ژنان لە گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
زولفان غەریب- نووسەر

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆبۆگرافی و جیۆپۆلەتیكی زۆر گرنگ و ستراتیژیی هەیە، هەمیشە ئەم ناوچەیە بە بڕیاری وڵاتانی رۆژئاوا دابەشكراوە و چەقی ململانێ بووە و جەنگ و داگیركاری وەكو میرات بۆ ماوەتەوە. ئەمەش رەنگدانەوەی راستەوخۆی بۆ دۆخی ژنان بەگشتی هەبووە، لە وڵاتانی ئەو ناوچەیەدا بەردەوام لەوێدا قوربانییەكان و سەختیی ژیان بۆ ژنان بە میراتی ماوەتەوە. بەگشتی ژنان رووبەڕووی ئاڵنگاری و توندوتیژیی بوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەگبەی مێژووی ژنان پڕێتی لە بوێری و چاونەترسی و تێكۆشان و قوربانیدان، ژن و شۆڕش پەیوەندییەكی قووڵی دێرینیان پێكەوە هەیە، لە دێرزەمانەوە لەپێش زانین تا ئێستا سەدان ژن سەركردایەتی شۆڕش و راپەرین و یاخیبوونیان كردووە.
ژن لە شۆڕشەكاندا
بوونی ژن لە شۆڕشەكاندا سەرچاوەیەكی بەهێزبووە بۆ شۆڕشەكان، هەمیشە ژنە شۆڕشگێڕەكان خەونیان بە ئازادییەوە بینیوە بۆ ئەو ئازادییەش گیانی خۆیان بەخشیوە، چونكە باوەڕیان وابووە كە ئازادی نادرێت، بەڵكو دەسەندرێت و هەوڵیانداوە بە شۆڕشی ئاشتیانە ماف و خواستەكانیان بەدەستبهێنن، بۆ ئەمەش سەركردەی مێژووییان لێ دروستبووە كە سەركردایەتی شۆڕشی گرنگی وڵاتانی خۆیان كردووە.
لە پڕۆسەی پێشكەوتنیشدا ژنان هاوكاربوون بۆ گۆڕانكارییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگە زیاد دەكەن، لەگەڵ رەوشی نوێ پێكەوە ژیانی ئاشتییانە دروست دەكەن و دەبنە بناغەی كۆمەڵگەیەكی بەهێز.
ئەوەی لەئێستادا دەگوزەرێت لە رۆژهەڵاتی ناویاندا لە جەنگ و داڕوخانی ئابووریی و ململانێ سیاسییەكان، گۆڕانكاری لە نەخشەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێ شك ژنان رووبەڕووی قوربانی و نەهامەتی و لەدەستدانی خۆشەویستانیان دەبنەوە، بەڵام دەكرێت بزووتنەوەی ژنان و رێكخراوەكانی ژنان رۆڵی گرنگیان هەبێت لە داواكاری و بەشداریكردن لە حوكمڕانی نوێدا لە ناوچەكە و بەشداربن لە دەسەڵات و شوێنی بڕیار و قۆناغەكانی داواكاری تێپەڕێنن و كارەكتەری سەرەکی بن لە دەوڵەتە ئیسلامی و علمانییەكان، بەگوێرەی گۆڕانكارییەكان بەشداری بكەن و رۆڵ و پێگەی خۆیان بگوازنەوە بۆ قۆناغێكی باڵاتر.