ناچاریان بکەین پابەندی یاساکانمان بن

نەرمین عوخمان محەمەد- نووسەر

ئازادیی رادەربڕین لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە مافی رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان لە کۆکردنەوەی زانیاری و بڵاوکردنەوەیدا، هەروەها دەربڕینی دید و بۆچوونەکان و گواستنەوەی هەواڵەکانە بۆ جەماوەر، بەبێ هیچ چاودێرییەکی پێشوو یاخود خۆ هەڵقورتاندنێکی زۆرەملێی دەسەڵات و بە پابەندبوون بە لێپرسراوێتیی پیشەیی و رێزگرتن لە مافەکانی کەسانی دیکە.

 

ئازادیی رادەبڕین، بریتییە لە گەرەنتیکردنی کەشی رۆژنامەگەریی لە جێبەجێکردنی رۆڵی چاودێریکردن و رۆشنفیکری خۆیدا، بە ئازادی و سەربەخۆیی بە جۆرێک خزمەتی کۆمەڵگە بکات لە رووی زانست و زانینەوە. ئەم پێناسەیەش لە ناوەڕۆکدا بە پشتبەستن بە ماددەی ١٩ لە جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨داڕێژراوە و پێویستە هەموو دەزگایەکی میدیایی و هەموو رۆژنامەنووسێک بیزانێت و پابەندبێت پێوەی و پیادەی بکات. ئەوەی ئەمجارە لە گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەکانی رۆژئاوادا بینیمان، لەلایەن هەندێک لە کەناڵە عەرەبییەکانەوە، بەتەواوی پێچەوانەی ئەم یاسا و رێسایانە بوو، زیادەڕۆیی و بەزاندنی ئیتیکی رۆژنامەگەری تێدا کرابوو، بە جۆرێک هەموو زمانزانێک هەر لە یەکەم چرکەی گواستنەوەی هەر هەواڵ و رووداوێکەوە، هەستی بەبیری رەگەزپەرستی و توندڕەویی پشت بابەتەکان دەکرد و بوونە هاندەر بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حکومەتی نوێی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "هەسەدە". 


هەندێک لەو کەناڵانە، بە بیری شۆڤینییەوە، پەلاماری نەتەوەی کوردیان دەدا و بوختانیان بۆ هەڵدەبەست، بە جۆرێک هەندێک هەژمار و پێگەی کوردی، وەک پەرچەکردارێک بۆ دەربڕینی تووڕەیی و سەغڵەتبوونی خۆیان، بە چەندین شێوازی نەشیاو و ناشایستە، وێنەی ئەو بێژەر و کەناڵانەیان دەکێشا، دواجار و بەهۆی بەردەوامبوونی ئەم کەناڵانەوە لە رەوتی چەوت و ئاژاوەگێڕیدا، وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکرد و بە رەسمی ناوی هەندێک کەناڵی هێنا و ئاگاداریکردنەوە لە گۆڕین و وەستاندنی ناوەڕۆکی کەناڵەکانیان سەبارەت بە دۆزی کورد و دۆخی کوردیش لە رۆژئاوا، بە تایبەتی و بە وردی بۆ ئەو کەناڵانەی روونکردەوە شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و شیکارییە سیاسییەکانیان بووەتە مایەی پشێوی و نا ئارامیی کۆمەڵگەی کوردی و برەوی زۆری بە جەنگەکەی رۆژئاوا داوە.


 ئێستا کە رێککەوتننامەی نێوان لایەنەکانی رۆژئاوا کراوە و جەنگ کۆتاییهاتووە، دەشێت بە وردی و لەسەرخۆ بە لیستی رێگەپێدان و چالاکیی کۆن و نوێی گشت کەناڵە میدیاییە عەرەبییەکانی ناو کوردستاندا  بچینەوە و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوون و چالاکییەکانیان بکەین وبیانخەینە ژێر چاودێریی وردەوە.


رێگە نەدەین بەو کەناڵانەی میوانی رێزلێگراوی ئێمەی کوردن لە هەرێمدا، بەڵام لە بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەکانماندا، گێرەشێوێنی دەکەن و لە خاکی خۆماندا هێرش دەکەنە سەرمان و میدیاکانیان دەبێتە جۆرێکی دیکەی چەکی ژەهراوی بۆ لەناوبردنمان و نانەوەی فیتنە.


دەکرێت رێکاری هەندێک سزای یاسایی وەک غەرامەکردن و تەنانەت داخستنی نووسینگەی هەندێک لەو کەناڵانە بگرینەبەر، چونکە ناکرێت ئێمە وێڕای بەرخودان و قوربانییەکانمان کە مێژوویەکی پڕشکۆیان بۆ دروست کردووین، لە بۆنە و جەنگە نەتەوەییەکانماندا، بێویژدانانە پەلامار بدرێین.


پێویستە ئەمە بە جددی کاری لەسەر بکرێت و رێکاری یاساییان بۆ دابنرێت، ئەگەرنا رێگەدان پێیان کە بەردەوام بن، ئازادانە نێوماڵی کورد بشێوێنن، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان و ئەوکات هەقی گلەییمان لێیان نابێت.