کەمی نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە میسر؛ ئاڵەنگاری بەردەوام و هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریکردن

ئەروا محەمەد، چالاکوانی سیاسی، کەمی نوێنەرایەتی ژنانی لە پۆستە بڕیاردانەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە نەریتی کولتووری و کۆمەڵایەتی، نەبوونی متمانەی کۆمەڵگە بە توانای بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاکان و پێویستی بە هەلی خولی پەروەردەی و پاڵپشتی زیاتر.

ئیمان سەمیر عەلی

 

میسر-پرسی بەهێزکردنی ژنان و وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی و جێبەجێکردن و سیاسی لە میسردا هێشتا وەک ئاڵەنگاریەک ماوەتەوە، سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە ژنان لە بواری پەروەردە و خزمەتکردنی گشتیدا بەدەستیان هێناوە، هەرچەندە زۆرێک لە ژنان خاوەنی لێهاتوویی و ئەزموونن، بەڵام نوێنەرایەتییان لە پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتیدا بە بەراورد بە پیاوان سنووردارە.

 

ئەروا محەمەد، چالاکوانی سیاسی وتی: میسر لەنێو ئەو وڵاتانەیە کە شایەتحاڵی سستی نوێنەرایەتی ژنانە لە پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتی جێبەجێکردندا، هەروەها ژمارەی پارێزگاری ژن بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی پارێزگاری پیاو سنووردار دەمێنێتەوە، پێی وایە ئەم دۆخە لە دوو هۆکاری سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەبوونی متمانەی کۆمەڵگە بە توانای ژنان بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە گەورەکانی جێبەجێکردن، هەروەها پێویستی بە بەرنامەی تایبەتمەندتر بۆ ئامادەکردنی سەرکردەی ژن بۆ ئەو ڕۆڵانە.

 

ئاماژەی بە بوونی دەستپێشخەرییە گرنگەکانی خولی پەروەردەی کرد، وەک ئەو پرۆگرامانەی کە لەلایەن ئەکادیمیای نیشتمانی ڕاهێنانەوە پێشکەش دەکرێن و پرۆگرامی "ژن سەرکردایەتی"، کە بەشدارن لە ئامادەکردنی کادیری ژنی شایستە، بەڵام ئەم هەوڵانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام هێشتا پێویستیان بە فراوانکردن و چڕکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری ژنان لە شارە جیاوازەکاندا بگرێتەوە.

 

دووپاتیکردەوە، دەستپێشخەرییە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و وەزارەتی گەنجان و وەرزش لە بواری بەهێزکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان هەنگاوی ئەرێنین، بەڵام پێویستیان بە پەرەپێدانی زیاتر و جێبەجێکردنی فراوانترە.

 

سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی سیاسی و هەڵبژاردنی ژنان، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە نەریتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو پێکهاتە ناوخۆییەکان، بەتایبەتی لە گوندەکان، لە بەربەستە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم بەهێزکردنی سیاسی ژنانن، هێشتا لە نێو هەندێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا باوەڕێک هەیە کە ژنان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان یان بەڕێوەبردنی کاروباری بازنەکانی هەڵبژاردنیان بە شێوەیەکی کارا نییە، جگە لەوەش هەندێک لە خێزانەکان بە بیرۆکەی خۆکاندیدکردنی ژنان بۆ پۆست یان هەڵگرتنی پۆستی سەرکردایەتی بێ قەناعەت دەمێننەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەرفەتی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.

 

ڕوونیدەکاتەوە، کە پرسی پەرەپێدانی سەرکردایەتی و بەهێزکردنی سیاسی پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت سەبارەت بە ئامادەیی ژنان لە پێکهاتە ناوخۆییەکان بۆ خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەتی لە سیستەمی کاندیدکردنی تاکەکەسیدا بەبێ ئەوەی پشت بە لیستەکانی هەڵبژاردن ببەستن، سەرەڕای بوونی ژنانی بەتوانا و شایستە بۆ کاری سیاسی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ئەم ژنانە هێشتا پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە، ئەمە جگە لە دەرفەتی فراوانتر بۆ بەشداریکردنی ڕاستەقینەی سیاسی.

 

هەروەها توانای دارایی یەکێکە لە دیارترین ئاڵەنگاریەکان کە کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان هەیە، کاتێک توانای دارایی دەبێتە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی کاندیدێک، دەرفەتی زۆرێک لە ژنە کاندیدەکانی کە ڕەنگە سەرچاوەی دارایی پێویستیان نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن کەم دەبێتەوە، هەرچەندە خاوەنی لێهاتوویی و توانای خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکەیانن و بەشداریکردن لە گەشەپێدان.

 

”هەوڵەکانی هۆشیاری بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان”

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چارەسەرکردنی ئەم ئاڵەنگاریامە پێویستی بە هەوڵی هۆشیاری بەردەوام هەیە کە کۆمەڵگە و خێزانە ناوخۆییەکان بکاتە ئامانج، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییەکی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، هەروەها گۆڕینی کولتووری کۆمەڵایەتی بە خێرایی ڕوونادات، بەڵکو پێویستی بە کاری درێژخایەن و ستراتیژی ڕوون هەیە کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ پشتگیریکردن و بەهێزکردنی ژنان گیراوەتەبەر.

 

ڕوونیکردەوە، کە بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان لە ژیانی گشتی و سەرکردایەتی و پۆستە سیاسییەکان پێویستی بە هەوڵی یەکگرتوو هەیە لە نێوان دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، ئەمەش بە چڕکردنەوەی بەرنامەکانی خولی پەروەردەی و پەرەپێدانی سەرکردایەتی بۆ ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی لە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە کاری گشتیدا و پشتیوانیکردن لە کاندیدبوونی ژنان لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و یاسادانانەکان و کەمکردنەوەی کاریگەریی پارەی سیاسی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بەدیبهێنرێت.

 

لە کۆتای قسەکانیدا، ئەروا محەمەد پێی وایە کە ئەم هەوڵانە، لە درێژخایەندا، دەتوانن بەشدار بن لە کەمکردنەوەی پەراوێزخستنی ژنان و زیادکردنی ئامادەبوونیان لە پۆستەکانی بڕیاردان، چ لە دەسەڵاتی یاسادانان یان دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، بەمەش پاڵپشتی گەشەپێدانی گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر لە ناو کۆمەڵگەدا دەکات.