شیعری ئەمڕۆ؛ لە ئێستاوە من بازنەی دەستی بە جێماوی شیرینی عەلەمهولیم

شێرکۆ بێکەس، شاعیری باشووری کوردستان، دوای ئەوەی شیرین عەلەمهولی، پێشەنگ و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەگەڵ چوار هاوڕێیدا لەسێدارە دران، شیعرێکی بەناوی "سێدارە" نووسی و تێیدا باس لە گەورەیی شیرین دەکات و دەڵێت: 

"لەمڕۆوە هەرچی شیعرم هەیە

ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرین عەلەمهولی"

 

شیعری سێدارە؛

لەم بەیانیەوە گەورەترین باخچەی مەهاد

بوو بە شیرینی عەلەمهولی

من ئیتر لەمڕۆوە

عاشقی چاوانی شیرینی عەلەمهولیم

لەمڕۆوە هەرچی شیعرم هەیە

ئەیان کەم بە گوڵی گۆرانی

بۆ باڵای شیرینی عەلەمهولی

لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم

لە ئێستەوە من نینۆکی پەنجەی ئەوم

لە ئێستەوە من دەبمە ئەو جووتە پێڵاوەی

کەدواجار لە پێی کرد و، پێی چووە سەر سێدارە..

لە ئێستاوە من بازنەی دەستی بە جێماوی شیرینی عەلەمهولیم

گوارەی بەجێماوی ئەوم..

خەونی بەجێماوی ئەوم..

من ئێستا بووم بە جانتا بچکۆلانەکەی دەستی شیریینی عەلەمهولی..

بە شانەی قژی و بە ئاوینەی تەماشای و

من ئێستا بووم بە دوا تیکە نانی بەجێماوی و

بە دوا نامەی نیوەشەوی و..

من ئێستە بووم بە خۆڵی ژێر پێڵاوەکەی شیرین عەلەمهولی

کۆترە سوورەکان وا ئەڵێن!

کۆماری سێدارەی ئیسلامی، چی لە سیدارە نەدا؟

ئەوەی ناتوانێت لە سێدارەی بدات

ئایندەیە و ئازادی..!

 

شیرین عەلەمهولی، لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا، لە ٢٥ ڕۆژی سەرەتای دەستگیرکردنیدا لە شوێنێکی نادیار بە توندوتیژترین شێوە ئەشکەنجەدرا، پاشان نێردرا بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوینی تاران، شەش مانگ دواتر گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەو زیندانە.

 

لە ڕۆژی ١٩ی ١٢/ ٢٠٠٩ دادگای شۆڕشی تاران بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، سەرئەنجام لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ هاوڕێیانی لە زیندانی ئەوینی تاران (فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیی، عەلی حەیدەرییان و چالاکوانی شیرازیی مەهدی ئیسلامییان) سزای سێدارەکەی جێبەجێکرا.