پڕۆژەی "حەنان" دەستپێشخەرییەکی پێشەنگانەی ژنانە بۆ یارمەتیدانی نەخۆشانی "سیلیاک"ی لە قەسرین
پڕۆژەی حەنان کاردەکات بۆ دابینکردنی بەرهەمی خۆراکی بێ گلوتین کە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بەشێک لە دانیشتووان دابین دەکات، کە لە بێدەنگیدا ئازار دەچێژن.

ئیخلاس حەمرونی
تونس-زۆرێک لە ژنانی تووشبوو بە نەخۆشی سیلیاکی لە تونس پرسیان هەبووە بۆ دەستەبەرکردنی خۆراکی تەندروست کە لەگەڵ بارودۆخەکەیاندا بگونجێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوخۆ. پڕۆژەکەی حەنانە غەرسەلی چارەسەری کردەیی بۆ دابین کردووە و ئاسانکاری بۆ ژیان لەگەڵ نەخۆشییەکەیان کردووە.
لە پارێزگای قەسڕێن لە تونس، کە ناوچەکانی ناوخۆ چارەسەری خۆراکی تایبەتمەندیان نییە، حەنان غەرسەلی هەڵبژاردی کە بە شێوازی خۆی چارەسەری ئاڵەنگاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی بکات. زیادبوونی تووشبوون بە نەخۆشی سیلیاکی لەنێو ژناندا وای لێکرد پڕۆژەیەکی ناوازە دەستپێبکات کە بەرهەمی خۆراکی بێ گلوتین دابین دەکات، کە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بەشێک لە دانیشتووان دابین دەکات کە لە بێدەنگیدا دەناڵێنن.
حەنان غەرسەلی سەبارەت بە پڕۆژەکەی وتی: خوێندنم لە بواری ڕاگەیاندن کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ دەرچووم، بە سروشت بە تەواوی لە بواری چێشتلێنان و دروستکردنی شیرینی دوورم، بەڵام چوونە ناو ئەم بوارەوە پاڵنەرێکی کەسی بووە. پڕۆژەکەم بە تایبەتی ئامانجی ئەو کەسانەیە کە تووشی نەخۆشی سیلیاکی یان هەستیاری گلوتین بوون، کە پرۆتینێکە لە گەنم و جۆ و وەرگیراوەکانیاندا هەیە.
چیرۆکەکەم کاتێک دەستی پێکرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ تووشی نەخۆشی سیلیاک بووم، کەیسێک کە پێویستی بە ڕێجیمێکی توندی بێ گلوتین هەیە، سەرەتا ئەوە ململانێیەکی ڕاستەقینە بوو، نەمتوانی هیچ شتێک بدۆزمەوە کە بە ئاسانی بیخۆم، نە نان، نە شیرینی، نە ئارد، هەموو شتێک قورس و سنووردار بوو. هەوڵمدا خۆم لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا بگونجێنم، بە تایبەت کە مرۆڤێکی ئاسایی بە سادەیی دەزانێت، خواردنی ڕۆژانە دەبێتە ئاڵەنگاریەکی گەورە بۆ کەسێک کە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.
حەنان غەرسەلی یەکەم تاقیکردنەوەی لە ماڵەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد. بیرۆکەکە ئەوە بوو کە خۆراکی گونجاو بۆ ئەو و کەسانی دیکە لە دۆخەکەیدا دابین بکرێت، بەتایبەتی منداڵان و گەورەساڵان کە ڕووبەڕووی پرس دەبنەوە لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی سەلامەت. دەستی کرد بە ئامادەکردنی شیرینی بێ گلوتین (وەک پاقلاوە و پێتی فۆڕ) و جۆرە جیاوازەکانی نان (مالاوی و چاپاتی)، بە بەکارهێنانی پێکهاتەی جێگرەوە و بێ گلوتین.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئاڵەنگاریە هەرە گرنگەکان کە ڕووبەڕووی بوومەوە، کەرەستەی خاو بوو، بەدەستهێنانی قورسە و گرانە. دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی تایبەتمەند بۆ گروپێکی دیاریکراو لە ناوچەیەکی ناوخۆیی دوو ئاڵەنگاریە، چونکە سەرچاوەکان سنووردارن و پەروەردەی خۆراکی لەسەر ئەم بابەتە هێشتا بە ڕادەیەکی پێویست بەربڵاو نییە.
داوای پارەی بۆ پڕۆژەکەی کرد، بەڵام بیرۆکەکە ڕەتکرایەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەتکردنەوەکە تەنها بەهۆی سروشتی تەندروستی پڕۆژەکەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی هەندێک باوەڕیان بە پارەدارکردنی ئەو پڕۆژانە نییە کە قازانجی دەستبەجێ بەدەستناهێنن. سەرەڕای ئەوەش خێزانەکەی پشتگیریان دەکرد و یارمەتیان دەدا لەوەی کە هەیانبوو، ئەویش دەستی کرد بە کارکردن بە بەکارهێنانی ئامێرە سادەکان کە لە ماڵەوە هەیبوو.
حەنان غەرسەلی دووپاتی کردەوە کە ژنانی ناوچەکە زۆر سەرسام بوون بە پڕۆژەکەی، بە بیرۆکەیەکی ناوازە دەزانن کە خزمەت بە هاوڵاتیانی ناوچەکە دەکات. زۆرێک لە ژنان سوپاسیان کرد، چونکە جێگرەوەیەکی بۆ دابین کردوون، چیتر ناچار نەبوون خەمی خواردنەکانیان یان خواردنی ئەو ئەندامانەی خێزانەیان هەبێت کە هەستیاریان هەیە.
حەنان غەرسەلی لە کۆتایی قسەکانیدا بە دەربڕینی ئیرادەی خۆی بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکەی بۆ ئەوەی هەموو تونس بگرێتەوە. وتی: من ئاواتەخوازم بەرهەمەکەم فراوان بکەم بۆ پارێزگارەکانی تر، دەمەوێت ناوی خۆم لە بازاڕی تونسدا جێگیر بکەم، خەونم بەوە هەیە ببمە ڕاهێنەر لەم بوارەدا، بۆ ئەوەی بتوانم بە ئەزموونی خۆم سوودی بۆ ژنانی تر بگەیەنم، هەروەها بۆ ئەوەی هەریەک لە پڕۆژەکانیان بتوانێت کاریگەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی هەبێت.
نەخۆشی سیلیاک پێویستی بە خۆراکی توند هەیە
سۆسان بوالاک (یەکێک لە بریکارەکانی حەنان) ڕوونیکردەوە کە نەخۆشی سیلیاکی لە تونسدا بڵاوبووەتەوە. بەشێک لە هاوڵاتیان توانیان زوو دەستنیشانی بکەن، هەندێکی تریش نەیانتوانیوە لە سروشتی بارودۆخەکەیان تێبگەن. نەخۆشییەکی درێژخایەنە، هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە، چ پیاوان، چ ژن، یان منداڵ.
جەختیشی لەوە کردەوە کە نەخۆشییەکە وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن پۆلێن دەکرێت، هاوشێوەی نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دیکە، بەو پێیەی پێداویستییە خۆراکیەکانی گرانە، ئەو بەرهەمە خۆراکییە تایبەتانەی کە ژنان یان منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی سیلیاکی پێویستیان پێیەتی زۆر کەمن و زۆرجار تەنها لە دەرمانخانەکاندا بە نرخێکی زۆر دەستدەکەوێت. جگە لەوەش بژاردەی بەردەست سنووردارە.