گابریێلا سیلانگ... میراسێک کە پیشەنگایەتیی خەباتی ژنانی فلیپینی دەکات
لە سەردەمێکدا، کە داگیرکاری هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ژنانی دا، گابریلا سیلانگ وەک سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕی نەدۆڕاو ڕێبازی خۆی دروست کرد، بوو بە سیمبولی بەرخۆدان، ئایکۆنێکی خەبات کە ئیلهامبەخش بوو بۆ نەوەکانی فلیپینی و ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.
ناوەندی هەواڵ
گابریێلا سیلانگ کەسایەتییەکی دیاری خەباتی سەربەخۆیی دژی داگیرکاری لە فلیپین، تەنانەت دوای چەندین سەدەش وەک سیمبولێکی بەهێزی بەرخۆدانی ژنان دەمێنێتەوە، لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ داگیرکاری ئیسپانیا، لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٧٦٣ لەگەڵ سەد هاوڕێی لەسێدارەدرا، میراسەکەی ئەمڕۆش دەژی لە ڕێگەی ڕێکخراوی ژنانەوە کە ناوی ئەو "GABRIELA".
لە زۆر شوێنی جیهاندا، چیرۆکی ئەو ژنانە هەن کە بەرەنگاری بوون، هەرچەندە مێژوو کە زۆرجار لە ڕوانگەیەکی پیاوسالارییەوە نووسراوە، زۆرجار چاوپۆشی لێکردووە، گابریلا سیلانگ ، خەباتکاری سەربەخۆیی فلیپین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، نەک تەنها بۆ گەلەکەی بەڵکو بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، سیمبولی خەبات و ئازادییە.
گەلی فلیپین کە چەندین سەدە لە ژێر داگیرکاری ئیسپانیادا ژیاون، بەدەست باجی قورس و کاری بەکارهێنانی و ستەمەوە دەناڵێنن، بەڵام دانیشتووانی ڕەسەن ملکەچی ئەم سیستەمە داگیرکاریە نەبوون و دەیان شۆڕشی چەکدارییان ڕێکخست، گابریلا سیلانگ یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی ئەم بەرخۆدانە.
گابریێلا سیلانگ لە ساڵی ١٧٣١ لە شاری سانتا لەدایکبووە، خێزانەکەی لەگەڵ بازرگانێکی گەورەتر هاوسەرگیریان کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم کۆچی دوایی کرد، پاشان بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ دیێگۆ سیلانگ هاوسەرگیری کرد و پەیوەندی بەو بزووتنەوەی سەربەخۆییەی کە ئەو دەستی پێکردبوو، مەشقی سەربازی وەرگرت، دوای ئەوەی دیێگۆ سیلانگ لە ساڵی ١٧٦١ لەلایەن ئیسپانییەکانەوە تیرۆرکرا، گابریێلا سیلانگ سەرکردایەتی بەرخۆدانەکەی گرتە ئەستۆ و بە خێرایی پشتیوانییەکی بەرفراوانی گەلانی بەدەستهێنا، فلیپینییەکان نازناوی "هینێرالا"یان ناوە، بە واتای "ژەنەڕاڵێکی ژن".
گابریلا سیلانگ بە بەکارهێنانی تاکتیکی شەڕی گەریلا بەرخۆدانی لە دژی دەسەڵاتی داگیرکاری فراوانتر کرد، بەرخۆدانی چیای ئابرە بوو بە سیمبولی خەبات بۆ سەربەخۆیی فلیپین، بەڵام هێزەکانی ئیسپانیا گرتیان و ئەو و هاوڕێکانی بە ئاشکرا لە سێدارە دران، تەمەنی تەنها ٣٢ ساڵ بوو.
هەرچەندە شوێنی ناشتنی نادیارە، بەڵام بەرخۆدانەکەی لە یادەوەری گەلی فلیپیندا بەردەوامە، دوای چەندین ساڵ لە شۆڕش، فلیپین لە ساڵی ١٨٩٨ سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا.
ڕێکخراوی "GABRIELA" دامەزرا
میراسی گابریێلا سیلانگ لە ناو بزووتنەوەی ژناندا بە توندی دەنگدانەوەی هەیە، لە ساڵی ١٩٨٤ ژنانی فلیپینی هاوپەیمانییەکی ژنانیان دامەزراند کە ناوی ئەوی لەسەر بوو: "GABRIELA"، ئەمڕۆ ئەم هاوپەیمانییە یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی ژنانی بنەڕەت لە جیهاندا، دژی ئیمپریالیزم و پیاوسالاری و توندوتیژی دژی ژنان و هەڵاواردن دەجەنگێت.
ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە ستەمی ئابووری و سیاسی و توندوتیژی سێکسی و هەموو جۆرە نایەکسانییەک، هاوکات زۆرێک لە چالاکوانان لە فلیپین ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و دەستگیرکردن دەبنەوە، سەرەڕای ئەمەش، ڕۆحی سەرپێچی و بەرخۆدان کە گابریێلا سیلانگ بەرجەستەی کردووە، تا ئەمڕۆش وەک هێزێکی بەهێز لە خەباتی ژنانی فلیپینیدا دەمێنێتەوە.