پـــەیوەست بە ھەڵمەتی ھۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کوشتن بە بیانووی شەرەف

ژینا عەبدول ڕەحمان - ڕۆژنامەنووس

 

بــا ئەم جارە بــاسی ھەژموونی میدیای کوردی بکەین لەم پرسەدا، ئایا میدیای کوردی لە و چەن ساڵەی تەمەنی دا چی بۆ ژنان کردووە؟

ئەی ڕۆڵی ژن خۆی بۆ کرانەوەی کۆمەڵگە و بەگژداچونەوەی ئەو کۆت و بەندانەی لە سەر ژیانیاندا هەیە چی بووە ؟

من پێم وایە هەروەک چۆن پیاوان لە نێو میدیای کوردیدا نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی بابەتیانە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان بخەنە ڕوو، بە شێوەیەک کە بتوانێ پرەنسیپەکانی گۆڕانکاری لە عەقلیەت و ئەو جۆر بیرکردنەوانەدا بە دوای خۆیدا بەجێبێڵێ کە ئە و مەودا فراوانەی لە توندوتیژی دروست کردوە، بە ھەمان شێوە ژنان خۆشیان کەوتونەتە چوار چێوەو کاریگەری ئەوان.

 

ئەوەی میدیای کوردی لەماوەی ڕابردوو کردوێتی جگە لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵێک و ڕاچڵەکاندنی دڵی دایکێک و خورپە خستنە ناو جەستەی دەستە خوشکێک ھیچی تر نەبووە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە میدیای کوردی خۆی لە باسی ژن لادەدات و بەشێکی تریان لە ھەواڵی ژن کوشتندا دەڵێن لەسەر (کێشەی خێزانی )و(کێشەی کۆمەڵایەتی کوژراوە) بێ ئەوەی پێمان بڵێت و بزانین ئەو کێشانە چین کە خێزانین وکۆمەڵایەتین و کچان و دایکانی کورد لە نێو دەبات ! لە باتی وەک تاوان لە سەری بدوێت و هانی یاسای و پیاوانی ئایینی بدات، لە جیاتی ئەوەی بە گژ ئەو عەقلیەتەدا بچێتەوە، کەچی ئەم دەستەواژانە دەکاتە بەرگی داپۆشینی تاوانێکی گەورەو لە ناوبردنی ئینسانێک.

 

ئەگەر میدیای و میدیاکاران توندوتیژی و کوشتن بە بیانووی شەرەف نەکەنە ئەجێندای پرۆگرامەکانیان و ھۆشیاری لەسەرجەم لایەک بڵاو نەکەنەوە دڵنیام لەوەی ژیانی ژن و مێژووی ژن لە نێو میدیای کوردیدا خراپ بۆ ژنانی میدیاکار دەشکێتەوە.