تاڤگە سەڵاح: لە جەنگدا ژنان تووشی ئاوارەیی دەبن و لە کامپەکانیشدا گەمارۆ دەدرێن

جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل ترس و دلەڕاوکێی بۆ خەڵكی كوردستان درووستكردووە بەتایبەتی ژن و منداڵ كە دەکرێنە ئامانج، تاڤگە سەڵاح دەڵێت: لەجەنگدا زیانبەرکەوتووی یەكەم ژن و منداڵن كە تووشی ئاوارەیی و برسێتی وماڵ وێرانی دەبن.

شیا کۆیی
 
كۆیە- لە بەرەبەیانی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ەوە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران، چەند ڕۆژە جەنگ و گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە، هاویشتنی موشەکەکان و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی کوردستاندا ترس و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروست کردووە، هاوڵاتیان داوا دەکەن بەرپرسان کوردستان لە لەو جەنگە لابەلایە بپارێزن.
 
تاڤگە سەڵاح، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان وئەنفال لەكۆیە، سەبارەت بەوجەنگەی ماوەی ٦ ڕۆژە لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: بەداخەوە  بۆ ئەم بارودۆخە نا هەموارەی هاتۆتە پێشەوە، هەرێمی كوردستان كەوتۆتە نێوان ئەو دوو وڵاتە كە لەهەمو بارودۆخێكدا تێیدا زەرەر مەند دەبین، هەموكات لەسەردەمی عوسمانی و فارسەكان  بەشی كورد قوربانی دان بووە تا ئیستاش، ئەوەش زۆر جار بەهۆی لایەنگری لایەنێك ودژایەتی كردنی لایەنێكی دیكەیە.

 

"هەرچەندە جەنگ ماوەکەی کورتیش بێت چاککردنەوەی بارودۆخەکە زۆری دەوێت"
ئاماژەی بەوەشکرد، لەجەنگدا زیانبەرکەوتووی یەكەم ژن ومنداڵن كە تووشی ئاوارەیی و برسێتی وماڵ وێرانی دەبنەوە وتی: بۆیە دەبێت ئێمە پارێزەری خۆمان بین، نەهێڵین پریشكی ئەوجەنگە بەر ئێمە بكەوێت، شەڕ هەرچەندە كاتەكەی كەمیش بێت، بەڵام زۆری دەوێت تا بارودۆخەكە چاك بكەینەوەو ژێرخانی ئابوری وەك خۆی لێبێتەوە.


تاڤگە سەڵاح داوادەكات هەر بەرپرسێك لە توانایدا هەبێت بەر بەو شەڕە بگرێت نەگوازرێتەوە بۆ كوردستان وتیشی: چونكە ئێمە زۆر قوربانیمان داوە لە رابردوو، نامانەوێت جارێكی دیكە تووشی ماڵوێرانی بین، بەتایبەت لەو بارودۆخە كە خۆمان لە بارودۆخێكی ناهەموار دا دەژین و باریی دارایی خەڵك خراپە.

 

"کامپی مەخموور گەمارۆ دراوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كاتێك جەنگ ڕوودەدات خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئاوارە دەبن، بۆ رزگاركردنی ڕوحی خۆیان روو لە شوێنێكی ئارام دەكەن، كە کامپەکانن، گەر بەنموونە سەیری كامپی ئاوارەكان بكەین لەو وڵاتە وەک کامپی مەخموور هیچ ئارامییەكی تێدانیە، راستە لە جەنگ رزگاریان بووە بەڵام گەمارۆ دراون و لەلایەنی دەروونیەوە زیانیان بەردەکەوێت.