هەژموونی ئیمپریالیزم و وەهمی فریادڕەس؛ شیکاریی پاشکۆیی دەروونی و سیاسی لە دۆخی کورددا
موژدە عەلی - نووسەرو مامۆستا
پێشەکی: داگیرکاریی لە خاکەوە بۆ مێشک ئیمپریالیزم لە چەمکە کلاسیکییەکەیدا تەنها بە واتای داگیرکردنی سەربازی و تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی گەلانی ژێردەست نایەت، بەڵکو مەترسیدارترین ڕەهەندی بریتییە لە "داگیرکاریی مەعریفی و دەروونی". ئەم هەژموونە وادەکات گەلانی بندەست تووشی جۆرێک لە "ئیفلیجیی ئیرادە" ببن، بە شێوەیەک کە باوەڕیان بە توانای ناوخۆیی خۆیان نەمێنێت و هەمیشە چاوەڕوانی هێزێکی دەرەکی بن بۆ گۆڕینی چارەنووسیان. ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر ئەو تەڵە دەروونی و مێژووییانەی کە وایان کردووە چەمکی "چاوەڕوانی" جێگەی "کارکردن و ڕێکخستن" بگرێتەوە.
١. میتۆلۆژیای فریادڕەسی بیانی و سستیی سیاسی یەکێک لە ستراتیژییەکانی ئیمپریالیزم بۆ قووڵکردنەوەی پاشکۆیی، بڵاوکردنەوەی ئەو تێڕوانینەیە کە گەلانی ژێردەست "نەکامڵن" و ناتوانن بەبێ سەرپەرشتیی "ڕۆژئاوا" یان "هێزە گەورەکان" کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوون یان سستیی سیاسی، کە تێیدا کۆمەڵگە لەبری ئەوەی وزەی خۆی بۆ بونیادنانی ژێرخانی سەربەخۆ و یەکگرتوویی ناوخۆیی خەرج بکات، دەبێتە چاوەڕوانی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارە سیاسییەکانی زلهێزەکان. لێرەدا "ئازادی" لە مانا ڕەسەنەکەی کە (سەروەریی نەتەوەییە) بەتاڵ دەکرێتەوە و دەبێتە "دیارییەک" کە وڵاتانی ئیمپریالیزم بەپێی بەرژەوەندییەکانیان دەیبەخشن یان دەیبەنەوە.
٢. ئەزموونی کورد: لە نێوان تەڵەی سیڤەر و لۆزاندا مێژووی سیاسیی کورد نموونەیەکی زەقە بۆ ئەم تەڵە دەروونییەی ئیمپریالیزم. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، "پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠)" وەک وەهمێکی گەورە بە کورد پیشان درا، بەڵام تەنها بۆ فشارخستنە سەر عوسمانییەکان بوو، کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسی لەگەڵ تورکیای نوێ گۆڕا، لە "پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣)"دا هەموو بەڵێنەکان فەرامۆش کران. ئەم شۆکە مێژووییە جۆرە پاشکۆییەکی دەروونیی درێژخایەنی دروست کرد؛ کورد لە لایەکەوە قوربانیی فێڵی بێگانەیە، بەڵام لە لایەکی ترەوە هێشتا گوتاری سیاسیی کوردی نەیتوانیوە لەو بازنەیە دەربچێت کە دەڵێت "کلیلەکە تەنها لە دەست هێزە دەرەکییەکانە". ئەمەش وایکردووە هەمیشە ئیرادەی ناوخۆیی پاشکۆی ئەجێندای دەوڵەتە زلهێزەکان بێت.
٣. ئیمپریالیزمی کولتووری و چەکی میدیا لە سەدەی بیست و یەکدا، ئیمپریالیزم پەنا دەباتە بەر "چەکە نەرمەکان" بۆ کوشتنی ئیرادەی گەلانی ژێردەست. لێرەدا میدیا و پیشەسازیی کولتووری دوو ئەرکی سەرەکی دەبینن: • پیرۆزکردنی مۆدێلی بێگانە: وێناکردنی وڵاتانی باڵادەست وەک تەنها مۆدێلی شارستانییەت، کە وادەکات تاکی ژێردەست تووشی "نامۆبوون" ببێت و بە کەمتر سەیری زمان، مێژوو و ناسنامەی خۆی بکات. • پیشەسازیی بێهیوایی: میدیا جیهانییەکان هەمیشە وڵاتانی بندەست وەک ناوچەی "شکستخواردوو" و "شەڕنەخواز" نیشان دەدەن، ئەمەش وادەکات گەنجان لەبری بیرکردنەوە لە گۆڕانکاریی واقیع، تەنها خەون بە "کۆچکردن" یان "چاوەڕوانیی فریادڕەسێک" ببێنن کە لە دەرەوە بێت.
٤. گۆڕینی خەبات بۆ بەرکاربرن ئیمپریالیزمی کولتووری هەوڵ دەدات خەمی مرۆڤی ژێردەست لە کێشە نەتەوەیی و سیاسییە قووڵەکانەوە بگۆڕێت بۆ کێشە ڕووکەشەکان و "بەکاربردن". کاتێک تاکی کورد یان هەر گەلێکی تر، تەنها سەرقاڵی لاساییکردنەوەی مۆدێلەکانی ژیانی ڕۆژئاوایی و بەکارهێنانی کاڵاکانی ئەوان بێت، ئیرادەی ڕاستەقینەی بۆ بەرگری و خۆبەڕێوەبەریی زاتی لاواز دەبێت. گەنجێک کە مێشکی بە وێنە و خەونی دروستکراوی میدیای ئیمپریالی داگیر کرابێت، ناتوانێت ببێتە بزوێنەری شۆڕشێکی سیاسی یان زانستی. ڕزگاریی مێشک وەک هەنگاوی یەکەم ڕزگاربوون لە هەژموونی ئیمپریالیزم تەنها بە گۆڕینی دەسەڵاتە سیاسییەکان یان دەرکردنی سوپای بێگانە نایەت، بەڵکو پێویستی بە "شۆڕشێکی مەعریفی" هەیە، پێویستە گەلان، بەتایبەت کورد، بگەڕێنەوە سەر بنەمای "خۆبەڕێوەبەریی زاتی" و تێبگەن کە هیچ پاراستن و ئازادییەکی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ئیرادەی نەتەوەیی و ڕێکخستنی ناوخۆیی بوونی نییە.
لەوبارەیەوە فرانتس فانۆن :یەکێکە لە گرینگترین ئەو بیرمەندانەی کە باسی لە "دەروونناسیی داگیرکاری" کردووە. ئەو دەڵێت: "داگیرکەر تەنها جەستەی ژێردەست کۆنتڕۆڵ ناکات، بەڵکو وای لێ دەکات کە شەرم لە زمان، ڕەنگ و مێژووی خۆی بکات،بۆیە کورد پێویستی بە "تەکانێکی دەروونی" هەیە بۆ ئەوەی لەو هەستە ڕزگاری بێت و لەم قۆناغەشدا هەنگاو بۆ ئەو گۆرانکاتییە زۆر گونجاوە.
ئێدوارد سەعید باس لەوە دەکات کە چۆن ڕۆژئاوا (ئیمپریالیزم) وێنەیەکی "دواکەوتوو و کێوی" بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات دروست کردووە، بۆ ئەوەی پاساو بۆ دەستێوەردانەکانی بهێنێتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە میدیای جیهانی کورد تەنها وەک "شەڕکەر" یان "قوربانی" نیشان دەدات، ئەمەش وێنەیەکی ناتەواوە کە ڕێگرە لەوەی وەک نەتەوەیەکی خاوەن شارستانییەت و ماف سەیر بکرێت.
ئانتۆنیۆ گرامشی پێی وایە چینە باڵادەستەکان (ئیمپریالیزم) تەنها بە زەبری هێز حوکم ناکەن، بەڵکو لە ڕێگەی "قایلکردن" و "کولتوور"ەوە وادەکەن گەلانی ژێردەست وا هەست بکەن کە ئەم بارودۆخە "سروشتییە" و نابێت بگۆڕدرێت.
ئازادیی ڕاستەقینە لە کاتێکەوە دەست پێ دەکات کە "چاوەڕوانی" بمرێت و "کارکردن" ببێتە تاکە ڕێگە. مێژوو سەلماندوویەتی کە ئیمپریالیزم تەنها فریای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، بۆیە گەورەترین هەنگاوی ڕزگاری ئەوەیە کە چیتر وەک "کارتێکی فشار" یاریی پێ نەکرێت و وەک "بەرژەوەندییەکی هاوبەش" لەناو هاوکێشەکاندا خۆی بسەلمێنێت، تا ببیتە پاراستنی شکۆی خەبات لە هەڕەشەی هەژموون لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە مێژووییە بزانرێت کە خەباتی چەند هەزار ساڵەی گەلی کورد، کە بە خوێنی هەزاران تێکۆشەر و قوربانیی بێشومار هاتووەتە دی، تەنها موڵکی ئەم گەلەیە و نابێت ڕێگە بدرێت ئەم مێژووە شکۆدارە بکرێتە قوربانیی یارییە سیاسییەکانی ئیمپریالیزم. ناکرێ و نابێ کورد خەباتی هەزارەها ساڵەی خۆی بخاتە ژێر دەستی وڵاتێکی ئیمپریالیست بە ناوی "هاوکاری" یان "ڕزگارکردن"ەوە؛ چونکە مێژوو دەریخستووە کە ڕزگارییەک لە دەستی ئیمپریالیزمەوە بێت، تەنها جۆرێکی نوێی کۆیلایەتی و پاشکۆیی بەرهەم دەهێنێت، ناسنامەی کورد و مافە ڕەواکانی، بەرهەمی ئیرادەی ناوخۆیی و قوربانییانی ئەم خاکەیە، نەک دیارییەکی سیاسی کە لە پایتەختە دوورەکانەوە پێشکەش بکرێت. پاراستنی ئەم خەباتە لە هەژموونی دەرەکی، تاکە گەرەنتییە بۆ گەیشتن بە ئازادییەکی ڕاستەقینە و سەروەرییەکی نەتەوەیی دوور لە وەهمی فریادڕەسی بیانی.