کورد لە ناو ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ سیاسەتێک کە چارەنووسی گەلێک دیاری دەکات

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک تەنها پرسی گەلێکە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە یاریی سیاسی، کە دەوڵەتان و هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک کارتێکی فشار بەکاریدەهێنن، بۆیە ئەگەر چارەسەرێکی سیاسی و دادپەروەرانە و پشتبەستوو بە مافی گەل نەهێنرێتە ئاراوە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی- پرسی کورد وەک یەکێک لە پرسە قوڵ و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵانە لە نێوان ململانێی هێزە ناوخۆیی و بەرژەوەندی وڵاتە نێودەوڵەتیەکاندا ماوەتەوە، لەم پرسەدا نەک تەنها بە هۆی نادیاری ماف و چارەنووسی گەلی کورد، بەڵکو بەهۆی بەکارهێنان وەک کارتێکی سیاسی لە لایەن دەوڵەتان و هێزە جیاوازەکانەوە بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی نائاسایی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا، لە جیاتی ئەوەی سیاسەت چارەسەر بێت، کەچی پرسی کورد هێشتا لە بازنەی نادادپەروەری و نادیاریی داهاتوودا دەسوڕێتەوە، هەروەها پرسی کورد ڕەگەزی لە مێژووی دابەشبوونی ناوچەکەدا هەیە، لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دروستبوونی دەوڵەتە نوێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کورد یەکێکە لە گەورەترین گەلانی بێدەوڵەت لە جیهاندا، کە لە نێوان سنووری چوار وڵاتدا دابەشکراوە و لەو کاتەشەوە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی بەردەوام پشتگوێ خراون، ئەم بارودۆخەش بووەتە هۆکاری شەڕ و ڕاپەرین و ململانێی درێژخایەن، کە زۆرجار بە توندوتیژی و قوربانیی مەدەنی کۆتایی هاتووە، هەروەها مێژووش شایەتە کە کورد لە لە هەر چوار بەشی دابەشکراوی بەردەوام ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی جۆراوجۆراو لە ڕووی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی بووەتەوە.

 

هەروەها کورد لە باشووری کوردستان لەگەڵ دەستکەوتی خۆبەڕێوەبردن و بوونی حکومەتی کوردی و پەرلەمان، بەڵام ناکۆکی ناوخۆیی،کێشەی دارایی،گرێبەستی نێوان هێزە سیاسییەکان و فشاری وڵاتانی دراوسێ و خیانەتی لایەنە کوردییەکان لە دۆزی نەتەوەیی و خزمەت کردن بە وڵاتانی داگیرکەر، ئەم دەستکەوتەی لاواز کردووە و چارەنووسی سیاسی ناوچەکە هێشتا بە سیاسەتی بەغداد و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پەیوەندیدارە.

 

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها پرسی داواکاری نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئاوێتەیەکە کە سیاسەت، شەڕ، ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تێکەڵ بوون تێیدا، هەروەها لە سووریادا ئەم ڕاستییە بە شێوەیەکی ڕوونتر دەرکەوتووە، چونکە کورد بووەتە ئامانجی هێرش و فشار لەلایەن هێز و چەتە جیهادی و چەکدارەکانەوە کە لە ژێر ناوی شۆڕش و ئاینی سیاسییەوە کار دەکەن.

 

لە دوای لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی سووریا، کوردانی ڕۆژئاوا هەوڵیاندا نموونەیەکی جیاواز لە خۆبەڕێوەبەری و هاوبەشی نەتەوەیی نیشان بدەن، بەڵام ئەم ئەزموونە بووە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی چەتە جیهادییەکان، بە تایبەتی ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە ئەحمەد شەرع و گرووپە سەلفییەکانەوە هەیە، کە بە ناوی شەڕ لە دژی دەوڵەت، سیاسەتی پاککردنەوەی ناوچە و ترساندنی کۆمەڵگەی مەدەنی پێڕەو دەکەن.

 

چەتەکانی ئەحمەد شەرع، کە زۆرجار بە ''هێزە شۆڕشییەکان'' ناسراون، لە کرداردا بوونەتە بەشێک لە ململانێی ئایدیۆلۆژیک کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان کورد و عەرەب یان کەمینەکانی تردا ناکەن، هەروەها ئەو  ناوچانەیان بە ئامانج گرتووە کە خۆبەڕێوبەری و ئازادی ژنان و پلورالیزمی نەتەوەیی لێ گەشەی کردووە، ئەمەش وای کردووە  پرسی کورد لە سووریا نەک تەنها کێشەی ماف، بەڵکو کێشەی مانەوە و پاراستنی ژیان بێت.

 

پرسی کورد لە باکووری کوردستانیش یەکێکە لە قووڵترین پرسە سیاسییەکان، کە لە نێوان سیاسەتی سەربازی، ڕێگری لە زمان و ناسنامەی کوردی و شەڕی درێژخایەنی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکاندا گەشەی کردووە، هەروەها لەگەڵ بوونی پرۆسەی ئاشتی و دەرخستنی نیازپاکی لە لایەن کوردەوە هێشتا حیزبە ڕەگەزپەرستەکانی تورکیا هەنگاو نانێن بەرەو چارەسەرکردن، جگەلەوەش دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ هاوکاری چەتەکانی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کاتێک پرسیاری دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لێدەکرێت و ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان ''پەکەکە'' دەهێنرێت، لەوەڵامدا وتی: ئەوە بابەتێکی گرنگە و بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دەکەین، هەروەها وەک چۆن دیارە ٢+٢=٤، بەو شێوەیەش دیارە هەسەدە پەیوەندی لەگەڵ قەندیل هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە ٢+٢= ١ لە هەرچواربەشی کوردستان بووەتە دروشمی سەر زاری کوردان.

 

لە هەمان کاتدا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران  هەمیشە لە ژێر فشاری سیاسی و ئابووری و ئاسایشدابووە، هەروەها داواکارییە نەتەوەییەکان زۆرجار بە مەترسی ئەمنی سەیر دەکرێن و هەموو هەوڵێک بۆ خۆبەڕێوەبردن یان مافە سیاسییەکان بە توندوتیژی  سەرکوتکراوە، لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا، زیاتر لە ٢٤ هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها  عەلی خامنەیی دانی نا بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی و ڕەوایەتی پێدا.

 

''ئومێدێکی گەورەمان بەوە هەیە کە کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت و بتوانێت یەک بێت''

ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر، وتی: بێگومان لەم گۆڕانکارییانەی کە ڕوودەدات، ئومێدێکی گەورەمان بەوە هەیە کە کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت و بتوانێت یەک بێت، هەروەها دەبێت کورد بەرەو پێش بڕوات و وردە وردە ئەو دەوڵەتانە هەست بەوە بکەن کە دەبێت ئەم ناوچە کوردیانە سەربەخۆ بن و سەربەخۆییەکی خۆیان هەبێت، وەک ئێمە لە باشوور کە خاوەنی هەرێمێکی خۆمانین، بەڵام بە داخەوە لە ناو باشووردا ئەوا ساڵێک و چوار مانگە تا ئێستا پەرلەمانمان دانیشتنی نەکردووە، حکومەتەکەمان کار بە ڕێکەرە، هەروەها یەکێتی و پارتی کە دو وحیزبی سەرەکین لە باشووردا، گەورەترین کێشەی سیاسی هەیە لە نێوانیاندا، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بێ موچەیدا دەناڵێنن، لەبەر ئەوەی سیاسەتەکە سیاسەتێکی پاوانخوازە، بۆیە ئەمانە هەمووی کێشەن بۆ ئێمە، هەروەها ئێمە باس لەوە دەکەین کە چۆن هەموومان پاڵپشتی دەربڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کە سەرەڕای هەموو  ئەو هێرشە توندانەی کە  دەکرێتە سەریان، بەڵام چۆن بتوانرێت ڕزگار بکرێن، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە کورد نشینن و نابێت بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها  دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خۆپیشاندان دەستی پێکردووە، لەبەرئەوە ئێمە لێرەین تا کار بکەین بۆ ئەوەی کە کوردەکانمان لەوێ سەلامەتبن و دوای خۆپیشاندانەکانیش چۆن بتوانن ناوچەکانی خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندابێت و بەڕێوەی ببەن، لەبەر ئەوە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە پێویستی بە پێشڕەوێکی کوردی و سیاسەتمەدارێکی باش هەیە، کە بتوانێت ئیدارەی ئەمانە بکات، هەروەها پێویستمان بەوەیە لە دونیای دەرەوە لە پەرلەمانی ئەورووپا و لە ڕێگەی وڵاتە زلهێزەکانەوە ئەم دۆخە بگەیەنرێتە قۆناغێکی باش بۆ دۆزی کورد، چونکە ئەگەر لەم قۆناغەدا کورد نەتوانێت دەوڵەتێک دروست بکات یاخود ناوچەکانی ببێتە ناوچەیەکی کورد نشینی ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەوا دوای ئەمە هەلێکی دیکەی ئاوامان بۆ ناڕەخسێت و ناتوانین مافەکانمان بەدەست بێنین.

 

''کوردانی ڕۆژئاوا لە بارودۆخێکی زۆر سەختدان و  ڕۆژانە خەڵکێکی زۆری مەدەنی دەکوژرێن بەس لەبەر ئەوەی کە کوردن''

وتیشی: هەرچەندە ئێمە ڕۆژانە شەهید دەدەین، بەڵام هەمووی دەنگدانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێناوە، چونکە دونیای ئێستا دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە پاڵپشتییەکی زۆر هەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئەویش لە ڕێگەی هەشتاگ و چالاکی جۆراو جۆری دیکە، چونکە کوردانی ڕۆژئاوا لە بارودۆخێکی زۆر سەختدان و  ڕۆژانە خەڵکێکی زۆری مەدەنی دەکوژرێن بەس لەبەر ئەوەی کە کوردن، هەروەها بینیمان کە چۆن سەرۆکێکی دیکتاتۆری داعش ئیجبار بووە کە زمانی کوردی بکاتە زمانێکی ئەساسی، هەروەها وڵاتانی زلهێز و بەتایبەت ئەمریکا کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئەحمەد شەرع و ناچارکردنی بە دەرکردنی ئەو بڕیارانە، بۆیە دەبێت ئەحمەد شەرع ئەو بڕیارانە جێبەجێبکات، چونکە ناتوانێت نەتەوەیەکی گەورە کە شەڕی داعشی کردووە و خاوەنی شەهیدی زۆرە و ڕێگر بووە بۆ ئەوەی کە داعش تەشەنە بکات لەناوببات.

 

''ژنانی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زۆر لە پێشترن لە ئاست دەوڵەتە دواکەوتوو و دیکتاتۆرەکاندا''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە دەبینین هەموو دەوڵەتێکی دیکاتۆر دەیەوێت ئەو سنوورەی کە هەیەتی لەگەڵ دەسەڵاتەکەیدا فراوانی بکات، لەبەرئەوەشە ئێمە پارچە پارچە کراوین بەسەر دەوڵەتاندا، دەوڵەتێکی وەکو تورکیا دەزانێت کە کوردستانی لێ جیابکرێتەوە بەشێکی گەورەی لەدەست دەچێت، عێراق و ئێران و سووریاش بە هەمان شێوە، هەروەها کورد بە شێوەیەکی گشتی میلەتێکن جیاوازن لە میللەتەکانی دیکە و میللەتێکی بەهێز و کراوەن، ڕاستە هەندێک بیری توندڕەوی هەیە لەناو کوردستاندا ،بەڵام ئەوە کاریگەری دەوڵەتانی داگیرکەرە کە ئەوانەی هەڵگری ئەو بیر و باوەڕە توندرەوییەن بوونەتە کۆیلەی ئەو دەوڵەتانە، میلەتی کورد خۆی دەتوانێت باشترین ناوچە دروست بکات و لە هەمووشیان پێشکەوتووتربێت، هەروەها ئەو پێکەوە ژیانەی کە بەڕاستی لە ناو کوردا هەیە، لە ناو میللەتەکانی تردا نییە، بۆیە هەموو ئەمانە هۆکارە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەاڕستدا ببێە یەکەم، هەروەها ژنانی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زۆر لە پێشترن لە ئاست دەوڵەتە دواکەوتوو و دیکتاتۆرەکاندا، چونکە ژنانی کورد شانبەشانی پیاوان بگرە لە پیاوان باشتر توانیویانە کار بکەن، جا چ لە بواری سیاسی، سەربازیدابێت، هەروەها هەموو ئەم ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی.