ژنانی ڕۆژئاوا لەجیاتی شام و ئەورووپا، لە وڵاتی خۆیاندا چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرن
سەنتەری ئۆنکۆلۆژیی ژنان لە قامیشلۆ، یەکەمین سەنتەری پسپۆڕ و بێبەرامبەرە کە لەلایەن مانگی سووری کوردییەوە، بۆ خزمەتکردنی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە ڕۆژئاوا کراوەتەوە.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ – سیستمی سەرمایەداری لە قەیرانی شێرپەنجەدا ڕۆڵێکی ئاڵۆز دەگێڕێت، چونکە لە ڕێگەی گەڕانی بەردەوام بەدوای قازانجی زیاتر و پیسکردنی ژینگەی بەکاربەرانەوە، بەشدار دەبێت لە بڵاوبوونەوەیدا. لە هەمان کاتدا، لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی شێرپەنجە وەک پیشەسازییەکی بازرگانیی گەورە لە جیهاندا بەڕێوەدەبرێت.
شێرپەنجە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بازدانی جیناتی و گۆڕانکارییەکانی ناو DNAی خانەکانی جەستەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەکردن و دابەشبوونی نائاسایی ئەوان. ئەم گۆڕانکارییانە بەهۆی هۆکارە دەرەکییەکان ژینگە یان شێوازی ژیان یان هۆکارە ناوخۆییەکان،بۆماوەیی دروست دەبن.
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە
هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە بەم شێوەیە دابەش دەکرێن: هۆکارەکانی شێوازی ژیان، بۆ نموونە بەکارهێنانی توتن، سیستمی خۆراک، قەڵەوی و خواردنەوەی کحولیش. هەروەها هۆکارە ژینگەیییەکان، وەک بەرکوتنی تیشکی خۆر و ماددە کیمیاییەکانیش دەبنە هۆکار. لە هەمان کاتدا هۆکارە بۆماوەیی و بایۆلۆژییەکان هەن: ئامادەیی بۆماوەیی و چوونە تەمەنیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. نەخۆشی و هەوکردنە درێژخایەنەکان وەک هەوکردنی ڤایرۆسی، بەکتریایی و هەوکردنی درێژخایەنی ئەندامەکان.
هەندێک خۆراک هەن وەک گۆشتی سوور، گۆشتی دەستکرد ، خۆراکی سوورەکراو، شەکر کە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم نەخۆشییە.
هۆکارە دەروونییەکان
هۆکارە دەروونییەکان هۆکارێکی ڕاستەوخۆ یان تاقە هۆکاری دروستبوونی شێرپەنجە نین، بەڵام دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونیی درێژخایەن سیستمی بەرگریی جەستە لاواز دەکەن. ئەمەش کارایی خانەکانی بەرگری کەم دەکاتەوە لە دەستنیشانکردن و لەناوبردنی ئەو خانە شێرپەنجەیییانەی کە بە بەردەوامی لە جەستەدا دروست دەبن، کە دواجار دەبێتە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکە یان بڵاوبوونەوەی خێرای.
کاریگەریی بەکارهێنانی چەک و شەڕەکان
بەکارهێنانی چەک و شەڕەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە بەهۆی پیسبوونی ژینگە بە کانزا قورسەکان، کیمیاییە ژەهراوییەکان و تیشکدانەوەی تفاق و جبەخانەکانەوە. ئەمە جیا لە داڕمانی سیستمی تەندروستی و ئەو فشارە دەروونییە قورسەی کە بەهۆی ململانێ و جەنگەکانەوە دروست دەبێت.
نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردی کە لە شاری قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستانە، لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە کە بۆ دابینکردنی چاودێرییەکی گشتگیر دروستکراون: بەشی شێرپەنجە، بەشی تالاسیمیا و بەشی سووتان.
بەشی شێرپەنجە یان سەنتەری ئۆنکۆلۆژیی ژنان، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکەوە وەرمانگرتووە، نزیکەی لە سەدا ٧٠ی ئەو دەرمانە کیمیاییانەی کە نەخۆشەکان پێویستیانە، بە خۆڕایی دابین دەکات. سەنتەرەکە بە ئامێری دەستنیشانکردنی وەک مامۆگرافی و سۆنەر، هەروەها تاقیگە، بەشی تیشک و دەرمانخانەیەک تەیار کراوە.
زۆربەی نەخۆشەکانی شێرپەنجە و بەتایبەتی ژنان لەم سەنتەرەدا چارەسەر دەکرێن. چونکە باری دارایی کەم و نالەباری نەخۆشەکان بەشی ئەوە ناکات بچنە شام، باشووری کوردستان یان وڵاتانی ئەورووپا. بەمەش بارگرانی سەر شانی نەخۆشەکان سووک بووە و هەموو ژنان بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی سەنتەرەکە دەکەن.
شایانی باسە کە سەنتەرەکە لە ساڵی ٢٠١٩وە تا حوزەیرانی ٢٠٢٦، پێشوازی لە زیاتر لە ١٠ هەزار نەخۆش کردووە و خزمەتگوزاریی پێشکەش بەوان کردووە.
سەبارەت بەم بابەتە، تەکنیکاری مامۆگرافی "نووھات ئەحمێ" کە پسپۆڕێکی پزیشکییە و ئامێری مامۆگرافی بەکاردێنێت، بۆ ئاژانسەکەمان دوا و باسی لە گرنگی و ئەو خزمەتگوزارییانە کرد کە پێشکەش بە نەخۆشەکانی دەکەن.
ئێستا ژنان بەبێ شەرم و بە هۆشیارییەکی تەندروستییەوە سەردانی بەشی مامۆگرافی دەکەن

نووھات وتی کە ئەم سەنتەرە بەتایبەتی بۆ نەخۆشە ژنان کراوەتەوە و پێویستییەکەی بەم شێوەیە دەربڕی: ژنان کاتێک نەخۆش دەکەون وەک پیاوان نین، چونکە دابونەریت و کلتوورێکی کۆمەڵایەتیی خراپ هەیە کە زۆر کاریگەریی لێکردوون و وایکردووە هەمیشە هەست بە شەرمەزاری بکەن، ئەمەش دەگاتە ئاستێک کە زوو بە زوو سەردانی نەخۆشخانەکانیش نەکەن. لایەنێکی تریش هەیە، ژنان بەهۆی ئەوەی لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ نین، لە دابینکردنی پارەدا تووشی زحمەتییەکی زۆر دەبن، بەهۆی بیرکردنەوە و خەمی زۆریشەوە نەخۆشینەکانیان زیاتر دەبێت. سەنتەرەکەمان بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی ئەو ژنانە سووک کردووە کە ناتوانن سەردانی پزیشکی تایبەت بکەن؛ لێرە هەموو دەرمانەکان، چاودێریی پزیشکی و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەش بێبەرامبەرن.
نەخۆشەکان لەجیاتی شام لە ڕۆژاوا چارەسەر دەکرێن
نووھات ئاماژەی بەوەدا کە ژنە نەخۆشەکان چیتر پێویستی بەوە نابینن سەردانی نەخۆشخانەکانی شام بکەن، چونکە لە ڕۆژاوا بە شێوەیەکی ئاسوودە و بەبێ زەختی دەروونی چارەسەری خۆیان وەردەگرن، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دوای دەستنیشانکردنی پێشوەختە وەک مامۆگرافی، ئەگەر گرێیەک دەربکەوێت، پزیشکەکان دەتوانن نەخۆشە ژنەکان لە بەشی ئۆنکۆلۆژیدا چارەسەر بکەن. هەروەها ئەو دەرمانە کیمیاییانەی کە نەخۆش پێویستییەتی، بە خۆڕایی پێی دەدرێت. ئەمەش وادەکات نەخۆش لە تێچووی زۆری ڕێگاوبان، نەخۆشخانە و هەموو پێداویستییەکانی تر ڕزگاری بێت و تەنیا بیر لە چاکبوونەوەی خۆی لە نەخۆشییەکە بکاتەوە. ڕێژەی چاکبوونەوەش زۆر باشە.
کەی و لە چ بارودۆخێکدا ژنان دەتوانن سەردانی بەشی ئۆنکۆلۆژی بکەن؟
نووھات وتی بۆ ژنان گرنگە کە دوای تەواوبوونی خولی مانگانە پشکنینی ڕێکخراو بکەن، لەوانەش ئەنجامدانی مامۆگرافی، و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: پێویستە ژن یەک هەفتە دوای خولی مانگانە بزانێت ئایا ڕەنگی مەمکەکانی بەرەو سووربوون چووە، یان یەکێکیان لەویدی قەبارەی بچووکتر یان گەورەتر بووە. ئەگەر نیشانەی ئاوا دەرکەوتن، ژنان دەتوانن سەردانی سەنتەرەکەمان بکەن.
مامۆگرافیی ڕۆتینی بۆ ژنانی خوار تەمەن ٤٠ ساڵ پێشنیاز ناکرێت
نووھات سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ئەوەی ئایا ژنانی سەروو و خوار تەمەن ٤٠ ساڵ دەتوانن مامۆگرافی و ئیکۆکاردیۆگرام (سۆنەری دڵ/مەمک) بگرن یان نا، و هۆکارەکەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: "مامۆگرافی و ئیکۆکاردیۆگرام تەواوکەری یەکترن، بەڵام پێویستە بزانرێت کەی دەکرێت کام لەمانە بەکاربهێنرێت. بە گشتی، مامۆگرافی بۆ ژنانی خوار تەمەن ٤٠ ساڵ وەک ڕێوشوێنێکی ڕۆتینی بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە پێشنیاز ناکرێت. بەڵام دەکرێت ئەنجام بدرێت ئەگەر پزیشک لە ڕووی پزیشکییەوە بە پێویستی بزانێت. بۆ نموونە لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا وەک: گرێ، دەردراو، یان هەبوونی مێژووی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە ناو خێزانەکەدا، وەک دایک، خوشک و پوور کە پێشتر تووشی ئەم نەخۆشییە بووبێتن. مامۆگرافیی ڕۆتینی بە گشتی بۆ ژنانی خوار تەمەن ٤٠ ساڵ پێشنیاز ناکرێت، چونکە شانەکانی مەمکیان چڕتر و توندترن ،ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تیشکی ئێکس (X-ray) لە دەستنیشانکردنی وەرەمەکاندا کەمتر ورد بێت و ئەگەری دەرچوونی ئەنجامی هەڵە و دروستبوونی شێرپەنجە زیاد دەکات.
پشتیوانیی دەروونی لە گرنگیی چارەسەری پزیشکی کەمتر نییە
نووھات ڕوونی کردەوە کە پشتیوانیی دەروونی بۆ نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە ناو خێزاندا کۆڵەکەیەکی سەرەکییە و وتی: پشتیوانیی دەروونی لە گرنگیی چارەسەری پزیشکی کەمتر نییە. ئەوە یارمەتیی کەمکردنەوەی فشار، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەدات. هەروەها وەڵامدانەوەی بەرگریی نەخۆشەکە زیاد دەکات لە ڕێگەی باشترکردنی کوالێتیی ژیانیان و قبوڵکردنی گەشتی چارەسەری و سەختییەکانی. لە سەنتەرەکەدا بەشی پشتیوانیی دەروونیش هەیە. کاتێک نەخۆش پێویستی پێی بێت، پشتیوانیی پێشکەش دەکرێت.
نووھات لە کۆتاییدا وتی کە دەرگای سەنتەرەکەیان بۆ هەموو ژنان کراوەیە و ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە نەخۆشیی شێرپەنجە زووتر دەستنیشان بکرێت، ڕێژەی چاکبوونەوەشی زیاتر دەبێت.