رۆژنامەنووسی ژن لە خانەقین بە کوێ گەیشتووە؟

زەینەب ئەرکەوازی-چالاکوان و ڕاگەیاندکار

لە خانەقین، ژنان لە مێژووی میدیا و رۆژنامەوانیدا شوێن و دەنگی خۆیان هەبووە، ژنانی رۆژنامەنووس لە بوارەکانی نووسین، راپۆرت، گفتوگۆ و بەدواداچوونی هەواڵ و بابەتە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکاندا چالاک بوون، بەڵام ئەمڕۆ پرسیارێک لەبەردەمماندایە «رۆژنامەنووسی لەلای ژنان لە خانەقین بە کوێ گەیشتووە؟» ئەم پرسیارە تەنها پەیوەندی بە ژنانی رۆژنامەنووسەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە گۆڕانی تەواوی دیمەنی میدیا لە شارەکەدا هەیە.


وەک کەسێک کە ساڵانێکە لە بوارەکانی میدیا و نووسین و چالاکیی کۆمەڵایەتی، نزیکم لە ژیانی رۆژنامەنووسی لە خانەقین، قۆناغە جیاوازەکانی ئەم بوارەم بە چاوی خۆم بینیوە. لە قۆناغێکدا، رۆژنامە و گۆڤار و پڕۆگرامەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆن ببوونە سەرچاوەی سەرەکیی گەیاندنی دەنگی ژنان، رۆژنامەنووسانی ژن دەیاننووسی، چاوپێکەوتنیان دەکرد و بەدوای بابەتەکانی رۆژی کۆمەڵگەدا دەگەڕان.


لەو کاتەدا، بوونی ژن لە میدیادا تەنها بە بەشداری لە بۆنەکان و چالاکییەکاندا سنووردار نەکرابوو، بەڵکو ژنانی رۆژنامەنووس خۆیان بەرهەمهێنەری بابەتە رۆژنامەوانییەکان بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، دیمەنی میدیا گۆڕانی زۆری بەخۆوە بینی و رۆژنامە چاپکراوەکان کەمتر بوونەوە، هەندێک دامەزراوەی میدیایی لاواز بوون، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی فراوان بوو.


ئەم گۆڕانە تەنها کاریگەریی لەسەر رۆژنامەنووسانی ژن دروست نەکردووە، بەڵکو شێوازی کارکردنی میدیا بە گشتی گۆڕیوە، ئەمڕۆ هەر کەسێک دەتوانێت لە ماڵەوە بابەتێک بڵاوبکاتەوە، وێنەیەک دابنێت یان ڤیدیۆیەک بڵاوبکاتەوە. ئەمەش خێرایی گەیاندنی زانیاریی زیاد کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا جیاوازیی نێوان بابەتی رۆژنامەوانی و پۆستی تۆڕی کۆمەڵایەتی زیاتر کردووە.


لە ناو ئەم گۆڕانەدا، شوێنی وتار و راپۆرت و گفتوگۆی تایبەت بە بابەتەکانی ژنان کەمتر بووەتەوە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ژنانی رۆژنامەنووس کەمتر بوونەتەوە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چەند دامەزراوەی میدیایی ئامادەن بەردەوام شوێن بۆ قەڵەمە ژنەکان دابین بکەن؟ چەند بابەتی ژنان بە شێوەی بەدواداچوون و وتار و گفتوگۆی رۆژنامەوانی دەخرێتەڕوو؟ چەندێک لەو ئەزموونە میدیاییەی ژنان کە لە ساڵانی رابردوودا هەبوون، تۆمار و ئەرشیف کراون؟ ئەم پرسیارانە گرنگن، چونکە بەشێک لە مێژووی میدیای خانەقین لە دەستمان دەچێت ئەگەر ئەزموونی رۆژنامەنووسانی پێشووتر تۆمار نەکرێت. لە خانەقین ژنانی زۆر لە بوارەکانی نووسین و میدیا کاریان کردووە، بەڵام بەشێک لە ناو و بەرهەمەکانیان لە ئەرشیفێکی رێکخراودا کۆنەکراوەتەوە، هەندێکیان لە میدیا دوور کەوتوونەتەوە، هەندێکی تر بۆ بوارەکانی تر چوون، ژمارەیەکیش بە نووسین لە پەڕە کەسییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام بوون.


بەمشێوەیە، بەشێک لە میدیاکارانی ژنان لە دامەزراوە میدیاییەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ پلاتفۆرمە کەسییەکان، ئەم گۆڕانە خۆی خراپ نییە، بەڵام جیاوازییەکی گرنگ هەیە لە نێوان پەڕەی کەسی و دامەزراوەی میدیایی، رۆژنامەوانی پێویستی بە بەدواداچوون، نووسین، سەرچاوە، گفتوگۆ، رێکخستن و ئەرشیف هەیە، لەبەرئەوە بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەنیا ناتوانێت جێگەی دامەزراوەی میدیایی بگرێتەوە.


هاوکات خانەقین پێویستی بە تۆمارکردنی ئەو مێژووە میدیاییە هەیە کە ژنان بەشێک بوون لە دروستکردنی، ئەوەی پێویستە بزانین تەنها ئەوە نییە کە ئەمڕۆ چەند ژنی رۆژنامەنووسمان هەیە و بزانین لە ساڵانی رابردوودا کێ نووسیویەتی، کێ راپۆرتی کردووە، کێ گفتوگۆ ودیداری کردووە و کێ بەردەوام بووە لە بەدواداچوونی بابەتەکانی شار، بۆیە ئەم مێژووە پێویستی بە ئەرشیف و توێژینەوە هەیە.


لە هەمانکاتدا پێویستە رۆژنامەنووسیی ژنان لە خانەقین بەشێوەیەکی نوێ بگەڕێتەوە، ئەم گەڕانەوەیە نابێت تەنها بە دامەزراندنی رۆژنامەیەکی نوێ کۆتایی پێ بێت، بەڵکو دەتوانرێت پڕۆگرامێکی میدیایی، ماڵپەڕێکی تایبەت، پۆدکاست، پەڕەی رۆژنامەوانی یان ئەرشیفێکی دیجیتاڵی بێت، گرنگ ئەوەیە ناوەڕۆکەکە رۆژنامەوانی بێت، نە تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنە، چونکە خانەقین ژنانی نووسەر و رۆژنامەنووسی هەیە و پێویستی بە دەنگی نوێی ژنانیش هەیە.


رەنگە رۆژنامەنووسیی ژنان نەماوە، بەڵکو شێوەکەی گۆڕاوە، لەوانەیە بەشێک لە مینبەرە کۆنەکان لەدەستچووبن، بەڵام ئەو قەڵەمە ژنانەی کە ساڵانێک نووسیویانە هێشتا بەشێکن لە بیرەوەریی میدیایی شارەکە، بۆیە ئەمڕۆ کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئەم مێژووە بگەڕێندرێتەوە، ئەزموونەکان تۆمار بکرێن و بۆ نەوەی نوێ دەرفەت بڕەخسێت، کەواتە دواجار پرسیارەکە هەر ئەوەیە: «رۆژنامەنووسیی لای ژنان لە خانەقین بە کوێ گەیشتووە؟ کەی دەگەڕێتەوە؟