کێشەی نوێنەرایەتی ژنان لە جەزائیر لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ کایەی بڕیار

سەرەڕای بوونیان لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا، ژنانی جەزائیر لە بواری سیاسی و ئیداریدا نوێنەرایەتییەکی کەمیان هەیە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، جارێکی دیکە گفتوگۆکان سەبارەت بەم ئامادەبوونە لە سیاسەتدا دەستیپێکردووە.

ڕابیعە خورەیس

 

جەزائیر-  ژنانی جەزائیر لە بوارە جیاوازەکاندا دیارن، بەتایبەتی لە بواری زانست و هێزی کار و کۆمەڵگەی مەدەنیدا. بەڵام ئەم ئامادەبوونە بە یەکسانی لە بڕیاردانی سیاسی و میکانیزمەکانی حوکمڕانی ناوخۆییدا ڕەنگدانەوەی نەبووە. هەرچەندە ژنان لە کۆمەڵگای مەدەنی و لە مەیدانەکەدا بە توندی خۆیان جێگیر کردووە، بەڵام نوێنەرایەتیان لە ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکاندا، بە تایبەت لە پۆستە بەڕێوەبردنەکاندا، ئەوەندە بەرز نییە کە چاوەڕوان دەکرا.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کە بڕیارە لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ ئەنجام بدرێت، جارێکی دیکە پرسی بەهێزکردنی سیاسی ژنان لە پێشەنگدایە. مشتومڕەکە تەنها لەسەر بوونی ژمارەیی ژنان لە لیستە هەڵبژاردنەکاندا نییە، بەڵکو باس لە ئامادەبوونی چالاکانەیان دەکات. چۆن دەتوانرێت ئەم ئامادەییە لە تەنها نوێنەرایەتی ژمارەییەوە بگۆڕدرێت بۆ کاریگەری و پێگەی بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە؟

 

سەرکردایەتی ژنان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و بۆشایی کایەی سیاسی

 

فاتمە مێشکور سەرۆکی کۆمەڵەی "ڕەهاف" و چالاکوانی سیاسی پرسیاری زۆری لەسەر ئەو بابەتە وروژاند و پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئەم بۆشاییە بەردەوامە و چ هۆکارێک ڕێگری دەکات لە بەدەستهێنانی ئەو لێهاتووییانەی کە ژنان لە دامودەزگا سیاسییەکاندا ڕۆڵ و پێگە ببینن.

 

فاتمە مێشکور لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: ژنانی جەزائیر سەلماندوویانە کە دەتوانن لە هەموو بوارە گرنگەکاندا بەهێز بن، کایەی سیاسیش لەم دینامیزمە ڕزگاری نەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بارودۆخی ئێستا لە ئاستی خوازراودا نییە. مێشکور ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی حەز و ئارەزووی ژنان بۆ خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و خۆجێی، وەرنەگێڕاوە بۆ هەنگاوێکی چۆنایەتی بەرەو پێشەوە لە ناوەندەکانی بڕیاردان.

 

فاتمە مێشکور تیشک دەخاتە سەر جیاوازییە گرنگەکەی نێوان بوونی ژنان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرایەتی سنوورداریان لە پارتە سیاسییەکان و سیاسەتی دامەزراوەیی و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "فەزای زیندوو بۆ گەشەپێدانی ژنانی سەرکردە و هاوبەشکردنی ئەزموون و ڕاهێنان لە سەرکردایەتی و داکۆکیکردندا دەڕەخسێنێت، هەروەها کۆڕبەندی کوسور سەکۆیەکی گرنگ و کاریگەرە بۆ کۆمەڵەکانی ژنانی جەزائیر، وەک نموونەیەک". هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ژنان دەیانتوانی بە شێوەیەکی بەهێز بوونی خۆیان جێگیر بکەن هەم لەم بوارەدا چ لە بواری گشتی و هەم لە بواری میدیادا.

 

پەروەردە، ترس لە بەرپرسیارێتی ئیداری و یاسایی

 

فاتمە مێشکور سەرنجی بۆ زۆرێک لەو هۆکارانە ڕاکێشا کە ڕێگرن لەوەی ژنان بگەنە ئامانجەکەیان بۆ گەیشتن بە پۆستە بەرپرسیارێتیەکان و درێژەی بە قسەکانی دا بەم شێوەیە: سەرەکی لەنێو ئەمانەدا نەبوونی پەروەردەی تایبەتمەند و پراکتیکی و تیۆرییە کە پاڵپشتی ژنان دەکات هەم پێش کارەکانیان و چ لە کاتی کارکردنیان. نەبوونی پەروەردە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای ژنان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان. چونکە حکومەتە ناوخۆییەکان بوونەتە هۆکارێکی ئاڵۆز و گۆڕەپانی خەباتی زۆر هەستیار کە پێویستی بە ئەزموونی مەیدانی و یاسایی بەرفراوان هەیە.

 

فاتمە مێشکور ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم نیگەرانیانە پەیوەندییان بە بەرپرسیارێتی یاسایی و تاوانکاری سەرکردایەتی ئەنجومەنی گەلی شارەوانییەوە هەیە. ئاڵۆزی سیستەمی حکومەتی خۆجێی، ڕێسا بەرفراوانەکانی یاسایی و کارگێڕی، چاودێری توند لەلایەن دەسەڵاتی چاودێری و پێویستی ڕاستەوخۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان هەموو ئەم بارگرانییە زیاد دەکەن.

 

بە وتەی ئەو، نەبوونی ڕێنمایی و پشتیوانی تەواوی لایەنە سیاسییەکان یان حکومەت ئەم بارگرانییە گەورەتر دەکات. ئەم دۆخە ترس لە هەڵەی ئیداری و لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکاتە فاکتەرێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک لە ژنان لە ئامانجە سەرکردایەتییەکانیان بکشێنەوە. مێشکور جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکە کەمی لێهاتوویی ژنان نییە، بەڵکو نەبوونی سیستەمێکە کە ئامادەیان بکات بۆ بەکارهێنانی تواناکانیان لە مومارەسەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدا.

 

کەمی بەشداری دەنگدەران و ئاستەنگەکانی داهاتوو

 

فاتمە مێشکور باس لەوە دەکات کە ئاستەنگەکان تەنها لە پەروەردە و ئەزمووندا سنوردار نین و ئاماژە بەوە دەکات کە بێباکی بەرامبەر بە هەڵبژاردن و کەمی بەشداری سیاسی وەک فاکتەرەکانی تر کاریگەرن. هەروەها دەڵێت کەمی بەشداری دەنگدەران دوو کاریگەری نەرێنی لەسەر لێهاتوویی ژنان هەیە.

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە ڕێژەی کەمی بەشداری دەنگدەران نیشان دەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی گەورە لە متمانە و بەرژەوەندی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسیدا. لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەی بەشداریکردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان ٣٦.٥٨% و بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ٣٤.٧٦% بووە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەمان ساڵدا ڕێژەی بەشداریکردن لە سەرتاسەری وڵاتدا.٣٠،٢٠ % بووە.

 

ئەم ڕەوتە دابەزینە لە هەڵبژاردنەکانی دواتری پەرلەمانیدا بەردەوام بوو، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٦دا لە ٢١.٢٤% زیاتر نەبوو.

 

ئەم دابەزینە بەو مانایەیە کە ژنان لە ژینگەیەکی ئاسایی هەڵبژاردندا بەشداری کێبڕکێی سیاسی ناکەن. ژنان ڕووبەڕووی دوو تەحەدا دەبنەوە. سەرەتا ڕازیکردنی دەنگدەران بۆ ئەوەی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دواتر ڕازیکردنیان بۆ دەنگدان بە کاندیدێکی ژن. بۆیە کەمی بەشداری دەنگدەران بەربەستێکی دیکە دروست دەکات لەبەردەم تیشک خستنە سەر بەهرەکانی ژنان و پێشکەوتنیان بۆ پۆستە بەرپرسیارێتییەکان.

 

هەڵبژاردنی ٢٨ی ئەم مانگە و ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە خەباتی سیاسیدا

 

لەم چوارچێوەیەدا هەڵبژاردنی داهاتوو تەنیا بەشێک نییە لە ساڵنامەیەکی ئاسایی هەڵبژاردن. ئەوان نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی توانای چینی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی ژنان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە بەشداری سیاسی و پێشکەشکردنی کاندیدی ژن کە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر و لێهاتوو کاروباری گشتی بەڕێوەببەن.

 

فاتمە مێشکور ئەم پرۆسەیە بە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە ناودەبات. بە گوتەی ئەو، کێشەکە تەنیا لە کۆکردنەوەی دەنگەکان یان مسۆگەرکردنی شوێنی ژنان لە لیستە هەڵبژاردنەکاندا نییە؛ ئەوە کاری کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی ژنانە کە کاندیدی ژن بخاتەڕوو کە لە ڕووی زانستی و کردارییەوە ئامادەکارییەکی تەواویان بۆ کراوە و بتوانن خۆیان وەک بەدیلێکی باوەڕپێکراو بۆ حکومەتی ئێستا جێگیر بکەن.

 

بە گوتەی مێشکور، ئەمە پێویستی بە تێپەڕاندنی ئاستەنگە یاسایی و کارگێڕییەکان هەیە، هەروەها فۆبیای حکومەتی خۆجێیی کە لە ئەزموونەکانی ڕابردووەوە سەرهەڵدەدات. ڕێگای ئەم کارە بە هاندانی ژنان بۆ خۆکاندیدکردن نییە بەبێ ئەوەی کەرەستەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، بەڵکو بە وەبەرهێنانە لە پەروەردە و شارەزایی و میکانیزمی پشتیوانی.

 

فاتمە مێشکور نەبوونی پشتیوانیی میدیایی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەزانێت کە دەسەڵاتی ئامادەیی سیاسی ژنان سنووردار دەکات. مێشکور ڕەخنە لە هەڵسەنگاندنی نموونە کاریگەرەکانی ژنان لە سیاسەتدا دەگرێت و دەڵێت تیشک خستنە سەر ئەزموونە سەرکەوتووەکان زۆر گرنگە لە پێناو هاندانی نەوەیەکی نوێ بۆ بەشداریکردن لە کاری سیاسی و گۆڕینی چەشنە کۆنەپەرستانەکان سەبارەت بە توانای ژنان بۆ بەرپرسیارێتی و بڕیاردان.

 

فاتمە مێشکور پێی وایە پرسی بەهێزکردنی ژنان چیتر تەنها لەسەر زیادکردنی ژمارەی ژنان لە لیستە هەڵبژاردنەکان و لە مەجلیسی هەڵبژێردراودا نییە دەبێت وەرگێڕان بکات بۆ کاریگەری ڕاستەقینە و پۆستی سەرکردایەتی.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی تشرینی دووەم، تەحەدای سەرەکی بۆ چینی سیاسی و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە کاندیدی ژنی شایستە کە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر لە حکومەتە ناوخۆییەکاندا حوکمڕانی بکەن. ئایا ئەم هەڵبژاردنانە سەرکەوتوو دەبن لە شکاندنی سووڕی بێباکی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی لاواز، یان بوونی ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر لە تەنها میکانیزمی بڕیاردان دەمێنێتەوە؟