شۆڕشی رۆژئاڤا و مێژوویەکی نوێی ژنی کورد

هێما شەهید کارزان شەقڵاوەیی - نووسەر

دوای جەنگی سارد و شکستی زۆرێک لە سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە رێکخستنەوەی کۆمەڵگەدا، سیستمی سەرمایەداری وەک جێگرەوەی زۆربەی سیستمەکانی پێش خۆی تا ئێستا لە زۆر وڵاتدا وەک باشترین سیستم کاری پێدەکرێت، بەڵام ئەم سیستمەش بێ کەم و کووڕیی نییە و کەم و کووڕییەکانیشی کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست هەبووە.


پەیڕەوکردنی سیستمی سەرمایەداری بووە هۆی بەرزبوونەوەی ماتریالیزم لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی ئێمەشدا، لەم چوارچێوەیەدا ژن وەک کاڵا ناسێنرا و کرایە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە رووی ئابوورییەوە، ئەم روانینە بووە هۆی کەمکردنەوەی پێگەی ژن و شکاندنی شکۆی مرۆڤایەتی و دواخستنی رۆڵی راستەقینەی ژن.


پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئەم بابەتە چ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە رۆڵی ژنانی کورد و بە تایبەت ژنە شەڕڤانەکانەوە هەیە؟ وەک ژنانی زۆربەی میللەتانی خۆرهەڵات، بەشێک لە ژنانی کوردیش لەژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریدا تووشی چەوساندنەوە و بە کەم تەماشاکردن بوونەتەوە، بە تایبەتی ئەو ژنانەی خاوەنی ئیرادە و بوێریی نەبوون، بەڵام ئەو چەمکە خوار و خێچەی ناو کۆمەڵگەی کوردی، لە رێگەی شۆڕشی رۆژئاواوە تێکشکێندرا.


شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان مێژوویەکی نوێی ژنی ئازا و ئازادیی کوردی بە دنیا ناساند، ژنانی شەڕڤان رۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لەوەی ژن تەنیا وەک کاڵایەک سەیر نەکرێت، بەڵکو ببن بە سیمبولی هێز و ئازایەتی بۆ کۆمەڵگە.


لەو شۆڕشەدا، کارەکتەری راستەقینەی ژنی کورد دووبارە هێنرایەوە ناو مەیدانی تێکۆشان، ژنانی شەڕڤان، دووبارە ژنیان وەک خاوەنی بڕیار و بنچینەی ئازادی کۆمەڵگە بە دنیا ناساندەوە، ئەم رۆڵە مەزنە نەک تەنیا رزگارکردنی ژنە، بەڵکو رزگارکردنی مرۆڤایەتیشە.