ئەی چی بۆ ژیان دەکەیت؟

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

جوانترین نزای دایک بۆ منداڵەکەی ئەوەیە بێ دایک و باوک نەبێت، بە رای من مردن زۆر ئاسانە، ئەی چی بۆ ژیان دەکەیت؟

 

ئەوەندەم خۆش دەوێت خۆم دەکەمە قوربانی، دەتوانم بۆ ئەو بمرم، ئەمە وتەی دڵداریی نێوان کوڕ و کچێک نییە، هەروەها قسەی نێو فیلمێکی رۆمانسی نییە، بەڵکو دەربڕینی خۆشەویستی دایکێکە بۆ منداڵەکەی، بەڵێ زۆربەی دایکان دەتوانن لە پێناو منداڵەکەیاندا ژیانیان بەخت بکەن و بمرن، بەڵام وەک دایکێک کاتێک بیر لەو قسانە دەکەیتەوە بەڕاستی کەمێک بێ مانایە، بۆچی ئەوپەڕی خۆشەویستی بۆ منداڵەکەت مردن بێت؟ ئەی ئایا ترسناکترین بیرۆکە لای دایک ئەوە نییە منداڵەکەی بەبێ ئەو گەورە ببێت و لە نازی دایکی بێبەش بێت؟! هەروەها لەلای من جوانترین نزای دایک بۆ منداڵەکەی ئەوەیە بەبێ دایک و باوکی گەورە نەبێت، بە رای من مردن زۆر ئاسانە، ئەی بۆ لەپێناو منداڵەکەتدا نەژیت؟ ئەی چی بۆ ژیان دەکەیت؟

 

ژیان زۆر لە مردن قورسترە، هەروەها گرانترین ئەرک لەسەر شانی ژن دایکایەتییە و ئەوەیە دایک بێت، چونکە دایکایەتی وەزیفەیەک نییە چەند سەعاتێکی رۆژەکەت لێ داگیر بکات و پاشان بچیتەوە ماڵەوە و بحەوێیتەوە، تا ئەو رۆژەی دەمریت دایکایەتیی حەوانەوەی نییە، کەواتە چۆن لە پێناو منداڵەکەتدا بژیت نەک بمریت، چی دەکەیت بۆئەوەی منداڵەکەت ژیانێکی جێگیر و ئارامی هەبێت دوور لە خەم و سترێس. هەموو ئەوانە بە دایکێک دەکرێت بزانێت بژی، بێگومان لێرەدا مەبەستم لەوە نییە تەنیا بۆ ئەوان بژی و منداڵەکانت بە جۆرێک فێربکەیت هەموو شتێکیان بۆ بکەیت و هەمیشە بە دەورییانەوە بیت و بەهیچ شێوەیەک پشت بە خۆیان نە بەستن، تا وایانلێدێت کەسی لاواز و ترسنۆکیان لێ دەردەچێت، نەخێر کە دەڵێم بژی واتا دایک چەند گرنگی دەدات بە منداڵەکانی دەبێت گرنگیش بدات بە خۆی، بەشێکی رۆژەکە بۆ خۆت تەرخان بکە جا بە وەرزشکردنەوە بێت یان تەنانەت خواردنەوەی قاوەیەک بێت بەتەنیا یان خوێندنەوەی کتێبێک بێت..هتد، لەلای منداڵ چەندە خۆشە دایکی بتوانێت لە چالاکییەکانی ژیانیدا بە توانایەکی جەستەیی باشەوە لەگەڵیدا بەشدار بێت و بەشداریی ژیانی بکات، نەک دایکێکی جەستە و دەروون ماندوو بێت و لۆمەی منداڵەکانی بکات لەوەی بۆ ئەوان مردووە. منداڵ دایکێکی دەوێت بتوانێت لەگەڵیدا چێژ لە ئەزموونەکانی ژیان ببینێت. دایک بوون مردن نییە، بەڵکو مانای وایە چی دەکەیت تا زۆرترین ماوەی تەمەن بە تەندروستییەکی جەستەیی و دەروونیی باشەوە لەگەڵ منداڵەکانتدا بەسەر بەریت، وەک ژنێک چی دەکەیت تا بۆ ئەوان و بۆ خۆت بژیت