خزمەتگوزاری پزیشکی ماڵان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر نەخۆشەکان لە غەززە پێشکەش دەکرێت

لە سایەی داڕمانی سیستەمی تەندروستی لە غەززە، تیمە پزیشکییەکان بەردەوامن لە گەیاندنی چاودێری تەندروستی بۆ ماڵی نەخۆشەکان و سەنتەرە کاتییەکان، تاوەکو چارەسەر بۆ بەتەمەنەکان، برینداران و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دابین بکەن سەرەڕای بارودۆخە سەختەکە

ڕەفیف ئیسلیم

غەززە ـ بەهۆی سەختی گەیشتن بە نەخۆشخانەکان و خاڵە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە و پێویستی بەپەلەی نەخۆشەکان بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، ڕێکخراوی

"هيوسم" بڕیاریدا پڕۆژەی کلینیکە پزیشکییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی باشوور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەستپێبکات، لەگەڵ گرنگیدانی تایبەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چارەسەری ماڵان لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو نەخۆشانەی کە توانای جووڵەیان نییە.

 

فهیمە جەعبری، پزیشک وتی: کە دەستپێکی ئەم کارە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بوو، کاتێک دانیشتووان لە شاری غەززە ئاوارە بوون و لە ناوەڕاست و باشوور کۆبوونەوە، بۆیە ئەو و کۆمەڵێک لە کارمەندانی پزیشکی بیریان لە کردنەوەی خاڵێکی پزیشکی کردەوە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان، بەڕاستی یەکەم خاڵی پزیشکی لە ئایاری ٢٠٢٥ لە شاری ڕەفەح دامەزرا، بەڵام تەنها بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو بەهۆی هێرش بۆ سەر شارەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە و ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە کاری گروپەکانی پزیشکییەکە بریتییە لە دەوامکردن لە خاڵە پزیشکییەکە بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆش و برینداران یان ئەنجامدانی ئەرکێک بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چارەسەری ماڵان بۆ کەسانی بەتەمەن، برینداران، ئەو نەخۆشانەی کە توانای وەستانە سەر پێی خۆیان و جێهێشتنی چاتەکانیان نییە، کاتێک سەردانی نەخۆشەکان دەکرێت، پەیوەندی بە خاڵی پزیشکییەوە دەکرێت جا لەڕێگەی سەردانیکردن بێت یان پەیوەندی تەلەفۆنی، ڕوونکردنەوە سەبارەت بە بارودۆخەکە دەدرێت بۆ ئەوەی گروپێک لە پەرستاران و پزیشکێک بگەنە شوێنەکە و ڕێکارە پێویستەکان ئەنجام بدەن.

 

خزمەتگوزاری جیاواز

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان ناچار بوون گروپەکە بە چەندین پزیشک و پەرستار بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو حاڵەتانەدا بگونجێت کە گروپی پزیشکیان بۆ دەنێردرێت و هەروەها لەگەڵ تایبەتمەندی نەخۆشەکانیشدا بگونجێت، هەروەها ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن جیاوازن لەنێوان چارەسەری سروشتی و بەستنی برینی جیاواز، بەتایبەت دوای نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی گشتی، بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەکە حاڵەتەکە و دەستنیشانکردنەکە بە شێوەیەکی ورد نەزانێت واتە چی پێویستە.

 

لە ئێستادا چوار خاڵی پزیشکی هەن کە لەلایەن گروپی پزیشکییەوە بەڕێوەدەبرێن، بەگوێرەی ئەوەی فهیمە جەعبری ڕوونی دەکاتەوە، کە بریتیین لە خاڵێکی پزیشکی لە دیر بلاح، یەکێکی تر لە نوسرات، لەگەڵ خاڵێکی تریش لە خان یونس، خاڵی کۆتایی لە شاری غەززە، هەموو خاڵێکی پزیشکی پێکهاتووە لە ٨ ئەندام کە بریتیین لە پزیشکێکی پیاو و ژن، پەرستاران، کارمەندێکی تۆمارکردنی داتا و کارمەندێکی خاوێنکردنەوە، کە هەموویان کارەکە بە شێوەیەک ئەنجام دەەن کە خزمەتگوزارییەکان گشتگیر و تەواوکەر بن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژانە ٤٠٠ نەخۆش لە کەرتی غەززە پێشوازییان لێدەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا خزمەت بە زیاتر لە ١٠ هەزار نەخۆش دەکرێت، لەڕێگەی ئەو خاڵە پزیشکییە دابەشکراوانەی پارێزگاکان کە زۆرینەیان خزمەتگوزارین کە پەیوەندییان بە تەندروستی گشتییەوە هەیە و هەندێکیان سەرنجێکی زۆر لەسەر ژنان و تەندروستی خێزانی دەخەنە ڕوو لەڕێگەی پزیشکێکی پسپۆڕی ژنانەوە، ناتوانرێت ئەو نەخۆشانە بە تەواوی بژمێردرێن کە خزمەتگوزاری چارەسەری ماڵانیان پێشکەش دەکرێت، بەڵام دەکرێت بە کەمترین لە سێ بۆ چوار نەخۆش لە هەفتەیەکدا بخەمڵێنرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی چارەسەری ماڵان وەرگرن کەسانی بەتەمەنن کە دەناڵێنن بە دەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە، بۆیە گروپی پزیشکی دەچن و بەدواداچوونیان بۆ دەکەن، بەتایبەت کاتێک ڤایرۆسێکی بڵاوبووەوە هەیە بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراو، هەروەها نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکرێت زۆر مەترسیدار بن ئەگەر بەدواداچوونیان بۆ نەکرێت، چونکە نەخۆشی شەکرە دەکرێت نەخۆشەکە بگەیەنێتە حاڵەتی بڕینەوە، لەگەڵ حاڵەتەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ کە دەبێت سەرنجیان پێبدرێت.

 

فهیمە جەعبری وتی: یەکێک لەو سەختییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بریتییە لە کەمبوونی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، ڕەنگە بارودۆخەکە خراپتر بێت کاتێک کەمبوون لە ئاو و پێداویستییەکانی خاوێنکردنەوەدا دروست دەبێت وەک ئەوەی لە هاوینی ڕابردوودا ڕوویدا کە نەخۆشییە پێستییەکانی قورستر کرد، سەرەڕای ئەوەش تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی کە ناچاریان دەکات خاڵە پزیشکییەکان بگوازنەوە یان پێشکەشکردنیان لە هەندێک ناوچەدا ڕابگرن، لگەلیدا، هەوڵ دەدرێت بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و فراوانکردنەوەی ناوچەکانی کارکردن و جۆری ئامێرە پزیشکییەکان.