانە، وەرزش یارمەتیت دەدات لە کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکان، کێش دادەبەزێنێت وخوێن چالاك دەكات هاوكات بۆتەندروستی دەروونی زۆر بەسوودە، ومرۆڤ دڵخۆش دەكات و متمانە بەخۆبوون زیاد دەكات، دەبێتە ئازادکردنی ژن لە سنوورەکانی کۆمەڵایەتی چونكە ژنانی وەرزشکار نموونەیەک دەبن بۆ ژنانی دیكەو سەرخستنیان.

 

 لە ئێستا دا لەهەرێمی كوردستان تا دێت هۆڵەكانی وەرزشی بەتایبەت بەشی لەشجوانی زیاد دەبن و ژنان ڕووی تێدەكەن، ئەوەش دەست پیشخەریەكی باشە، پێویستە ژنان پەرە بەخۆیان بدەن و گرنگی بەلەش ولاری خۆیان بدەن، هەر چەندە تا ئیستا كۆمەڵگەی كوردی رانەهاتووە لەسەر ئەو ئازادییانەی ژن بۆخۆیانی فەراهەم دەكەن لە بوارە جیاجیا كان بەڵام لەكۆتاییدا ئەوانە دەبنە ڕێچكە شكێن بۆ ژنانی دیكەش.

 

جینا محەمەد، لەشاری كۆیە دادەنیشێت یاریزان و ڕاهێنەر و ناوبژیوانە لە هێزی لەش، لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق، هاوكات بەرپرسی بەشی ئاماری تەندروستی كۆیەیە، سەبارەت بەوەرزش بەتایبەت بۆ ژنان وتی: ژنان بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان پێویستە وەرزش بكەن، من بەدووساڵ توانیم ببمە پاڵەوان سەرەتا بەهۆی ئەوەی كێشم زۆر زۆر بوو چومە هۆڵی لەشجوانی دوایی پەرەم بەخۆم دا تا بوومە راهێنەرو پاڵەوان.

 

جینا وتیشی: هۆكاری سەرەكی كە هاتمە ناو وەرزش بۆ تەندروستی بوو چونكە هەركەسێك لایەنی تەندروستی باش نەبوو كاریگەری لەسەر ژیانی هەیە، دوایی كە لایەنی تەندروستیم باشبوو دەستم كرد بە وەرزشی هێزی جەستەیی وحەزم زۆر لەبوارەكە بوو بەردەوام بووم تا گەیشتە ئیستا.

 

ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرەتا هەركەسێك روو لە وەرزش دەكات دەبێت سیستمێك بۆخۆی دابنێت و كۆنترۆڵی ئەوشتانە بكات كە بۆی خراپە، وتی: دووبارە دەڵێم تەندروستی هەموو شتێكە و ژنان دەبێت گرنگی بە لەش و لاری خۆیان بدەن وكاتێك جلێك دەپۆشن بەدڵی خۆیان بێت.

 

بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردووە

جینا بەشداری لەچەندین پاڵەوانەتێی ناوهەرێم و عێراق كردووەو وتی: لەسەرەتای یاریكردنم لەم دوو ساڵەدا بەشداری چوار پاڵەوانێتیم كردووە یاری یەكەمم (پێنج پرێس)بوو لە شاری هەولێر پلەی سێیەمم بەدەستهێنا ، وپاڵەوانێتی دووەمم لە شاری كفری بوو پلەی یەكەمم بەدەست ، پاڵەوانێتی سێیەمم لە بەغدا بوو لەسەر ئاستی عێراق، بەناوی (بەهێزترین ژنی عێراق ) پلەی دووەم بەدەستهێنا ویاری چوارەمیش هەر لەسەر ئاستی عێراق بوو لە سلێمانی كە (فتنس چالج )بوو پلەی دووەمم بەدەستهێنا، لەداهاتووش هەوڵ دەدەم بەشداری زۆرترین پاڵەوانیەتیەكان بكەم، بەتایبەتی پاڵەوانێتی عێراق تا بگەمە ئەو ئاستەی بەشداری پاڵەوانیەتیەكانی ئاسیا بكەم.

 

سەبارەت بەوەی جینا چۆن بەو خێراییە گەیشتە ئەوئاستەی ئێستا؟ كێ سپۆنسەرو هاوكاریتی؟ وتی: من خۆم هەر بەكەسێكی گورجو گۆڵ ناسراوم، وزۆر هەوڵدەدەم لە ڕێگەی گروپەكانمانەوە هەر پاڵەوانیەك هەبێت دادەنرێت منیش بەشداری دەكەم،  وەك سپۆنسەری لایەنی ماددی تا ئیستا كەس هاوكارم نەبووە وهەمو لەسەر ئەركی خۆمە، سوپاس بۆخوا توانیومە لە سەرپێی خۆم بووەستم. لێرەوە دەڵێم دەستی دایكم خۆشبێت وسوپاسی دەكەم كە زۆر هاوكارم بووە لە ئامادەكردنی خواردنەكانم و تەرخانكردنی كاتەكانم بۆ وەرزش لەسەر ئەركی دایكم وكچەكەم بووە. ژنانی كورد چەندە پیشكەوتوون لەبواری وەرزش، ژنانی كوردستان هیچیان كەمتر نییە لە ژنانی وڵاتان گەر هێزی خۆمان بەدەربخەین و لەپاڵەوانیەتیەكان كوردیش وەك ژنانی دیكە بەشدارن بێ جیاوازی، ئامۆژگاری من بۆ ژنان: سیستمی خۆراكیان ڕێك بخەن چونكە خواردن تەواوكەری وەرزشە وەرزشیش تەواو كەری خۆراكە،و بۆ ئەوژنانەی ناتوانن روو لەهۆلەكان بكەن با خۆراكیان ڕێك بخەن، وزۆر جار بەهۆی ناهۆشیاری یان هۆكاری كۆمەڵایەتی ژنان وەرزش ناكەن، یان بەبیانوی ئەوەی كاتیان نیە زۆر روو لەوەرزش ناكەن كە ئەوەش هەڵەیە ژنان دەبێت كاتەكانی خۆیان ڕێك بخەن تا ببنە تاكێكی تەندرووست، بۆیە داوادەكەم ژنان روو لە هۆڵەكان بكەن وگرنگی بەلەشجوانی خۆیان بدەن.