دایکان و منداڵانی ئەفغانستان لە نێوان گەمارۆی هەژاری و کەمی سەرچاوەی چاودێری تەندروستیدا گیریان خواردووە

هەژاری و نەبوونی چاودێری تەندروستی مەترسی لەسەر تەندروستی دایکان و منداڵان لە ئەفغانستان دروست دەکات، قەیرانێک کە لە قەرەباڵغی نەخۆشخانەکان و ئازارەکانی منداڵانی بەدخۆراکیدا دەردەکەوێت.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان- بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەدخۆراکی یەکێکە لە کێشە مەترسیدارەکان لە ئەفغانستان، کە بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، هەژاری، سنوورداربوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بەدخۆراکی لەگەڵ هاوسەرگیریی پێشوەختە و دوگیانیی بەردەوام، ئەمانە هەموویان ئەو هۆکارانەن کە تەندروستیی دایکان و گەشەی منداڵان دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها مەترسیی ئەم بارودۆخانە لە ناوچە گوندنشینەکاندا زیاتر دەبێت، کە زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن بە شێوازی پێویست دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە تەندروستییەکان و کەرستە خۆراکییەکان بگات.

 

زۆرێک لە ژنان لە ماوەی دوگیانیدا و تا کاتی منداڵبوون بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی کارە قورسانەکان، بێ ئەوەی خۆراک یان پشووی پێویست بەدەست بهێنن، هەروەها هەندێکیان رووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە، کۆی ئەم هۆکارانە دەتوانێت تەندروستیی دایکان لاواز بکات و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر دۆخی خۆراکیی منداڵان و گەشەکردنیان هەبێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، پێنج ملیۆن ژن و منداڵ لە سەرانسەری ئەفغانستاندا بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن و چوار ملیۆن لەوان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە، ئەم ژمارەیانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە گرنگییەکی جددی بە دۆخی خۆراک و تەندروستیی دایکان و منداڵان بدرێت.

 

بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی منداڵانی تووشبوو بە بەدخۆراکی، سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی حکومیمان کرد، لە ساتەوەختی چوونە ژوورەوەوە، تێکشکانی هەندێک لە ئامێرەکان و تەنگسێری لە بەشە چارەسەرییەکاندا بەڕوونی دیار بوو، لە هەندێک لە بەشەکانی نەخۆشخانەکەدا، زیاتر لە منداڵێک هاوبەشیی یەک جێگەیان دەکرد، ئەمەش دۆخێکە کە قەرەباڵغی و سنوورداربوونی توانای لەخۆگرتنی ئەم ناوەندە دەردەخات.

 

لە بەشی بەدخۆراكیدا، ژوورە تێکشکاوەکان و شوێنە تەنگەکان دۆخێکی سەختیان بۆ منداڵە نەخۆشەکان و دایکانیان دروستکردبوو. دایکان لەپاڵ جێگەکاندا، هەوڵیان دەدا چاودێریی ئەو منداڵانە بکەن کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر هێنرابوونە نەخۆشخانە.

 

منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ چاوەڕێی چارەسەر دەکات

لە یەکێک لە دەروازەکانی نەخۆشخانەکەدا، ئاژانسەکەمان چاوی بە سەفا شەهید کەوت، کە چاوەڕێی بەدواداچوونی دۆخی نەوەکەی بوو، کە منداڵێک بوو تازە هێنرابووە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی بخرێتە بەشی نەخۆشە خەوێنراوەکان، و وتی: ئێمە تازە لە پاکستان گەڕاینەوە، نەوەکەم تەمەنی نزیکەی سێ ساڵە، بەڵام هەر گەشە ناکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە قاچەکانی منداڵەکە ئاوساون، ئەم دۆخە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی سەردانیکردنی خێزانەکە بۆ نەخۆشخانە، وتی: دیاریکردنی هۆکارەکانی ئەم نیشانانە پێویستی بە پشکنینی پزیشکی هەیە، بەڵام نیگەرانیی خێزانەکە سەبارەت بە گەشەکردن و تەندروستی منداڵ ڕەنگدانەوەی لایەنێکی ئەو سەختییانەیە کە منداڵانی نەخۆش و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر لەبارەی دۆخی منداڵانی تووشبوو بە بەدخۆراکی و ئەو هۆکارانەی بەشداری لە بڵاوبوونەوەی ئەم کێشەیە دەکەن، هەوڵمان دا چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێک لە پزیشکەکانی بەشی خۆراک ئەنجام بدەم، بەڵام پزیشکە ئامادەبووەکان ڕەتیانکردەوە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

 

هەژاری یەکێکە لە هۆکارەکانی بەدخۆراکیی منداڵان

دوای جێهێشتنی نەخۆشخانەکە، ڕوومان لە یەکێک لە کلینیکە تایبەتەکانی نزیک دەروازەکەی کرد، کە لەوێدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ پزیشک خاترە سافی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، ئەنجام دا سەبارەت بە هۆکارەکانی بەدخۆراکی لەلای منداڵان.

 

جەختی لەسەر گرنگیی خۆراکی دایک لە ماوەی دوگیانیدا کردەوە، و وتی: دۆخی خۆراکیی دایک دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵ هەبێت، بەپێی ئەوەی باسی کرد، بەدخۆراکی لەم ماوەیەدا، لەگەڵ هۆکارەکانی تردا، ڕەنگە مەترسیی ڕوودانی کێشە پەیوەندیدارەکان بە گەشەی منداڵەوە زیاد بکات.

 

خاترە سافی دوگیانیی پێشوەختە، هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی یاساییەوە، دوگیانیی بەردەوام، هەژاری، بێکاری و توندوتیژیی خێزانیی بە هەندێکی تر لەو هۆکارانە زانی کە تەندروستیی دایکان دەخەنە مەترسییەوە، دەتوانن کاریگەریشیان لەسەر دۆخی خۆراکیی منداڵان هەبێت، وتی: هەندێک لە نەخۆشخانەکان لە ڕابردوودا ئۆفیسی ڕاوێژکاریی خێزانییان تێدا بوو، بەڵام ئەم ئۆفیسانە دوای گەیشتنی بزووتنەوەی تاڵیبان بە دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١ـدا مۆڵەتیان پێ نەدرا بەردەوام بن لە کارەکانیان.

 

هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە خۆراکی تەندروست بۆ دایکان و منداڵان، چاودێریی تەندروستی لە ماوەی دوگیانیدا، نێوانخستنی ماوەی منداڵبوون، بە رێکارە گرنگەکان بۆ خۆپاراستن لە کێشە خۆراکییەکان هەژمار کرد.

 

بەدخۆراکی تەنها بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە دروست نابێت، بەڵکو هەژاری، سنوورداربوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بەدخۆراکیی دایکان لە ماوەی دوگیانیدا و نەبوونی هۆشیاری، ئەمانە هەموویان ئەو هۆکارانەن کە ڕۆڵ دەگێڕن لە قوڵبوونەوەی ئەم کێشەیەدا، هەروەها بەرەنگاربوونەوەیان پێویستی بە دابینکردنی هاوکاریی خۆراکی و چارەسەری، پشتگیریکردنی دایکان، هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان و باشترکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەیە.

 

هاوبەشیی کارا لە نێوان ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و دەسەڵاتدارە تەندروستییە بەرپرسەکاندا، لەپاڵ چاودێریی ڕوون لەسەر خەرجکردنی هاوکارییە داراییەکان و دابەشکردنیان، گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی گەیشتنی پشتگیرییەکە بە کەسانی پێویست و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدان و دزینی سەرچاوەکان.