"ژنان لەسەروو تەمەنی ٤٠ ساڵ پێویستە پشکنینی مامۆگرافی بکەن"

یەکێک لەو نەخۆشیانەی لە ئێستادا لەناو ژناندا بڵاوە، شێرپەنجەی مەمکە، بەڵام رێکارەکانی خۆپارێزی وئامێرە پێشکەوتووەکان هاوکارن بۆ ئەوەی پێشتر پشکنین بکرێت و جۆرەکەی دیاری بکرێت.

هەڵەبجە 

 
دوێنێ ١١ی ئایار، لە پارێزگای هەڵەبجە، سەنتەری هەرس و جگەر و نەخۆشیەکانی  مەمک  کرایەوە، بەم شێوەیە ژنان دەتوانن پێشوەختە پشکنینی سنگیان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراو بکەن. 

 

 لەوبارەیەوە پزیشک  ئاڵا عەبدولڕەحمان، پزیشکی تیشک و سۆنەر وتی: ئامێری مامۆگرافی ئەو ئامێرەیە بەکار دەهێنرێت بۆ دەستنیشان کردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا، کە بۆ دوو مەبەست بەکار دێت، یەکەمیان پێش توشبوون بە نەخۆشییەکە واتە نەخۆش کە دێت خۆی گومانێکی هەیە و تەمەنی سەرو ٤٠ ساڵە، لەبەرئەوە ئەم مامۆگرافیەی بۆ ئەگرین بۆ ئەوەی وردبین و لە حاڵەتەکە بروانین، مەبەستی دووەم بۆ دیاریکردن بەکار دەهێنرێت، واتە ئەگەر گرێیەک یان شتێک هەبێت پاشان لە مۆمۆکگرافیەکە  دیاریدەکرێت کە گرێکە خراپە یاخود نا، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، پاشان هەنگاوی سیییەم گرنگە ئەو گرێیەکە بچێتە زەرعەوە جۆرەکەی دیاری بکرێت. 
 
"ژنان پێویستە ئاگاداری تەندروستیان بن" 
پزیشک ئاڵا عەبدولڕەحمان ئەوەش ناشاریتەوە کە پێویستە ژنان ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و گرنگە خۆیان پشکنین بکەن، زۆرکات گرنگە نەخۆشەکە خۆی دیاری بکات و ئەوانەی سەرو ٤٠ ساڵن، پێویستە شێوازی ژیانی خۆیان رێکبخەن. تاوەکو ئیستا داتایەک لەبەردەستماندا نییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە زیاد بووندایەو پێویستە وەرزش بکەن و تەندروست بژین تاوەکو دووربن لە نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی مەمک.