”دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک ژنان دەپارێزێت”

زەهرا ئەحمەد، ڕێکخەری پزیشکی مانگی سووری کورد، سەرنجی خستە سەر گرنگی زیادکردنی هۆشیاری ژنان سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک و گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە، داوای لە ژنان کرد پشکنینی سۆنەر و مەمۆگرافی بۆ مەمکیان بکەن.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ – لەم ساڵانەی دواییدا شێرپەنجەی مەمک بووەتە یەکێک لە نەخۆشییە دیارەکانی ژنان و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ئەم نەخۆشییە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستی ژنان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، هۆشیاری و زیادکردنی زانیاری ژنان سەبارەت بە نیشانەکان و هۆکارەکانی مەترسی و هاندانی پشکنینی تەندروستی وەرزی لە هەنگاوە بنەڕەتییەکانی خۆپاراستنن.

 

لەو چوارچێوەیەدا، زەهرا ئەحمەد، ڕێکخەری پزیشکی مانگی سووری کوردی، سەبارەت بە ئاستی هۆشیاری ژنان بە شێرپەنجەی مەمک، شێوازەکانی خۆپاراستن و گرنگی زوو دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

زەهرا ئەحمەد سەرنجی بۆ گرنگی زوو ناسینەوە و دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک ڕاکێشا و وتی: کاتێک ژنان هەست بە گۆڕانکاری لە مەمکیان دەکەن، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەن، ئەمەش گرنگە بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک و زیادکردنی بژاردەکانی چارەسەرکردنە.

 

زەهرا ئەحمەد ڕایگەیاند، کە ئاستی هۆشیاری ژنان سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک لەم دواییانەدا زیادی کردووە و وتی: ئەم پەرەسەندنەش بە هۆی بروشورەکانی هۆشیاری و سیمیناری زانیاریەوەیە، هەروەها ژنان زیاتر سەردانی پزیشک دەکەن و پشکنینی سۆنەر و مەمۆگرافییان بۆ دەکرێت.

 

”ژنان پێویستە ئاگاداربن لەکاتی پشکنینی مەمکیان”

زەهرا ئەحمەد سەرنجی بۆ نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک ڕاکێشا کە پێویستە ژنان گرنگییان پێبدەن و وتی: چەندین نیشانە هەن کە پێویستە ژنان لە کاتی پشکنینی مەمکەکانیاندا گرنگییان پێبدەن، گرنگترین نیشانەکانی بریتین لە بوونی گرێیەک لە مەمکەکاندا، گۆڕانی ڕەنگی پێستی مەمک وەک پرتەقاڵ، دەرچوونی شلە لە مەمکەکان و پاشەکشەی گۆی مەمک، لەم جۆرە حاڵەتانەدا پێویستە ژنان سەردانی پزیشک بکەن.

 

”ژنان پێویستە سەردانی پزیشک بکەن”

زەهرا ئەحمەد لە درێژەی هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی خۆپارێزی کە پێویستە ژنان بیگرنەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و ڕێژەی پشکنینی تەندروستی وتی: دوای کۆتایی هاتنی سوڕی مانگانە، ژن دەتوانێت بۆ خۆی مەمکەکانی بپشکنێت، ئەگەر نیشانەیەک یان گۆڕانکارییەک لە مەمکەکاندا دۆزرایەوە، پێویستە ژنەکە سەردانی پزیشک بکات، سەرەتا پزیشکەکە پشکنینی ”ICO” دەکات و ئەگەر پێویست بوو پشکنینی مەمۆگرامی بۆ دەکات.

 

”داوا لە هەموو ژنان دەکەم سەردانی مانگی سور بکەن”

زەهرا ئەحمەد، داوای لە هەموو ژنان کرد سەردانی مانگی سور بکەن و مەمکەکانیان بە سۆنەر و مەمۆگرافی بپشکنن، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: مانگی سور لە چوارچێوەی مانگی پەمەیی چەندین بروشور و هۆشیاری ئامادە کردووە و دابەشی کردووە، هەروەها کلینیکە گەڕۆکەکان بە دەوری قامیشلۆدا دەگەڕێن و سیمیناری هۆشیاری بۆ ژنان پێشکەش دەکەن،  ئاواتی من ئەوەیە کە هەموو ژنێک لەم مانگەدا سەردانی مانگی سور بکات و پشکنین بۆ  مەمکەکانی بە سۆنەر و مەمۆگرافی بکات.