ڕۆژنامەگەریی کوردی؛ لە بەرخۆدانی پێنووسەوە بۆ جەنگی شاشەکان
شەن سدیق-میدیاکار
٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ تەنها ڕۆژژمێرێکی ئاسایی نەبوو بۆ نەتەوەی کورد، بەڵکو چەکێکی مۆدێرن بوو بە ناوی (وشە) بۆ پارێزگاری لە شووناس و ناسنامەمان. لەو کاتەی تەنها دەنگی گولـلە پارێزگاری لە مانەوەمان دەکرد و جوگرافیای شۆڕش و ڕاپەڕینەکان تەسک بوون، میقداد میدحەت بەدرخان، یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ـی لە قاهیرە چاپ کرد. ئەم هەنگاوە بوو بە یەکەمین قوتابخانەی فیکری و سیاسی؛ لە یەکەمین ژمارەیەوە تا دوا ژمارە، دروشمی ڕۆژنامەی کوردستان بریتی بوو لە “کوردان ڕاپەڕین بەرپا بکەن، زانست فێرببن”، ئەمەش بوو بە زایەڵەی دەنگ و فەرهەنگ و شۆڕشەکانی کورد.
ڕۆژنامەی کوردستان تەنها ئامرازێک نەبوو بۆ هەواڵگەیاندن، بەڵکو ببووە داینەمۆی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان. پێش دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە، ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لە سنوورێکی بەرتەسکدا بوون و هەرزوو لەلایەن ناحەزانەوە کپ دەکرانەوە. لەدوای دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان، سنووری بەرخۆدانی گەل سنووری وڵاتانی بڕی و کێشەی کورد نێودەوڵەتی کرا. لێرەوە بەرخۆدان چووە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغی خەبات لە پێناو ناسنامە و هۆشیاریدا، دەنگی مەزڵوومییەتی کوردیش بە جیهان ناسێندرا.
دۆخی ئێستای میدیای کوردی
کاتێک لەم یادەدا سەیری میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەین، ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ دەبینەوە؛ دەبینین بە ئاشکرا لە بەرخۆدانی پێنووسەوە کۆچمان کردووە بەرەو جەنگی شاشەکان. لە کاتێکدا میدیای کوردی ئامرازێک بوو بۆ بنیاتنانی نەتەوە، ئێستا خەریکە دەبێتە هۆکارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی، بە جۆرێک لە تەموومژی وەرگێڕانی فەرهەنگی بێگانەدا خەریکە ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات. لەبری گرنگیدان بە فەرهەنگ و زمانی کوردی، فەرهەنگی بێگانە کۆمەڵگەکەمان مۆنۆپۆڵ دەکات.
یادکردنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی تەنها گێڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو پەیمان نوێکردنەوەیە لەگەڵ شکۆی ڕۆژنامەی کوردستان، کە گەورەترین قوتابخانەی فیکری و سیاسیی نەتەوەییمان بوو. پێویستە میدیای کوردی تێبگات کە ئەرکەکەی تەنها پڕکردنەوەی کات نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو فەرهەنگەیە کە ١٢٨ ساڵە بە خوێنی مەرەکەب دەنووسرێتەوە.