"ژن و شەرەف"
ڕێژوان دیاری- نووسەر
بەواتایەکی گشتی شەرەف:
بریتیە لە بوونی هەر کردارێکی ڕاستگۆیی و بەرپرسیاریەتی لە بڕیار و کردارەکانی تاك بەرامبەر خۆی و کەسانی تر یاخود پاراستنی سنور و بەهاکانی خۆی وە ڕێز گرتن لە خۆی و کەسانی دیکە، ئەگەر بێت و ئێمە لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین بۆچی ژنان بە درێژایی مێژوو هەمیشە وەك خاڵێکی شەرەف بۆ خێزان تەماشا کراون؟وەك لای هەمووان ڕوونە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە مەزنەکەی دروستبونی خێزان ژنە واتە ژنان بنیادنەر و ئاواکەری خێزانن،بەڵام ئەوەی ڕۆژانە ئێمە بەرگوێمان ئەکەوێت و دەیبینین ئەوەیە بە داخەوە کە فڵان کچ بە دەستی باوکی یاخود براکەی یاخود ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لەژێر ناوی شەرەف کوژرا،بێگومان کۆمەڵگەی کوردیش بەدەر نیە لەم دیاردەیە بگرە بەداخەوە هەمیشە ژنانی کورد زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دیکە پشکی شێریان بەرکەوتووە بەرامبەر بەم دیاردە قێزەونە بە هەڵدانەوەی پەڕەکانی مێژووی کوردی ئێمە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ژنانی کورد چەندە چەرمەسەری و قوربانیان دیوە بە بیانوی ئەوەی ئەو شەرەفی باوک و برا و هاوژین و تەواوی بنەماڵەکەیەتی،ئەمە لەکاتێکدایە لە بنەڕەتدا بوونی شەرەف خاسیەتێکی مرۆڤایەتییە واتا تایبەت و گرێدراو نیە تەنها بە ڕەگەزێکەوە وەك ئەمڕۆ ئەبینرێ ئەوەی ژن بێ شەرەفی و بە شەرەف بوونی خێزانێک یاخورد بنەماڵەو کۆمەڵگەیەک دیاری بکات.
هەمووان ئەوە زۆر بەڕوونی ئەزانین کۆمەڵگەی کوردی یەکێک بووە لەو کۆمەڵگەیانەی کە هەمیشە وشەی شەرەفی وەك بەهایەکی گەورە بۆ خۆی داناوە و خۆی پێناساندووە،لە کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ کە ئەو دیاردەیە بەردەوام لە تەشەنەش ناوەستێ ژنان قوربانی دەستی وشەی شەرەفن،ئەگەر ئێستا ئێمە باس لە چەند نمونەیەک بکەین و ڕوونی بکەینەوە کە هێزی وشەی شەرەف چەند بەهێز بووە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەبووە بۆ دیاری کردنی ڕێز و شکۆی کۆمەڵگایەك دەبینن کە ژنانی کورد کە سەراپای بونیان قوربانی بووە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا،بۆ نمونە:
لەناو کۆمەڵگەی کوردی لە کۆنەوە وەک ئامەژمان پێیدا ژن خاڵی سەرەکی چارەسەری ناو هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش بووە بۆ نمونە لەکۆندا بابەتی ژن بە ژن و شیربایی و گەورە بە بچوک و ژن لەبری خوێندا دراوە یاخود نمونەمان هەبووە ئەگێڕنەوە منداڵی کچ لەناو بێشکە و لەتەمەنێکی زۆد بچوکدا خێزانەکان لەناو خۆیاندا گفتی ئەوەیان بەیەکتر داوە کاتێک ئەم کچە تەمەنی گەورە بوو دەخوازرێ بۆ کوڕی خێزان و بنەماڵەیەکی دیکە،ئەمە جیاواز لەوەی کاتێك شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕووی داوە لێرە وەك دەڵێن بۆ خوێن خۆشکردن و ئاشتەوایی ژنێکیان لە بنەماڵەی تاوانکار لەبری خوێن داوە بە بنەماڵەی زوڵم لێکراو،لە کاتێکدا زۆر جار بەبێ ئاگایی و ڕا وەرگرتنی ژنەکە خۆی و بە زۆرە ملێ و بە ئەقڵی پیاو سالاری ئەم بابەتانە وەك چارەسەر ئەنجام دراون.ئەمە لە کۆندا بەم جۆرە بووە خۆشبەختانە ئەبێ بزانین کە ئەم جۆرە دیاردانە لە زۆربەی ناوچە کوردییەکان هێواش هێواش بەرەو کاڵبونەوە و لەناوچوون ڕۆشتوون و نەماون،بەڵام ئەوەی سەیرە ئەمڕۆ سەرەڕای هەر ئەگەرێکی پێشکەوتن و کرانەوەی دنیا بە ڕووی خەڵکدا لە هەندێك پیاواندا لێرەو لەوێ بەرگوێمان ئەکەوێ سوێند بە شەرەف و ناموسی یەکدی ئەخۆن یاخود لەکاتی بونی بگرە تەنانەت دەمەقاڵەیەکی زۆر بچوکیشدا هێرش دەکەنە سەر شەرەف و ناموسی یەکدی و جنێو و وشەی ناشرین بە دایک و خوشکی یەکتر دەدەن ئێستا با ئەوە بڵێین ئەگەر شەرەف هێندە گرنگە بۆ ئێوەی نێرینە لە کاتە گرنگ و پیرۆزەکاندا کە خواستان لەسەری بێت سوێندی پێ دەخۆن ئەی بۆچی لە کاتی ناخۆشی و شەڕەکانتاندا وەك جنێو و وشەی ناشرین بەکاری دەهێنن و وەك خاڵێکی قێزەون بەکاری دەهێنن و هێرشی پێ دەکەنە سەر یەکدی؟
لەکۆی ئەمانەی ئاماژمان پێیدا بۆمام دەردەکەوێ کە ژن بەشێکی زۆری کلتوری کوردی پێك دەهێنێت، ئەوەی گرنگە لێرە جەختی لێبکەینەوە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە هەرگیز ژن نابێت وەک پێوانەیەک بۆ بوونی شەرەف لەناو خێزان و بنەماڵە و کۆمەڵگەیەك بەکاربێت،بەڵکو ئەبێت ئەوە بە ڕوونی بزانین هەموو مرۆڤێك سەربەستە و شەرەف و کەرامەتی خۆی بە خۆیەوە بەستراوەتەوە،ئێمە باس لەو بەها و کلتور و شتە جوانانەی ناو کۆمەڵگەی کوردی ناکەین کە خۆشبەختانە ئێمە ئەبێ ئەوەش بە ڕاستی درك پێ بکەین و بیزانین کە کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ بوونی هەر ئەگەرو دیاردەیەکی ناشرین کە لە کۆندا هەیبووە لە پەنا ئەوەشدا کۆمەڵێك بەهای جوان و ئەخلاقی باشی هەبووە کە جیاواز لە نەتەوەکانی تر هەتا ڕادەیەکی زۆر باش ڕێزێکی جوان لە ژن نراوە،واتە ئێمە لێرە نابێ تەڕ و وشك پێکەوە بسوتێنین بۆ نمونە:ژنانی کورد هەمیشەو هەردەم کۆیلە و قوربانی ناو خێزانەکان نەبوون بەڵکو چەندان ژنمان هەیە کە لەناو خێزانە جوان و ڕۆشنبیرەکاندا گەورە بوون کە بۆ ئەمڕۆ و بۆ نەوەکانی داهاتووشمان هەمیشە وەك خاڵێکی شانازی و پڕ شکۆمەندی لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەمێننەوە،بۆ نمونە:
(عادیلە خان،قەرە فاتم،حەپسە خانی نەقیب،لەیلا قاسم،….)چەندان نمونەی جوانی دیکەشمان هەیە سەرەڕای هەر ئەگەر و بەربەستێک و ئەو قۆناغ و سەردەمە سەختەی تێیدا ژیاون لەناو کۆمەڵگە ئەم جۆرانە و زیاتریش نمونەی ژنانی ئازا و پاڵەوانی سەردەمی خۆیان و وەك نمونەی پرشنگداری مێژوو ئەمێننەوە.
لەهەموو ئەوەی ئاماژمان پێیدا ئێمە ئەبێت ئەوە بەباشی بزانین و بڵێین کە شەرەف نابێت وە چەکێك و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژن بەکار بهێنرێت،ئەگەر قەرارە شەرەف بە مانای کەرامەت و ڕێزگرتن و بەرپرسیاریەتی خێزان بێت ئەوا لێرە تەنها ژن ناچار نیە بۆ پاراستنی ئەم بەهایانە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێ بەڵکو ئەمە ئەرکی تەواوی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە بۆ پاراستن و هێشتنەوە کۆمەڵگەیەکی باش و تەندروست و ڕۆشنبیر.
لە کۆتایدا ئێمە ئەتوانین ئەوە بڵێین کە ژن شەرەفی خێزان نیە بەو مانا بەربڵاوەی ئەمڕۆ پێناسەی بۆ کراوە لەناو کۆمەڵگەی کوردی بەڵکو ژن مرۆڤێکەو ماف و کەرامەتی خۆی هەیە و گرێدراو نیە بە شەرەفی پیاو و ئەو شەرەفەی کۆمەڵگە باسی لێوە ئەکات،بوونی شەرەفیش ناکرێ تەنها بە ڕەگەزی ژن پێوانە بکرێ.
بەڵکو شەرەف بریتیە لەوەی تۆ خیانەت نەکەی،کەرامەتی کەسانی تر نەشکێنی،ئازادی و مافی کەسانی تر سنوردار و زەوت نەکەیت و درۆ نەکەیت و تاکێکی تەندروست بیت بۆ خۆت و کۆمەڵگەکەت.
ماوەتەوە بڵێین ئەوەی لەسەر من و تۆی ژن پێویستە بتوانین بەجۆرێ خۆمان پەروەردە بکەین کە ژنێکی
تەندروست باش و هێندە ڕۆشنبیر بین کە هەرگیز دیاردە ناشرینەکانی ناو کۆمەڵگا نەتوانن کاریگەی خراپ لەسەرمان جێبهێڵن