لە بارەی پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالانەوە
بێریڤان محەمەد - ڕۆژنامەنووس

بەرێز ئۆجالان پەیامێکی مێژوویی بڵاوکردەوە، بەمەش دەستپێشخەرییەکی دیکەی بۆ قۆناغێکی نوێ لەسەر بناغەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە کرد.
بەگوێرەی کاردانەوە خێراکان کە بەدی دەکرێت، تێگەشتن لەو پەیامە مێژوییە هێندە ئاسان نییە، بەتایبەت لە کاتێکدا شەڕێکی تایبەت لەلایەک، لەلایەن نەیارانی ئەو تەڤگەرەوە بەرێوە دەچێت و لەلایەکی تریش بەهۆی تێنەگەشتن لە تێگەیشتنەکانی بەرێز ئۆجەلان، کەبەداخەوە تا ئێستا لەناو زۆرینەدا بەرێز ئۆجەلان وەک ڕێبەرێک یان بیرمەندێک ناناسرێت و بەرەوپێشچوونەکان و هێزی ئەو تەڤگەرەیان لەسەر ئاستی جیهانی درک پێ نەکردبێت و مێژووی تەڤگەری پەکەکەی بەباشی دیراسە نەکردووە.
ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری بۆ قۆناغێکی نوێ کرد دڵنیاییدا و بەرپرسیارێتی قۆناغەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
بزوتنەوەی پەکەکە کە ڕێبەر ئاپۆ ئافراندوویەتی، هەمیشە بەگوێرەی قۆناغەکان هەنگاوی گەورەی ناوە لەکوێدا سیاسەت پێویست بێت یان هێزی سەربازی یان دیبلۆماسی دەستپێشخەری پێویستی بۆ کردووە، بێ ترس ئەنجامی داون و سەرکەوتنی مەزنی لێ بەرهەم هێناون.
ئەوەی کە ئێستا دەستی پێکردووە قۆناغێکی نوێیە، یان باشترە بوترێت قەلەمبازێکی نوێیە، هەر وەک چۆن لە پاش هەشتاکان قەڵەمبازی ١٥ـی ئاب پێویستی بوو و سەرکەوتنی مەزنی هێنا و ژیانەوەی بۆ گەلی کورد خوڵقاند، لەم قۆناغە نوێیەشدا کە لە سایەی ئەو تێکۆشانەدا بەدەست هاتووە، کورد لە بەهێزبوونەوە ئەم هەنگاوەی ناوە و دەوڵەتی تورکی ناچار کرد دان بە پرسی کوردا بنێت و بێتەسەر مێزی گفتوگۆ، پرسی کورد بووەتە پرسێکی جیهانی، کورد خاوەن پرۆژەی چارەسەرییە، خاوەن مەزنترین هێزی ڕێکخستنی جیهانییە و ڕێبەرایەتییەکەی بووەتە ڕێبەرایەتییەکی جیهانی و دونیا باس لە پێویستی چارەسەری پرسەکەی دەکاتەوە، بە گوێرەی مەزنبوونی ئەم شۆڕشە، پێویستە وەرچەرخانی مەزن لەناو خۆیدا بکات .
دەستپێشخەرییەکەی رێبەر ئاپۆ فرە ڕەهەندە، ئاراستەی دەوڵەتی تورک و بزووتنەوەی گەلی کوردە، بۆ هەردوو لاش شەرت و مەرجی هەیە لەلایەک ڕەخساندنی زەمینەی سیاسیی و دیموکراسییە کە دەڵێت تەنها چارەسەرە، لەلایەکی تریش داواکەی لە بزووتنەوەی ئازادییە بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان و گۆرینی شێوازی تێکۆشانەکەیەتی.
ئەمەش دەرفەتی گرنگی نوێ دێنێتە ئاراوە لەم زەمینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی تێدایە، دەستی ڕێبەر ئاپۆ وەک مەرجەعییەتی پرسی گەلی کورد فراوانتر دەکات، بیانوویەک بۆ مانەوەی کورد لە لیستی تیرۆر نامێنێت و دیبلۆماسییەتی کورد بەتایبەت بزووتنەوەی ئازادیی کورد چەندین قات فراوانتر دەبێت، زەمینەی سیاسیی و یاسایی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەڕەخسێنێت.
لەلایەکی تر پرۆژەی سیستەمی خۆبەرێوەبەری دیموکراسی کە ساڵانێکە ڕێبەر ئۆجەلان پێشکەشی کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان کاری پێ دەکرێت زەمینەی پێشکەوتنی زیاتر دەبێت، بەمەش عەقڵی نەتەوەپەرستی و فاشیزم بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات، هێزی شەڕ و کاولکاری لەناو دەبات، زەمینەی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئازادانە بەهێز دەکات.