قەیرانی ئابووری پەیکەری دەسەڵات لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە

هێڤیدار خالد- نوسەر و ڕۆژنامەنووس

شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا پەرەی سەندووە و کاریگەری لەسەر چەندین شار و ناوچە هەیە، لەوانە تارانی پایتەخت، مەشهەد، ئیسفەهان، کرماشان، سنە، مهاباد، زەنجان، هەمەدان، ئەراک، قوم، شیراز، کرمان و دەیان ناوچەی دیکە.

 

بە وتەی چاودێرانی کاروباری ئێران، ناڕەزایەتییەکانی گەل بە سەرۆکایەتی بازرگانان و خاوەن دوکانەکان، دوای دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی بێ وێنەی نرخ و بەڕێوەبردنی خراپی حکومەت لە قەیرانی تێچووی ژیان سەریهەڵدا، نوێنەرایەتی وەڵامێکی بەهێز دەکەن بۆ دۆخی ترسناک و خراپتربوونی ئابووری کە لە ئەنجامی سیاسەتە ئابوورییە کەموکوڕییەکانی ڕژێمی ئێستا و بارودۆخی ژیانی سەختی زاڵ لە وڵاتدا سەرهەڵدەدات، نەبوونی هەلی کار وایکردووە زۆر کەس هەست بە بێهیوایی و بێکاری ناڕەوا بکەن، نەتوانن کارێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ بەردەوامبوونیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا خۆپیشاندەران دروشمیان دژی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی وتەوە، لەوانە "مردن بە تێچووی گرانبەهای ژیان!" و "تا ڕژێم دەڕوخێت بەردەوام دەبین!".

 

ئەو دروشمانەی کە لە ناڕازییانەوە دەنگی دایەوە، دەرکەوت کە داواکارییەکانی ئەمڕۆیە لە نیگەرانییە ئابوورییەکان تێپەڕیوە و سیمایەکی سیاسیی دیاریکراوی بەخۆیەوە بینیوە، لە ڕەخنەی ڕاستەوخۆی سەرکردە سیاسییەکانەوە تا دژایەتیکردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمەش گوزارشت لە توڕەیی چینی ناوەند و گروپە کەمداهاتەکان دەکات.

 

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێران شایەتحاڵی ناڕەزایەتییە گەلی بەرفراوان بێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ و بە تایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا، ئەو وڵاتە بە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ئەو ژنە گەنجه کوردە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە بە بیانووی پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگی بەناو ئیسلامی ئێران، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی، دواتر ناڕەزایەتییەکان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" فراوانتر بوون، کە لە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرگیراوە، لە هەموو شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاوبوونەوە و ئەم دروشمە سنوورە نەتەوەیی و کیشوەرییەکانی تێپەڕاند و بوو بە شۆڕشێکی ژنانی سەر بە هەموو گەلان و ژنان، بە دەیان زمان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە.

 

بەڵێ، ئێران ئەمڕۆ شاهیدی شەپۆڵێکی نوێی ناڕەزایەتی بەربڵاو و ئاشتیخوازانەی گەلە، لەکاتێکدا وڵاتەکە لە لێواری داڕماندایە، ڕژێم بەدەست قەیرانێکی سیاسی ڕاستەقینەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی دوای لێدانەکانی ئەمریکا کە دڵی ئێرانی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دەیان سەرکردەی دیاری دەسەڵات کوژران، سەرەڕای شانازیکردنی تاران بە هێزی خۆی لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش ڕۆڵ، کاریگەری و فراوانبوونی کەمکردووەتەوە و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی لەنێو کۆمەڵگەدا دروستکردووە و کاردانەوەی کارەساتبار لێ کەوتۆتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پەردەپۆشکردن و ئاڵۆزکردنیان و بەبێ ڕاگەیاندنی لە ترسی کاریگەری و بوون و بوونی خۆی، نەیتوانیوە ڕووبەڕووی ببێتەوە.

 

گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ساڵانێکە لە ژێر ڕژێمێکی سەرکوتگەر و خۆسەپێندا ژیاوە کە ئایین وەک بیانوویەک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی لە ڕێگەی هێز و توندوتیژیەوە بەکاردەهێنێت، نەک لە ڕێگەی میتۆدی دیموکراتی سەردەمی، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەتایبەت لە ژێر سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێستادا ئازار دەچێژن و دەبێت هێندەی تر تێکۆشان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم کردەوە ناڕەوا و یاسادانان و یاسایانەی لەدژی ئەوان جێبەجێ کراون، هەروەها بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە زیندانی دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن، لەنێو ڕێکار و بڕیارە ناڕەواکان کە بە نهێنی پۆشراون.

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە دەستیان پێکرد، ڕژێمی ئێران ئەحمەد وەحیدی، وەک جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دەستنیشان کرد، کە یەکێکە لە بەدناوترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و خاوەن مێژوویەکی تاریکی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر بێتوانایی ڕژێم لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ناڕازیانی ئاشتیخوازانە، لەبری ئەوەی گوێ لە ناڕەزایەتییەکانیان بگرێت، هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەدات، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا کردوویەتی.

 

ڕوونە کە ڕژیێم ستراتیجی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەدەست دەدات و جارێکی دیکەش دەردەکەوێت کە بژاردەکانی لە ئێستادا لە ڕادەبەدەر سنووردارن، ئەمەش بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیە کە چارەسەری ڕاستەقینەی قەیرانە ئاڵۆزەکان ئاسان نابێت، وەک دەزانرێت ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەگوزەرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی جیهانی و ئابووری جیهانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا دەبێت، چونکە ئێران لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا کاریگەری هەیە و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە کاریگەرەکان دەپارێزێت.

 

لە بەرامبەردا هێزە ئایگسایشییەکانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر خۆپیشاندەران پەرەپێدەدەن و دەوترێت چەکی پلە سەربازی بەکاردەهێنن و لە ئەنجامدا خەڵکی مەدەنیش زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام سەرەڕای بە کارهێنانی هێزی زۆر و ئاماده بوونی قورسی ئاسایشی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کە زیاتر له چوار دەیە پشتی به تۆقاندن و توندوتیژیی سیستماتیک بەستراوه ، تا ئێستا نەیتوانیوە بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکان کۆنتڕۆڵ بکات، بە تایبەتی جێگەی نیگەرانییە بەو پێیەی کە ڕژێم بەردەوامە لە بەکارهێنانی هەمان تاکتیک لە دژی ئەو دانیشتووانە هەمەچەشنەی کە لەم خاکە دێرینەدا دەژین.

 

بەڵێ، ئێران ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قۆناغێکی چارەنووسساز و زۆر هەستیار بووەتەوە، کە ڕەنگە کاریگەرییەکانی لە سنوورەکانی وڵات و تەواوی ناوچەکە زیاتریش درێژببێتەوە، بەڵام تادێت ڕوونتر دەبێتەوە کە گۆڕانکاری و پێکهاتە خێراکان کە لەناو ڕۆژهەڵاتی کورستان و ئێراندا ڕوودەدەن، تەنها ناڕەزایەتییەکی ئاسایی نین کە بەهۆی ناڕەزایەتییە ئابوورییەکانەوە یان شەپۆلێکی توڕەیی دژی پراکتیکەکانی ڕژێمەوە دەجووڵێن، ڕەنگە ببنە کاتالیستێکی سەرەکی و ڕێگایەکی نوێ بۆ ناچارکردنی ڕژێمی ئێران بۆ دانپێدانان، تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ هەندێک لە داواکارییەکانی خەڵک بێت، ئەم داواکاریانە بەو ئاسانییە بەدی ناهێنرێن کە ئێمە خەیاڵمان بۆی دەچێت، بە تایبەت کاتێک بەراورد دەکرێن لەگەڵ ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە بەرچاوانەی کە تاران نەک تەنها لە ناوخۆ بەڵکو لە دەرەوەش ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها ئەو لێدوانانەمان بینی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی لە ئێران کرد بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و وتی: ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکات و بیانکوژێت، ئەمریکا دەستوەردان دەکات بۆ ڕزگارکردنیان، ئەم لێدوانە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە لە لێواری بەرەنگاربوونەوەدا بین لە نێوان هەردوو وڵاتدا، کە تادێت قسەی گەرم و گوڕتریان ئاڵوگۆڕ کردووە.

 

لەگەڵ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان، ئیدانەکردنەکان ڕژانە سەر ئەو ئامێرە سەرکوتکەرانەی کە خەڵکی مەدەنی بێچەکیان کردە ئامانج، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ خەباتی دیموکراتی دژ بە عەقڵییەتی دیکتاتۆری دەربڕی و ڕایگەیاند، بەدڵنیایەوە سەرکەوتنی شۆڕشی گەل لە ڕێگەی یەکڕیزی دیموکراتی و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریە کە چەوساندنەوەی خەڵکی بێتاوان دەکات.