کۆنیشانەی داون ئەو راستییانەی پێویستە هەر خێزانێک بیزانێت

د.نه‌رمین ساڵح ئه‌حمه‌د-مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

کۆنیشانەی داون، بارودۆخێکی بۆماوەییە کە منداڵێک بە سێ کۆپی کرۆمۆسۆمی ٢١ لەدایک دەبێت، لە جیاتی دوو کۆپی ئاسایی، ئەم کرۆمۆسۆمە زیادەیە کاریگەریی لەسەر گەشەی جەستەیی، گەشەی مێشک و توانای فێربوون دەبێت، بەڵام لەگەڵ چاودێری پزیشکی، زۆربەی کەسانی توشبوو بە کۆنیشانەی داون دەتوانن ژیانێکی تەندروست و زیاتر بژین، هەروەها پشتگیریی خێزان و هەبوونی فێرگەی تایبەت رۆڵی گرنگیان لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی و ئاستی فێربوونی منداڵانی داون دەبێت. لە جیهاندا، نزیکەی یەک منداڵی داون لە هەر ٧٠٠-١٠٠٠ منداڵی لەدایکبوودا دەبینرێت.


ئەم نەخۆشییە ناونراوە بە ناوی دکتۆر جۆن داون، پزیشکێکی بەریتانی بوو، یەکەمجار ساڵی ١٨٦٦ تایبەتمەندییە کلینیکییەکانی کۆنیشانەی داونی باسکرد، ئەگەرچی لەوکاتەدا هۆکارە سەرەکییەکەی نەزانرابوو، دواتر ساڵی ١٩٥٩، زاناکان دۆزییانەوە کە هەبوونی کۆپی زیادەی کرۆمۆسۆمی ٢١ هۆکاری سەرەکی کۆنیشانەی داونە، پاشان دوای دۆزینەوەی چەند تەکنیکێکی تازە لە بواری دەستنیشانکردنی نەخۆشییە بۆماوەییەکاندا دەرکەوت لەڕووی بۆماوەییەوە کۆنیشانەی داون بە سێ رێگەی سەرەکی روودەدات:
١-سێ کۆپی کرۆمۆسۆمی ژمارە ٢١ "نزیکەی ٩٥٪ لە کەیسەکان": ئەمە کاتێک روودەدات کۆپییەکانی کرۆمۆسۆمی ژمارە    ٢١بە دروستی لەکاتی دروستبوونی خانەی هێلکە، یان سپێرمدا جیانابێتەوە بە تەواوی و پێکەوە دەچنە یەک هێلکە، یان یەک سپێرم لە جیاتی ئەوەی هەر کۆپییەک بچێتە خانەیەک.


٢- ئاڵوگۆڕی کرۆمۆسۆم "نزیکەی ٣-٤ ٪ لە کەیسەکان": لەوجۆرەدا بەشێک، یان هەموو کرۆمۆسۆمی ٢١ دەچێتە سەر کرۆمۆسۆمێکی دیکە کە زۆرجار "١٤ یان ٢١"ە، ئەگەرچی ژمارەی گشتیی کرۆمۆسۆمەکان لە لەشی دایک، یان باوکدا ئاساییە، بەڵام کە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە ژمارەی کرۆمۆسۆمەکاندا، واتە لەمجۆرەدا رەنگە دایک، یان باوک بە هەڵگر دابنرێت.  


٣- مۆزایک (نزیکەی ١-٢٪ لە کەیسەکان): ئەمە کاتێک روودەدات لە دوای پیتاندنی هێلکە و سپێرم لەناو جۆگەلەی هێلکەدان گۆڕانکاری دروست دەبێت لە دابەشبوونی کۆرۆمۆسۆمەکانی کۆرپەلەدا. واتە هەندێک لە خانەکان ئاسایین و هەندێکیان کۆپیەکی زیادەی کرۆمۆسۆمی ٢١یان هەیە، زۆرجار نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەمجۆرەدا کەمتر توندن، لەبەرئەوەی هەندێک لە خانەکانی کەسەکە ئاسایین.

 

نیشانەکانی کۆنیشانەی داون
نیشانەکانی کۆنیشانەی داون بریتین لە کۆمەڵێک ناتەواوی جەستەیی و گەشە و دەروونیی کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن. 


نیشانە سەرەکییەکان بریتین لە: لاوازیی ماسولکەکان، باڵای کورت، گەشەی هێواشی جەستە، لاوازیی و مامناوەندی زیرەکی، کەمخەوی، دەم و چاوی پان، لوت و گوێی بچووک، ملی کورت، دەست و پێی بچووک و بوونی یەک هێڵ لەناو لەپی دەستدا.

 

جگە لەم نیشانانە کەسانی کۆنیشانەی داون مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک کێشەی دڵ، کێشەی بیستن و بینین، نەخۆشیی غودەی دەرەقی، لاوازیی سیستمی بەرگری، قەڵەوی و شێرپەنجەی خوێن. لەگەڵ ئەمانەشدا، هەندێک کێشەی دەروونی و رەفتارییش تێیاندا روودەدات، هەرچەندە زۆربەی توشبووان کۆمەڵێک تایبەتمەندی باشیان هەیە، وەک حەزکردن بە هاوڕێیەتی.


کێشە رەفتارییەکانی کەسانی کۆنیشانەی داون بریتین لە، گوێڕایەڵ نەبوون و کەسانی ئۆپۆزسیۆنین، هەروەها بەهۆی خاوی گەشەی مێشکیان زۆر درەنگ فێری قسەکردن و زمانێکی دیکە دەبن و چانسیان زۆر زیاترە بۆ زوو پیربوون و دەرکەوتنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر تێیاندا.


چەند هۆکارێک مەترسیی توشبوونی منداڵ بە کۆنیشانەی داون زیاد دەکات کە ئەمانەن:
* تەمەنی دایک زۆرترین کاریگەریی لەسەر توشبوونی منداڵ بە کۆنیشانەی داون هەیە بە تایبەتی دوای ٣٥ ساڵی، بۆ نموونە، مەترسییەکە لە تەمەنی ٢٠ ساڵی دایکدا نزیکەی یەک منداڵی داونە لە هەزارو ٥٠٠ منداڵدا، بەڵام لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا دەگاتە نزیکەی یەک منداڵی داون لە ٣٠ منداڵدا.
*بوونی منداڵێکی پێشوو بە کۆنیشانەی داون لە خێزاندا.
* ناهاوسەنگیی کرۆمۆسۆمی ١٤ و٢١  لە خانەی باوانەوە، هەروەها تەمەنی باوک "بە ئاستی کەمتر"کاریگەریی لەسەر دەرکەوتنی کۆنیشانەی داون لە منداڵدا هەیە. 


دەستنیشانکردن لەکاتی دووگیانیدا
دەتوانرێت کۆنیشانەی داون لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا لە رێگەی ئامێری سۆنەرەوە دەستنیشان بکرێت.
منداڵانی کۆنیشانەی داون لە سکی دایکیاندا بەم تایبەتمەندییانە دەناسرێنەوە: ئەستووری شلەی پشت مل، کورتی ئێسقانی قاچ و باڵ، بچووکی ئێسقانی لووت و ناتەواوی لە دڵدا. جگە لەمانە، کەم و زیادبوونی هەندێک لە پرۆتین و هۆرمۆنەکانی کۆرپەلە لەناو خوێنی دایکدا ئاماژە بۆ بوونی کۆنیشانەی داون دەکەن، بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر لە هەبوونی کۆنیشانەی داون لە منداڵێکدا کاتێک لە سکی دایکیدایە، دەتوانرێت پشکنین بۆ کرۆمۆسۆمەکانی منداڵ بکرێت لە رێگەی وەرگرتنی خوێنی دایک، یان وەرگرتنی خانە لە وێڵاشی کۆرپەلە لە هەفتەی ١٠-١٣ی دووگیانیدا، یاخود وەرگرتنی نموونەیەک لە شلەی دەوروبەری کۆرپەلەکە لە هەفتەی ١٥-٢٠ی دووگیانیدا. 


هەرچەندە کۆنیشانەی داون ناتوانرێت بەتەواوی رێگری لێبکرێت، بەڵام دەتوانرێت رێژەی روودانەکەی کەم بکرێتەوە بە هەوڵی خێزان و حکومەت بەوەی خێزانەکان دەبێت ئاگاداربن لە مەترسییەکانی تەمەنی دایک و دەتوانن راوێژ بە کەسانی شارەزا بکەن لە بواری بۆماوەزانیدا، حکومەت و سیستمی تەندروستی دەتوانن رۆڵی باشیان هەبێت لە رێگریکردن لە بوونی منداڵی داون بە جێبەجێکردنی بەرنامەی پشکنینی پێشوەختە بە نرخێکی گونجاو، فراوانکردنی خزمەتگوزاریی راوێژکاری بۆماوەیی، دەستپێکردنی کەمپینەکانی فێرکاری تەندروستی بۆ دایکان، راهێنانی کارمەندانی تەندروستی بە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ دۆزینەوەی نەخۆشییەکان.