گەریلایەتی کوردی ئازاد، شێوازێکە لە ژیان

نەجیبە قەرەداغی - نووسەرو ڕۆژنامەنووس

ئەوەی لە ماوەی ٥٢ ساڵدا ڕوویداوە، پێناسە و وەسفی لە هیچ تیۆرییەکی دیکەی دەرەوەی بزوتنەوەکە نابینمەوە. ناتوانم پەنا بۆ هیچ فەیلەسوف، زانا، ئاکادیمیی و تیۆریسیەنێک ببەم بۆ قسەکردن لەسەر گەریلای کورد. گەریلا خۆی پراکتیکە و خۆشی تیۆریی تێکۆشانێکی ٥٢ دیالێکتیکێکی لە یەکئاڵاوی نێوان ڕێبەرێکە، کە سنوورەکانی تاکەکەسی زۆر لە مێژە تێپەڕاندووە و گەلێکە، کە زۆر لە مێژە سنوورەکانی پرسەکەی وەک پرسی ئەتنیکی تێپەڕاندووە.

 

خۆی لە خۆیدا تیۆریش وەهایە تا نەژیت نابێت بە تیۆر، چونکە تیۆریزەکردنی ڕووداوێک یان دیاردەیەک تەنیا و تەنیا بۆ پێشخستنێتی و بۆ دەرهێنانێتی لە چەقبەستوویی، دیالێكتیکی تیۆر و پراکتیک لە پرۆسەی گەریلایەتی کوردی ئازاد دا کە هێشتاش بەردەوامە و بەردەوام دەبێت، ئەوەش لە دەقی هیچ ڕۆمانێک نەبینراوەتەوە کە لە دەرەوەی بزوتنەوەکە نووسرا بێت، تازە خەریکە لێرە و لەوێ دەنووسرێتەوە. دیالێکتیکی تیۆری و پراکتیکی ژیانی گەریلا، زیندووکردنەوەی بەها ئەخلاقی و سیاسیەکانی کۆمەڵگەیەکە، کە لەخۆنامۆکرابوو، بوونی لە لێواری لەناوچوون بوو.

 

بۆ تێگەیشتن لەو شێوازە ژیانەی گەریلاییەتی کوردی ئازاد، کە ئێستا وەردەچەرخێ بۆ کۆمینی دیموکراتی و بەرەو کۆمەڵگەیی دەچێت، سەرەتا پێویستی بە تێگەیشتن لە زمان و دیدی ئافرێنراوی بزوتنەوەکە و خودی ڕێبەر ئۆجالان هەیە. گەریلایەتی کوردی ئازاد خۆی لە خۆی دا شێوازێکی ژیانە و ناهەقیەکی گەورەیە، کە تەنها لەگەڵ چەک پێناسە بکرێت. لەم ماوەیەی ڕابردوودا کاتێ وتارێکم بۆ گۆڤاری ژنۆلۆژی تایبەت بە باشوور نووسی لەسەر  لە داگیرکاریخستن لە هەلومەرجی باشووری کوردستان دا، زۆر کەم و بە دەگمەن سەرچاوەم لەسەر تیۆرییەکانی سەر داگیرکاریی لە کوردستان بینیەوە. بە بەشێک لە ئەدەبیاتی بزوتنەوەی ئازادی کوردستانەوە، یەکێک لەوانەی، کە کەڵکم لە بۆچوونی وەرگرت هاورێیەکی خوێندکاری دکتورای زانکۆی پاریس سەردار ئای  بوو کە لە وانەکەی دا بۆ زانکۆی ڕۆژئاوا زۆر جوان وەسفی گەریلا ( دابڕاو لە چەک)ـی کردووە؛ ” ژیانی گەریلا لە هەموو ڕوویەکەوە جۆرێکە لە دیکۆلۆنیالیزەکردن- لە داگیرکەریخستن”.

 

لە مەراسیمی سووتاندنی ٣٠ چەک لە لایەن گەریلاکانی ئازادی گەلی کوردەوە، هەندێک کەس هەستی بێهوایی بڵاودەکەنەوە. خودی بێهوایی تەنها دەرئەنجامی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ژەهرێکە، کە سەرچاوەکەی مەعریفە و دامەزراوەکانی سیستەمە، پرۆسەیەکی تەواو لە خۆ و کۆمەڵگە نامۆبوونە. لەم ڕۆژانەی هەموو ئەوانەی بەبێهیواییەوە سەیری پرۆسەکە دەکەن و هیچ دیدێکی بونیادنەرانەیان نییە، ئەوانەن، کە یان تەنها قسە دەکەن و لە خراپترین دۆخ دا وزەیەکی نەگەتیڤییان هەیە، یان خۆیان بە دەیان تیۆریی دەرەکیدا هەڵدەواسن بۆ ئەوەی گوزارە لە ناخی خۆیان و پاساو بۆ بێهیوایی بێننەوە.  بەشێک لە سەرچاوەی ئەم بێهواییەش، دیدی داگیرکەرە و ناوەکیکردنی ئەو دیدە و بێمتمانەییە بە هێزی کۆمەڵگە، بزوتنەوەکە و تاکی کورد.

 

داگیرکەر چی لە سەر گەریلا و بزوتنەوەکە دەڵێت با بڵێت، هەموو دەستەواژە نەگەتیڤەکانیان بۆ کەرەستەی ناوخۆییە. داگیرکەرێک بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ درۆی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی کردبێت، کوردی بە کێوی، تیرۆریست، نەزان، ناشارستانی و دواکەوتوو و هتد… پێناسە کردبێت، چۆن دەتوانێت لە شەو و ڕۆژێکدا باسی ئاشتی و دیدی پۆزەتیڤ بکات لە ئاست گەلی کورد و بزوتنەوەکەیدا.

 

هیوا ئەو کاتەیە، کە وزەی قەتیسکراوی خۆت دەتەقێنیەوە و بەرەو لێشاوی گەشەی ئەقڵی ستراتیژی کورد ئاراستەی دەکەیت، کە ئێستا پێموایە لە گەشەیەکی ناوازەدایە.  شەڕ و تێکۆشانی چەکداری ئەو وزەیەی بە یەک ئاراستەدا دەبرد، ئەویش بەرەنگاریەکی ئەرکە نەگەتیڤەکان بوون، کە تەنها تاکڕەهەندییانە شەڕ ئەم وزەیەی کۆمەڵگەی هەڵدەمژی کاتێ شەڕی چەکداری لە مێژەوە ئامانجەکانی پێکابێت، ئێستا بزوتنەوەکە بەرەو فرەڕەهەندێتی ئەرکە پۆزەتیڤیەکان دەچێت، وێرای هۆشیاری لەوەی، کە داگیرکەر دەیەوێت چۆن پرۆسەکە بەڕێوەبەرێت. وێرای سەختی و زەحمەتییەکانی، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی پەرە دەسەنێت، بەڵکو گەریلای شاخ، شار، زیندان، تاراوگە و لە هەموو ڕەهەندەکاندا ئەمجارەیان ئەو سیستەمە لە داگیرکەری دەخەن، کە سەد ساڵە بە خوێن و ئاسن وەڵام دەداتەوە. زۆر گرنگە لەوە تێبگەین، کە لەو چیایانە، لانی کەم لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەی دواییەدا چی ڕوویداوە. ئەگەر لە چیا و زیندانەکانی داگیرکەر ٢٠ هەزار کتێب بەرهەمهێنرا بێت، ئەوە دەبێت بزانین، کە بیریان لە چی کردووەتەوە و چی ژیاون و چ خەونێکیان هەبووە، کە بووەتە دەقی ٢٠ هەزار کتێب.