ئەو ژنانەی کە مێژوو دەیەوێت لەبیریان بکات: باجیەکانی ڕۆم

لە ڕێکخراوی باجیەکانی ڕۆم دا کە لە سەدەی ١٣دا لە ئەنادۆڵ دەرکەوت، ژنان بەشداربوویەکی چالاکی ژیانی کۆمەڵایەتی بوون و چالاکییە ڕێکخراوەکانی خۆیان لە زۆر بواری جیاوازدا نیشان دەدا، لە بەرهەمهێنان و پەروەردەوە بگرە تا دەگاتە هاوپشتی و بەرگری.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژایی مێژوودا، زۆرجار ڕۆڵی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، دارایی و ڕامیاریاندا لەلایەن گێڕانەوە مێژووییە فەرمییەکانەوە پشتگوێ خراوە. مێژوونووسیی پیاوسالارانە، لە زۆر بواری جیاوازدا، لە شەڕەکانەوە بگرە تا دامەزراندنی دەوڵەتان، بەشداربوونی ژنانی نەبینیوە. باجیەکانی ڕۆم کە وەک یەکێک لە یەکەمین کۆمەڵە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئەنادۆڵدا دادەنرێت، بە درێژایی سەدەکان نموونەیەکی لەبیرکراو یان پشتگوێخراوە.

 

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنان

ئەم ڕێکخراوە کە پێگەی ڕەنجی ژنانی لە بەرهەمهێنانی داراییدا بەهێز کرد، تۆڕێکی هاوپشتیی لەگەڵ ژنانی پێویستدا ئاوا کرد. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، تەنانەت لە چالاکییەکانی پاراستنی لەشکرێشدا ڕۆڵیان گێڕاوە، ئەمەش ئەو بۆچوونە باوانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە سەبارەت بە بوونی ژنان لە کایەی گشتیدا لە مێژووی ئەنادۆڵدا هەن. ئەمڕۆ مێژوونووسان و توێژەران، باجیانی ڕۆم تەنها وەک لقی ژنانی ڕێکخراوی براکان سەیر ناکەن، بەڵکو وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنان دەینرخێنن کە لەژێر مەرج و بارودۆخی ئەو سەردەمەدا ئەرکی دارایی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییان گرتووەتە ئەستۆ و تەنانەت خاوەنی تایبەتمەندییەکانی ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی شارستانییش بووە.

 

لە نووسینە مێژووییەکاندا

باجیەکانی ڕۆم کە لە ڕێگەی توێژینەوەیەکەوە لە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠دا لە سەرچاوە مێژووییەکاندا پێگەی خۆی گرت، بۆ یەکەمجار لە نووسینە مێژووییە ناسراوەکاندا لە کتێبی مێژووی بنەماڵەی عوسمانی ١٤٨١ی مێژوونووسی عوسمانی، عاشق پاشازادە، وەک یەکێک لە چوار توێژە سەرەکییە دامەزرێنەرەکانی کۆمەڵگەی تورکمان دەردەکەوێت. دوای ئەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ لە نووسینە مێژووییەکاندا بە شایستە نەبینرا. لە کۆتایی سەدەی ١٩دا، فوئاد کۆپرولو ئەوانی خستە ناو زنجیرەی بنیاتی پاشایەتی عوسمانی. بەرفراوانترین توێژینەوەش لەلایەن پڕۆفیسۆر د. میکائیل بایرامەوە ئەنجام دراوە، کە زانیارییەکانی لە ناوەندەکانی بەڵگەنامەی دەوڵەت و سەرچاوە مێژووییەکانی نەتەوەکانی تر، بەتایبەت سریانییەکانی مێردین، کۆکردووەتەوە.

 

دامەزراندنی ڕێکخراوەکە

بەپێی بەڵگەکان، باجیەکانی ڕۆم ڕێکخراوێکی ژنان بوو کە لە ڕێکخراوی براکان دەچوو. پێشبینی دەکرێت کە وەک لقی ژنانی ئەو ڕێکخراوە دامەزرابێت، چونکە ژنان لە نێو ڕێکخراوی پیاواندا وەرنەدەگیران. هەروەها ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە کە باجیەکانی ڕۆم بە ویست و هێزی خودی ژنان وەک ڕێکخراوێکی جیاواز دامەزرابێت. ئەم ڕێکخراوە بۆ یەکەمجار لە شاری قەیسەری لە ئەنادۆڵ، لەژێر دەسەڵاتی سەلجوقییەکانی ئەنادۆڵدا لە سەدەی ١٣دا دامەزرا، واتە لە هەمان سەردەم و لە هەمان شوێنی ڕێکخراوی پیاواندا. یەکەمین سەرکردەی ناسراوی، فاتیما باجی بوو کە دەوترێت کچی ڕۆحیی حاجی بەکتاش بووە. زانراوە کە ڕێکخراوەکە لە سەرەتای سەدەی ١٣دا لە شارەکانی قەیسەری، کۆنیا، کرشەهیر و ئەنقەرە دامەزراوە و دواتر لە زۆربەی ناوچەکانی ئەنادۆڵدا بڵاوبووەتەوە.

 

یەکینە چەکدارەکانی باجیەکانی

باجیەکانی ڕۆم هاوشێوەی ڕێکخراوی برایەتی پیاوان وەک قوتابخانەیەک وابوو، خاوەنی پێکهاتەیەکی پلەبەپلە بوو لە شاگرد، یاریدەدەر، ڕێبوار و مامۆستایانی پەروەردەی پیشەیی. گەورەی هەر لقێکی پیشەیی، لە هەمان کاتدا وەک گەورەی باجییەکانی ئەو لقەش دادەنرا. باجییەکان لە دروستکردنی جلوبەرگدا لێهاتوو بوون. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشترە ئەوەیە کە باجییەکان تەنها لە پیشەکانیاندا کارامە نەبوون، بەڵکو پەیوەندییان بە هێزە چەکدارەکانی ئەو سەردەمەشەوە هەبوو. هەرچەندە سەرچاوەکان جەخت لەسەر ئەم لایەنە ناکەنەوە، بەڵما دەوترێت باجییەکان خاوەنی یەکینەی چەکداری بوون. بەپێی مێژوو و گێڕانەوە نووسراوەکان، باجییەکان لەم سەردەمەدا وەک ڕێکخراوێک لە تێکشکاندنی هێرشەکانی مەغۆل و لە بەرخۆدانی گەلدا شەڕیان کردووە، کە ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەتی سەلجوقیی ئەنادۆڵ. هەروەها دەوترێت کە سوپای میرنشینەکان خاوەنی یەکینەی چەکداریی جیاواز بوون کە لە هەزاران ژن پێکهاتبوون، جیا لە پیاوان.

 

دوورخستنەوەی باجییەکان

لە نووسینە مێژووییەکانی قۆناغی سەرەتای عوسمانییەکاندا، ڕێکخراوەکە بە فەقیرەکان  ناودەبرێت کە بە واتای دەروێشە ژنەکان ، بەڵام زانراوە کە ئەندامانی ژنی ئەم ڕێکخراوە بە بەردەوامی خۆیان بە باجی ناودەبرد. مێژوونووسان لەو بڕوایەدان کە باجییەکان لەبەر ئەوەی ژن بوون، نەیانتوانیوە ڕێسا و ڕێبازێکی جیاواز پێکهێنن، بەڵکو دەکرێت وەک کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە ناو ڕێبازێکدا ئەژمار بکرێن کە ڕێبەرەکەی پیاو بووبێت. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە زانراوە، باجییەکان لەگەڵ پیاواندا بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئایینی، ڕاوەشە و گفتوگۆکاندا دەکرد. لەلایەکی ترەوە، هەرچەندە کاریگەریی ئایین لە ناو کۆمەڵگەی تورکماندا زیادی دەکرد، سەرەتا چەکەکان لە باجییەکان سەندرانەوە و دواتریش لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ڕێکخراوی براکان دەرکران. ئەو باجییانەی کە چەکیان هەڵدەگرت و لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکاندا قسەیان دەکرد، گۆڕان بۆ ژنانی خێرخوازی پیاوانی بەنەژادی پاشایەتی عوسمانی، و ژنانی ناو ماڵی تایبەتی پاشاکان حەرەم، لە مێژوودا، بەتایبەتی لە پاشایەتی عوسمانی و هەندێک دەوڵەتی تری ئیسلامیدا، ناوی شوێنی ژیانی تایبەتی پاشا یان خێزانێکی پیاوی پلەبەرز بوو، کە بەڕووی بێگانەکاندا داخرابوو

 

نموونەیەک لە چۆنیەتیی دوورخستنەوەی ژنان

چیرۆکی باجیەکانی ڕۆم تەنها مێژووی یەکێک لە یەکەمین ڕێکخراوەکانی ژنان نییە لە ئەنادۆڵدا، بەڵکو شوێنپەنجەکانی چۆنیەتیی دوورخستنەوەی ڕێکخراوی ئەوانیش لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەڵدەگرێت. هەرچەندە باجییەکان کە لە بەرهەمهێنان، بەرگری و ناوەندەکانی بڕیاردانی گشتیدا ڕۆڵێکی چالاکیان گێڕا، بە درێژایی سەدەکان لە نووسینە مێژووییەکاندا نەبینران، بەڵام ئەو سەرچاوە سنووردارانەی کە تا ئەمڕۆ ماونەتەوە، جارێکی تر ڕۆڵی بنیاتنەری ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و داراییی ئەنادۆڵدا ئاشکرا دەکەنەوە. بۆ مێژوونووسان، باجیەکانی ڕۆم وەک نموونەیەکی گرنگ دەمێنێتەوە کە چۆن ئەو هێزە ڕێکخراوەی ژنان لە ڕابردوودا خاوەنی بوون، گۆڕدرا و لەبیرکرا. هەروەها نیشانی دەدات کە چۆن پێگەی ژنان لەسەر شانۆی مێژوودا گۆڕانی بەسەردا هات و ژنان لەبیرکران.