هەدیە یوسف: حکومەتی شام بەرپرسیارە لەم ڕووداوانە
هەدیە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە داوای ناسینی مافەکانی گەلی کورد، پاراستنی زمانی دایک و سزادانی تێوەگلاوانی ڕووداوەکانی ڕابردووی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە بەرپرسیاریەتیی ئەم ڕووداوانە لە ئەستۆی حکومەتدایە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – دوای بڕیاری دواییی وەزارەتی پەروەردەی سووریا کە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بە سێ کاتژمێر سنووردار دەکات، ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی کوردی زیاد بوو، هەروەها کوژرانی سیپان حوزنی، ئەندامی گروپی حەسەکە کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بوو، و خۆپیشاندەرانی کە لە زیندانی کۆبانی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، ڕۆژەڤی ناوچەکەی گەرمتر کرد، بێگومان ئەمە یەکەی وروژاندنە و تێکدانی پرۆسەی ئێستایە.
هەدیە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە بەرپرسیاریەتیی حکومەتی شام لە بەرامبەر ئەم ڕووداوانە خستە ڕوو و بانگەوازی لە حکومەت کرد کە بە شێوەیەکی بەپەلە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوەکان بوەستێتەوە.
هەدیە یوسف، لە قسەکانیدا سەرەخۆشیی لە خێزانی سیپان حوزنی و سەرجەم خێزانی شەهیدان کرد و سەرنجی خستە سەر مافەکانی گەلی کورد، ڕووداوەکانی دوایی و بەرپرسیاریەتیی حکومەتی شام، وتی: دەبێت حکومەتی شام بە بەپەلە بوەستێتەوە، تاوانباران ئاشکرا بکات و ڕێگری لە پشێوییەکانی ناو کۆمەڵگە بگرێت.
”دەبێت مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا بچنە مسۆگەرکردنەوە”
هەدیە یوسف، ئاماژسی بەوەشکرد، کە پرسی سەرەکیی ئێستا لە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەی کوردیدا، مافەکانی گەلی کوردە و ئەم مافانە دەبێت لە قۆناغی یاساییەوە تێپەڕن بۆ دەستووری و وتی: گەلی کورد خاوەنی بوون، زمان و چاندی خۆیەتی و دەبێت مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا بناسرێن و بپارێزرێن.
هەدیە یوسف، تێکۆشانی ڕۆژئاوای کوردستانی لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئێستا هێنایە زمان و دایە زانین کە گەلانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی چەندین باجی قورسیان داوە و دەستنیشانی کرد، کە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا چەندین پێکهاتە بە سەدان ساڵ بە شێوەیەکی ئارام پێکەوە ژیاون و لە نێوانیاندا پەیوەندیی چاندی و خێزانی دروست بوون.
”ئەمە لەم ١٣ ساڵدا سەلماندی کە گەل دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات”
هەدیە یوسف، ڕوونیکردەوە، کە خۆبەڕێوەبەری لە زیاتر لە ١٣ ساڵدا سیستەمێکی لەسەر بنەمای یەکێتیی گەلان دامەزرێنراوە و لەم پرۆسەیەدا زمان و چاندەکانی کورد، سریان، عەرەب و ئەرمەن پارێزراون و پەرەیان پێ دراوە و وتی: سەرجەم نەتەوەکان بە چاندی خۆیان ژیان و بە زمانی خۆیان خوێندن دەکرد، هەرچەندە کەمکوڕیی لەمە هەبێت، بەڵام ئەمە سەلماندی کە گەلانی ناوچەکە دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و پێکەوە بژین، گەلانی ناوچەکە لەم ساڵانەدا ژیانی هاوبەشیان دروست کرد، ئەمەش پیشانی دا کە پێکهاتەکانی سووریا دەتوانن لە نەرجەکانی ئەمن و ئارامدا پێکەوە بژین.
”بڕیاری کەمکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی گەورە”
هەدیە یوسف، بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریا سەبارەت بە سنووردارکردنی وانەکانی کوردی بۆ سێ کاتژمێر وەک هەنگاوێکی پاشەکشە ناوبرد و وتی: کە ئەم بڕیارە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی گەورە، کۆمەڵگەی ناوچەکە تا ئێستا بە سەبرەوە هەڵسوکەوتی کردووە و هەوڵی داوە کێشەکانی خۆی لە ڕێگەی دیالۆگ، یاسا و ڕێبازە ئاشتیخوازەکانەوە چارەسەر بکات و وتی: ئێمە گەلەکەمان دڵنیا کردەوە، وتمان کە ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی دیالۆگ و لە ڕێگەی یاسا و ڕێگای ئاشتیانە بەرەوپێش دەبەین بۆ ئەوەی بە هاوبەشی دەستوورێک بۆ ئەم وڵاتە دابمەزرێنین کە ژیانی هەموو گەلان مسۆگەر بکات، ئێمە شێوازی خەباتمان گۆڕی بە هیوای بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر.
”هێرشی سەر سیپان حوزنی هێرشێکە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی”
هەدیە یوسف، کوژرانی سیپان حوزنی وەک هێرشێک بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی و پرۆسەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی شام هەڵسەنگاند و دەستنیشانی کرد کە سیپان حوزنی تەنها کەسێک نییە، بەڵکو نیشانەی پاراستنی کۆمەڵگەی کوردی و ڕووی سوپایە، وتی: شەهید سیپان لایەنگری ئازادی، یەکسانی و پێکەوەژیانی گەلان بوو، هێرشکردنە سەر ئەو، هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی، ڕووی سوپا و بۆ سەر پەیماننامەی لەگەڵ حکومەتی شام.
”دەبێت حکومەت بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات”
هەدیە یوسف، حکومەتی شام وەک بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە نیشان دا و وتی: دەبێت حکومەت بەرپرسیاریەتیی خۆی لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ناوچەکەدا جێبەجێ بکات، هەروەها کەمکردنەوەی مافی زمانی کوردی ڕێگەی بۆ پشێوییەکان کردووەتەوە و بۆ کەسانی نەتەوەپەرست بووە بە بیانوو کە بە ناوی تۆڵەوە هێرش بکەنە سەر گەلی کورد.
هەدیە یوسف، بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ هێرشی سەر لیوای قامیشلۆ و هێرشکردنە سەر کەسێک کە کار بۆ بەرەوپێشبردنی زانست دەکات لە حەسەکە و کوشتنی سیپان حوزنی وتی: دەوڵەتێک کە یاسا و دامەزراوەی دادوەری هەبێت دەتوانێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تاوانباران دەستگیر بکات و سزای بدات، بەڵام لەبری ئەوە ئەوانەی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن دەستگیر دەکرێن.
”حکومەتی شام بەرپرسیارە لە سووتانی زیندانیانی کۆبانی”
هەدیە یوسف، سەبارەت بە سوتانی زیندانی کۆبانیش دیاری کرد کە دەوەستاندنی ئاسایشی ناوخۆییی حەلەب بووە هۆی ئەم ڕووداوە و وتی: گەر هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حەلەب نەهاتبانە ناوەوە، ئەم ڕووداوە ڕووی نەدەدا! ئایا هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حەلەب بە چ بیانوویەک دێنە ناو کۆبانێ؟ سەرەڕای ئەوەی دەزانن لەوێ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەن، کەچی دێنە ناوەوە! بەرپرسیاریەتیی ئەم سووتانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی شام و دەبێت بەرپرسان وەڵام بدەنەوە.
”دەبێت حکومەتی شام بە شێوەیەکی بەپەلە بوەستێت”
هەدیە یوسف، سەرنجی خستە سەر ئازاری کۆمەڵگەی کوردی و وتی: دەبێت حکومەتی شام ئەم ناڕەزایەتییەی کۆمەڵگە بە هەند وەربگرێت و داوای کرد، کە حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزی گەورەتر بە شێوەیەکی بەپەلە بوەستێتەوە، هەروەها ئێمە نامانهەوێت شەڕێکی ناوخۆیی دروست ببێت، بەڵام دەمانەوێت دادپەروەری شوێنی خۆی بگرێت، بکوژی شەهید سیپان و بەرپرسانی ڕووداوی زیندانی کۆبانی دەبێت وەڵام بدەن، دەبێت حکومەتی شام لە ڕای گشتیدا ئاشکرات بکات کە کۆمەڵگە بزانێت لەم وڵاتەدا ڕێگەیەک هەیە و ناوی دادپەروەرییە.
بانگەوازی لە خێڵە عەرەبەکان
هەدیە یوسف، بانگەوازی لە خێڵە عەرەبەکان کرد کە ڕێ نادەن کەس بە ناوی خێڵەکانەوە هەڕەشە لە گەلی کورد بکات و بیرخستەوە کە گەلانی کورد و عەرەب بە ساڵان پێکەوە ژیاون و دەبێت ئەم ژیانە هاوبەشە درێژە پێ بدەن و وتی: ئێمە لە شێخ و بەڕێوەبەرانی خێڵە عەرەبەکان دەخوازین هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و بۆ ئەوەی پلانی دەرەکی بە ئامانجی دروستکردنی شەڕێکی ناوخۆیی پووچەڵ ببنەوە، ڕێگری لەم دەنگۆیانە بکەن.
”دەبێت مافی زمانی دایک هەمیشە لە ڕۆژەڤدا بێت”
هەدیە یوسف، ڕوونیکردەوە، کە دەبێت کۆمەڵگەی کوردی لە دۆزی مافی زمانی دایک هەنگاو بۆ دواوە نەنێت و گەلی کورد بۆ خوێندن بە زمانی خۆی لە قوتابخانەکاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەسەر شەقامەکان، ئەمەش داوایەکی ڕەوایە وتی: ڕووداوەکانی ڕابردوو ناتوانن ببنە هۆی ئەوەی کە داوای مافی زمانی کوردی لە ڕۆژەڤ ڕابکشێت.
هەدیە یوسف، لە کۆتاییی قسەکانیدا بانگەوازی لە کۆمەڵگەی کوردی کرد کە بە هۆشیارییەوە مافی خۆی بپارێزێت و نەکەوێتە داوی دەنگۆ و شەڕی ناوخۆیی و وتی: گەلی کورد نە گەلی خوێنخۆرە و نە داگیرکەرە، بەڵام بۆ ئارامی و ئاسایشی سووریا بە مەرجی ناسینی مافەکانی خۆی ئامادەیە کە بە هەموو شێوەیەک کار بکات.