حەپسەخانی نەقیب؛ دامەزرێنەی یەکەمین کۆمەڵەی ژنان

ناوەندی هەواڵ

 

حەپسەخانی نەقیب، دامەزرێنەی یەکەم کۆمەڵەی ژنان کە یەکەمین خوێندگەشی بۆ ژنان کردەوە، لە ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

 

حەپسەخانی نەقیب كێیه‌؟

حەپسە خانی نەقیب ئەو ژنەیە كە بیرو كردار و ئامانجەكانی پێش سەردەمەكەی خۆی كەوتبوون، ئەو لە سەردەمێك ژیا كە زۆر دەگمەن بوو تێیدا ژن هەڵبكەوێت و دەسەڵاتی هەبێت و باس لە مافەكانی ژنان بكات.

 

حەپسەخان، کچی مەعرووفی بەرزنجی و نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە و لە ساڵی ١٨٩١دا لە سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە.

 نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر دەستی داوەتە پەروەردەكردنی ژنان لە رێی دامەرزراندنی یەكەم خوێندنگەی كوردی و دواتریش لە ساڵی ١٩٣٠ دا یەكەم رێكخراوی ژنانی بەناوی “كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد” دامەزراندووە، هەبوونی كۆمەڵەیەكی لەم چەشنە بۆداكۆكیكردن لە ماف ‌و داواكانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەكەمی سەدەی رابردوودا، نموونەیەكی كەم وێنەیە، تەنانەت لە سەرئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

 

دیوەخانەکەی حەپسەخان ھەردەم پڕ بووە لە ژنانی سلێمانی و دەوروبەری و ھەر ژنێک تووشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان دارایی دەبوو یان زۆری لێ دەکرا، پەنای دەبردە بەر حەپسەخان.

 

 ماڵەکەی خۆی کردبووە خوێندنگە بۆ ئافرەتان، ماڵەکەی ئەو یەکەمین خوێندنگەی ژنان بووە لە سلێمانی و لە ھەموو کوردستاندا. ژنان لەو مەڵبەندە، ھەستی کوردایەتییان دەورووژا و بیری ڕامیارییان لەلا پەروەردە دەبوو.

 

 کاتێک کۆماری مەھاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد و قازی موحەمەد سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.

 

لە تەمەنی ٦٢ساڵیدا و لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە، لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.