وەڵامی هەندێک لە بۆچیەکانی ئێمە دەربارەی دیکتاتۆرەکان
نوسینی: ژینۆ مەعسوم
شیکاری دەروونی بۆ کەسایەتی بەشار ئەسەد
شێوازی حومکڕانی دیکتاتۆری زیاتر لە ٥٠ ساڵەی حافز ئەسەدی باوک و بەشار ئەسەدی کوڕ گەلێک ترۆمای سەخت و قوڵی لە نێو کۆمەڵگەی سوریادا بەجێهێشت. دەسەڵاتی دیکتاتۆر باوەڕی وایە کە کۆمەڵگەی ترساو باشتر کۆنترۆڵ دەکرێت بە بەراورد بە کۆمەڵگەی ئازا و بوێر، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان بە هەزاران شێوە و ڕێگا خەڵک بترسێنن و تۆقین بڵاو بکەنەوە و بە ئامانجی ئەوەی کە کۆنترۆڵی خەڵک بکەن.
دیکتاتۆرەکان خۆیان ئەسیری دیکتاتۆرانێک دەبن کە خۆیان دروستیان کردووە! ئەمە چۆن؟ بەشار ئەسەد دەورە درابوو بە بازنەی نزیکان و کەسوکار یان دۆستان، واتە زنجیرێکیان دروستکردبوو لە نێوان خەڵک و ئەسەددا، بەو مانایەی کە دەوروپشتی ئەسەد رێگا خۆشکەر بوون بۆ بەهێزی بوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و هەر خۆشیان پشکێکی گەورەیان بەردەکەوت. چۆن؟
هەر دیکتاتۆرێک سەرگوزەشتەیەکی مناڵی هەیە کە پێیدا ڕۆشتوە و پرە لە ترۆما، کە گەورە دەبن ئەم ترۆمایانەی خۆیان لە بەرامبەر خەڵکدا جێبەجێ دەکەن، بە جۆڕێک بۆ سەلماندنی خۆیان زیادەرۆیی لە هەموو شتێکدا دەکەن و لێرەدایە کە بازنەی نزیکان بەردەوام پاڵپشتی خۆیان نیشان دەدەن و جۆرێک لە دڵنیایی دەدەن بە کەسی دیکتاتۆر، کە تۆ لە سەر ڕێگا ڕاستەکەی و دیکتاتۆرێش بۆ خەواندنی ئازاری ترۆماکان پێویستی بەو دڵنەواییانە هەیە و وا دەزانێت کە بەراستی دڵسۆز و خەمخۆریانن، لە کاتێکدا ئەوەی ئەوان دەیکەن تەنها دوورخستنەوەی سەرۆک هێزە لە ڕاستی و حەقیقەت.
پەیوەندی ترس و بڕیاردانی هەڵە
سەرچاوەی بڕیارە هەڵەکانی دیکتاتۆر بریتیە لە ترس، ترس لە چی؟ ترس لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی، هەر ئەم ترسەشە کە تاکی بەرپرس بەرەو دیکتاتۆر بوون دەبات، چونکە خەمی لە دەستدانی هێز وایان لێ دەکات زیاتر و زیاتر کۆنترۆڵی خۆیان چڕ بکەنەوە، چونکە ڕووبەڕوو بوونەوەی زیادە لە ڕادە بۆ ترس وا لە تاک دەکات رەفتاری ئیفرارتی یان زیادەرۆ ئەنجام بدات و لێرەوەیە کە رەفتاری نالۆژیکی (نامەنتیقیش) ڕوو دەدات و تا دێت تاک زیاتر بەرەو دیکتاتۆر بوون ئاڕاستە وەردەگرێت. نیگەرانی جیابوونەوە لە هێز و دەسەڵات وەک (ترس و نیگەرانی جیابوونەوەی منداڵە لە باوەشی دایک) واتە هێز بۆ کەسی دەسەڵاتدار وەک شیری دایک وایە، و ترس لە شکست و لەدەستدان وای لێدەکات کە هەوڵی زۆر بدات بۆ مانەوە.
خاڵی هاوبەشی هەموو دیکتاتۆرەکان یەک شتە (ئالودە بوون بەهێز) addiction to power، دیکتاتۆر ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵگەدا بگۆڕێت، چونکە هەست بە لاوازی هێزەکەی دەکات، لەبەر ئەوەی گۆڕانکاری وزەی دەوێت و ئەو ویستەش پێوێستی بە بەخشینە و دیکتاتۆر توانای بەخشینی نییە. سەرەتای پێش دیکاتۆربوونی کەسی خاوەن دەسەڵات دەبینین کە دۆخەکە ئارامە و دواتر کەم کەم شێواوی و ناجێگیری ڕوو دەدات، لەبەرئەوەی لە سەرەتادا خاوەن هێز و کۆمەڵگە وەک یەکن و لە یەک ئاستدا لە زۆربەی ڕووەکانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ژیان بەردەوام لە گۆڕاندایە و کۆمەڵگە بەرەو گۆران ئاڕاستە وەردەگرێت و تاکی دەسەڵاتداریش لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە و توانای خۆگونجاندنی نییە لەگەڵ ئەم شەپۆلە گۆڕانەدا، لێرەوەیە کە دژیەکیەکە ڕوو دەدات، کۆمەڵگە و ویستی خەڵک ئاڕاستەیەکی جیاواز وەردەگرێت و هەر لێرەوەیە کە دیکتاتۆریەتیش هێز و دەسەڵاتی خۆی نیشان دەدات دژی ئەو تەوژمی گۆڕانە.
کەسێتی دیکتاتۆر و پەیوەندی بە ناڕسیست بوونەوە ( نێرگزیەت)
دیکتاتۆر کەسایەتیەکی نێرگزی هەیە لەبەرئەوەی گیرۆدەی هێز دەبن و چێژ لە دەسەڵاتدار بوون و زاڵمی خۆیان دەبینن، گەر بێت لە قۆناغی ژیانی منداڵیاندا ئازا یان ترۆماییەکی جدیان بەرکەوتبێت، ئەوە ئاستی ئەم ناڕسیست بوونە تیایاندا زۆر بەرزە و ژیانی گەورەییان درێژەپێدان و دووبارەبوونەوەی ساڵانی سەرەتای ژیانی منداڵیانە لە شێوازی جیاوازدا. ئەسەد لە نێوان خێزانەکەیدا بەردەوام ڕووبەڕووی کێبڕکێ و ململانێ دەبوویەوە لەنێو منداڵەکانی تردا و زۆریش گوێرایەڵ بوو، لە هەمان کاتدا نازداری باوکی بوو ( لە کاتی گوێرایەڵ بووندا). واتە دووبارە بوونەوەی هەمان هەست لە گەورەییدا بەم شێوەیەیە: پێویستە خەڵکەکەم گوێرایەڵم بن بۆ هەر شتێک کە من دەیلێم، چونکە ئیستا گەورەیە و هێزی هەیە و دەتوانێت و دەکرێت خەڵکانێک گوێرایەڵی ئەم بن، واتە بوونی مەیل و ئارەزوو بۆ کۆنترۆڵکردنی چواردەور. بۆیە دیکتاتۆر لە واقعیەت دوور دەکەونەوە و تەنها بیر لەوە دەکەنەوە کە (هێز)یان هەبێت.