یاخیبوویەکی تەمەن ١٨ ساڵ لە دژی نازییەکان: زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، پارتیزانی گەنج زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا سەرەڕای ئەشکەنجەی سەخت، هیچ زانیارییەکی دەربارەی هاوڕێکانی نەدا بە سەربازانی نازی. زۆیا لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەسێدارە درا و ئەمڕۆ وەک گەورەترین هێمای خۆڕاگری لە دژی داگیرکاری یادی دەکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا، کە لە سەردەمی داگیرکاریی یەکێتیی سۆڤیەت لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە وەک پارتیزانێک پەیوەندی بە خۆڕاگرییەوە کرد، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستگیر کرا. سەرەڕای ئەشکەنجەی سەخت، ڕەتی کردەوە زانیاری دەربارەی هاوڕێکان و ڕێکخراوەکەی ئاشکرا بکات. زۆیا لەلایەن سەربازانی نازییەوە لەسێدارە درا و بووە هێمای خۆڕاگری لە دژی داگیرکاری.

 

زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٢٣ لە گوندی گاڤریلۆڤسکایا لە باشووری ڕووسیا لەدایک بوو. باوکی لە کتێبخانە کاری کردوە و دایکی مامۆستا بوو. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ سیبیریای ڕووسیا و لە ساڵی ١٩٣٠ ڕوویان لە موسکۆ کرد. کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد، تەنیا تەمەنی ١٠ ساڵ بوو.

 

لە کتێبخانەوە بەرەو جیهانی ئەدەب و خەبات

 

زۆیا لە منداڵییەوە ئارەزووی لە ئەدەب و مۆسیقا بوو، بەرهەمەکانی تولستۆی، دیکێنس، شکسپیر، گۆتە و پۆشکینی دەخوێندەوە. هەروەها گوێی لە مۆسیقای چایکۆڤسکی و بێتۆڤن دەگرت. تێڕوانینی بۆ جیهان لە تەمەنێکی گەنجیدا شێوەی گرت و لە ساڵی ١٩٣٨ پەیوەندی کرد بە ڕێکخراوی گەنجانی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت .

 

لە تشرینی یەکەمی ١٩٤١، کاتێک زۆیا هێشتا خوێندکاری ئامادەیی بوو، ناوی ناوازەی "تانیا"ی لێنرا و خۆبەخشانە چوو تەقەلای بۆ یەکەیەکی پارتیزانی دا. دوای مەشقێکی کورت، ڕەوانەی ناوچەی ڤۆلۆکۆلامسک لە نزیک موسکۆ کرا و لەوێ بەشداری لە چەندین چالاکیی خۆڕاگریدا کرد.

 

پێویستە سەختییەکان بە یەکسانی دابەش ببن

 

زۆیا هەروەها لە دژی دابەشکاریی کار لە نێوان پارتیزانە ژن و پیاوەکاندا  وەستایەوە. بەو بەڵگەیەی کە "پێویستە سەختییەکان بە یەکسانی دابەش ببن"، زۆیا داوای دەکرد هەمان ئەو کارانە بكات کە پیاوان دەیکەن.

 

لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٤١، ڕەوانەی گوندی پێتریشچێڤۆ کرا کە لەلایەن نازییەکانەوە داگیر کرابوو. لەوێ بەشداری کرد لە چالاکییەکانی دژی ئەو ماڵانەی کە لەلایەن سەربازانی ئەڵمانیاوە داگیر کرابوون. بەڵام دوای ماوەیەک، زۆیا لە پارتیزانەکانی دیکە جیا بووەوە و بە تەنیا گەڕایەوە بۆ گوندەکە تا بەردەوامی بە چالاکییەکانی بدات.

 

دوای هەوڵدانی کەسێکی هاوکار لە گوندەکە، زۆیا لەلایەن سەربازانی نازییەوە دەستگیر کرا و برا بۆ بەرزاییەک کە وەک سەربازگە بەکار دەهێنرا.

 

زۆیا لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا نەکرد و خۆی بە 'تانیا' ناساند. وەڵامی پرسیارەکانی سەربازانی ئەڵمانیای نەدایەوە دەربارەی ئەوەی کێ ناردوویەتی، لەگەڵ کێ کاری کردووە، یان هەڵسوکەوتەکانی.

 

ئەشکەنجەی سەخت و خۆڕاگریی بێوێنەی "تانیا"

 

بەپێی گێڕانەوەی شایەتحالەکان، زۆیا تەواوی شەوەکە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی سەخت بووەتەوە. لێیان داوە، برینداریان کردووە و ناچاریان کردووە لە کەشوهەوای سارددا بە پێخاوسی لەسەر بەفر بڕوات. سەرەڕای ئەمەش، هیچ زانیارییەکی دەربارەی هاوڕێکانی نەدا.

 

شایەتحاڵییەکان دەربارەی لێکۆڵینەوەی زۆیا لەلایەن ڕۆژنامەنووسی سۆڤیەتی پیۆتر لیدۆڤ کۆکرانەوە و لە ٢٧ی کانونی دووەمی ١٩٤٢ لە ڕۆژنامەی پڕاڤدا بڵاوکرانەوە.

 

لەبەر ئەوەی سەربازانی نازی نەیانتوانى هیچ زانیارییەک لە زۆیا وەربگرن، بڕیاری کوشتنی ئەو پارتیزانە گەنجەیان دا. کاتێک بەرەو لەسێدارەدان دەیانبرد، زۆیا بە گوندییەکانی ووت: من لە مەرگ ناترسم. دڵخۆشم کە لە پێناو گەلەکەمدا دەمرم!

 

پاشان ڕووی کردە سەربازانی نازی و وتی: ئێوە ئێستا من لەسێدارە دەدەن، بەڵام من تەنیا نیم. ئێمە دوو سەد ملیۆن کەسین. ناتوانن هەموومان لەسێدارە بدەن. تا زووە خۆتان ڕادەست بکەن. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە!

 

هێمایەک کە لە دژی داگیرکاری سەرکەوت و چۆکی دادەنەدا

 

زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا لە بەیانیی ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤١ لە پێتریشچێڤۆ لەسێدارە درا. تەرمەکەی زۆیا نزیکەی دوو مانگ بە هەڵواسراوی مایەوە. پاشان ڕووفاتەکەی لە گوندەکە نێژرا و دوای ئەوەی پارتیزانەکانی سۆڤیەت ناوچەکەیان ئازاد کردەوە، بۆ گۆڕستانی نۆڤۆدێڤیچی لە موسکۆ گوازرایەوە.

 

ئەو کەسەی خیانەتی لە زۆیا کردبوو، دوای جەنگ لە دادگایەکی سۆڤیەتدا دادگایی کرا و سزادرا. زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا دوای مەرگی نازناوی قارەمانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێبەخشرا.

 

دەربارەی ژیانی زۆیا کە ناوی بووە یەکێک لە هێماکانی خۆڕاگری لە دژی داگیرکاریی نازی، گەلێک گۆرانی و شێعر نووسراون. یەکێک لەو شێعرانە، شێعری "تانیا"ی ناچم حیکمەت بوو.

 

زۆیا کۆسمۆدێمیانسکایا کە لە تەمەنی گەنجیی ١٨ ساڵیدا بووە قوربانی بۆ گەلەکەی، وەک یەکێک لە هێماکانی خۆڕاگری کە بەرامبەر داگیرکاری دەستەمۆ نەبوو، یادی دەکرێتەوە.